دەستەی ژینگە: رۆژانە لە هەرێمی کوردستاندا 7 ملیۆن لیتر بەنزین و گازوایل دەسووتێندرێن




میترۆ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستاندا 192 پاڵاوگەی سووتەمەنی هەن کە زۆرینەیان لە بازاڕی رەشدا ماددەکانیان پەیدا دەکەن و دەشڵێت "رۆژانە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین و گازوایل دەستووتێندرێن".
 
ئەحمەد محەممەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند "بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە نزیکەی 7 ملیۆن لیتر بەنزین و گازوایل دەسووتێندرێن. ئەوەش هۆکارە کە گازە ژەهراوییەکان تێکەڵی هەوا ببن. ژمارەیەکی زۆر کارگەش پابەند نەبوون کە فیلتەر بۆ گازە ژەهراوییەکانیان دابنێن".
 
لە هەرێمی کوردستان پاڵاوگەکانی سووتەمەنی بەشێکیان لەنزیک شارەکانن، کە بەهۆی کارکردنیانەوە گازی ژەهراوی دەکەنە هەواوە و زیان بە ژینگە دەگەیێنن.
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی "192 پاڵاوگەمان هەن، بەشێکیان یاسایی نین. زۆرینەشیان ماددەکانیان لە بازاڕی رەشدا پەیدا دەکەن. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020ـدا بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئێمە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و چەند شوێنێکی دیکە لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆئەوەی وابکەین ئەو نەوت و گازوایلەی لە پاڵاوگەکاندا دەپاڵێورێن، لە ستاندارد نزیک بکەینەوە".
 
لە چەند رۆژی رابردوودا گڕکانێک لە دوورگەی سیسیلیی ئیتاڵیا تەقییەوە کە پەڵە هەورێکی گازی بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوکردەوە و ئەو پەڵە هەورە گەیشتە بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشێک لە چاودێران هۆشداریی ئەوەیان دەدا کە ئەو پەڵە هەورە گازییە دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر کەشوهەوا دەبێت.
 
ئەحمەد محەممەد ئەوەی خستەڕوو "بابەتی کاریگەریی گڕکانەکەی ئیتاڵیا لەسەر هەرێمی کوردستان زیاد لە پێویست گەورە کرا، ئەگەرنا بەو شێوە نییە. ئەو شەپۆلی گڕکانە زۆر لە ئاستێکی بەرزی هەوادا هات و خەڵک هەر هەستی پێ نەکرد".
 
لە چەند ساڵی رابردوودا قوڕقوشم لە هەوای کوردستاندا بە رێژەیەکی ترسناک زیادیکردووە؛ ئەمەش بۆ ئەو قوڕقوشمە دەگەڕێتەوە کە لە بەنزیندا بەکاردەهێنرێت، لەکاتێکدا لەسەر ئاستی جیهان قەدەخە کراوە. بەشێکی پاڵاوگەکانیش پەنا بۆ بەکارهێنانی دەبەن و زیانی تەندروستیی هەیە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا هەر سێ جۆری بەنزینی سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان هەن، نرخیشیان لە بەنزینخانەیەک بۆ بەنزینخانەیەکی دیکە جیاوازە، ئۆکتانەکانیشیان لەنێوان 87 بۆ 95ـە.
 
بەنزینا، بەنزۆڵ، ئیسانۆڵ، نەفتاو و رەساس، میپیل سێرد- بیوتیل ئەپیر (MTBE)، کە بەناوی پاککەرەوە دێن، بەشێکی بازرگانان تێکەڵی بەنزین و ماددەکانی دیکەی دەکەن، بۆئەوەی ئۆکتان و کوالێتیی بەنزینی پێ بەرزبکرێتەوە.
 
تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی، لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت؛ هەردوو پێکهاتەی قوڕقوشم و بەنزینا لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی ئۆکتانی بەنزین بەکاردێن و زیانی تەندروستییان هەیە.
 
قوڕقوشم؛ دەبێتەهۆی مردن، کەمخوێنی، کێشەی گەشە لە منداڵان، زیانگەیاندن بە کۆئەندامی دەمار، بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن، زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
 
هەرچی بەنزینایە، هۆکارێکە بۆ شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی گوشاری خوێن و خوێنبەرەکان، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، کێشەکانی منداڵبوون و کێشەی کۆئەندامی بەرگری.
 
بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، نابێت رێژەی بەنزینا لە 0.62 زیاتر بێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان رێژەکە لەوە زیاترە.
 


PM:03:46:08/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌