گوندی كۆجۆ دەكرێتە شوێنەوار



میترۆ، كه‌ركوك ناو 
نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، دەستپێشخەرییەكی بۆ دروستكردنی گوندێكی نوێ بە دوری 4كم لە گوندی كۆجۆ راگەیاند، ئەوەش لەپێناو ئەوەی شوێنەواری هێرشی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە گوندی كۆجۆ وەكو خۆی بمێنێتەوە.

ئەو دەستپێشخەرییەی نادییە موراد، چالاكوانی ئێزیدی، لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی دێت بۆ كۆمەڵگەی ئێزیدی، ئەوەش بە هاوكاریی دارایی حكومەتی عیراق جێبەجێدەكرێت و بەسەرپەرشتی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)، وەك سەڵاح حەسەن، نوێنەری نادیە موراد جەختیلێكردەوە.

سەلاح حەسەن، وتی "پڕۆژەكە بریتییە لە دروستکردنی گوندێکی نوێ بە دوری 4کێلومەتر لە باکوری گوندی کۆجۆ... لە قۆناغی یەکەمدا 150 خانوو دروستدەکرێت، لەگەڵ خوێندنگە، نەخۆشخانە، ژمارەیەک باخچە و شەقام لە ناو گوندەكە".

لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی دوای قۆناغی یەكەم، ژمارەیەك خانوی تریش دروستدەكرێت، بەڵام ژمارەكەی لە ئیستادا دیار نییە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رون نییە چەند خێزان ئامادەییان تیایە بگەڕێنەوە كۆجۆ، بەپێی وتەی سەلاح.

دانیشتوانی ئێزیدی لە گوندی كۆجۆ، لە قەزای شنگال، پشكی شێری كردەوەکانی چەكدارانی داعشیان بەركەوت و روبەڕوی رفاندن و كوشتنی بە كۆمەڵ بونەوە لە ئابی 2014دا، بە جۆرێك زۆرینەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی داعش خەڵكی ئەم گوندە بون. ئەم دەستپێشخەرییەش بەشێكە لە قەرەبوكردنەوەی لانیكەمی ئەو زیانەی بەریان كەوتووە.


سەلاح حەسەن لەبارەی مەرج و چۆنیەتی دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبون، وتی "دەبێت خەڵکی کۆجۆ بێت، ئامادەیی نیشانبدات بگەڕێتەوە و لە گوندە نوێیەكە بژیت".

وتیشی "ماوەی پڕۆژەکە دوو ساڵە و بڕیاروایە لە کۆتایی 2023 خانوەکان و تەواوی خزمەتگۆزارییەکانی تر تەواوبن".

بەپێی ئاماری موختاری گوندی كۆجۆ، بەر لە هێرشی داعش 196 خانوو لە گوندی كۆجۆ هەبون، بەڵام زۆرینەیان روبەڕوی روخان و لەناوچون بونەتەوە، هەروەها خزمەتگوزارییەكانی گوندەكە لەناوچون، ئەوەش وەك سەلاح حەسەن، نوێنەری نادیە موراد دەڵێت هۆكار بووە بۆ ئەوەی دانیشتوانەكەی بۆ گوندەكە نەگەڕێنەوە.

ئەو دەستپێشخەرییەی نادیە موراد، دوای گفتوگۆ بووە لەگەڵ خەڵكی گوندەكە، كە زۆرینەیان ئامادەنەبون بەبێ خزمەتگوزاریی و نۆژەنكردنەوەی خانووەكانیان بگەڕێنەوە بۆ كۆجۆ.

مەروان جدعان، موختاری ئاوارەکانی کۆجۆ لە کەمپی روانگە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "نوێنەری نادیە موراد بۆ ئەو دەستپێشخەرییە سەردانی كردوین، ئاوارەكانی كۆجۆ رەزامەندی خۆیان بۆ ئەو كارە نیشانداوە،... پڕۆژەیەکی زۆر باشە، بەڵام لە هەموو گرنگتر تەواوکردنی پڕۆژەکەیە لەکاتێکی نزیکدا، چونکە خەڵکەکە زۆر بێزاربون لە ژیانی كەمپ".

"ئەگەر خانوەکان تەواوبکرێن و خزمەتگوزاری وەك ئاو، کارەبا، خوێندنگە و نەخۆشخانە تەواوکران، بێگومان خەڵکی کۆجۆ دەگەڕێنەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەش پێویستە لەڕوی ئەمنیشەوە گوندەکە و دەوروبەری سەقامگیربێت و گرەنتی ژیانیان بکرێت"، مەروان جدعان وای وت.

بەر لە هێرشی داعش، هەزار و 744 كەس لە گوندی كۆجۆ دەژیان و 225 خێزان بون، بەڵام بەوتەی مەروان لانیەم 80 خێزان بۆ دەرەوەی عیراق كۆچیان كردووە.

ئەو وتی "150 خانوو بەشی ئێمە ناکەن، داوامانکردووە 250 خانوو دروستبکرێن، چونکە دوای زیاتر لە شەش ساڵ ژمارەی خێزانەكان زیادبون".

 



PM:03:38:08/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌