سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیی لە بریندارانی رووداوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن ئه‌لخه‌تیبی بەغدا دەردەبڕێت و داوا دەکات هۆكاره‌كانی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه ئاشكرا بکرێن و "لێپێچینه‌وه له هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك" بكرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "رووداوی به‌ئازار و دڵته‌زێنی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو له نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن ئه‌لخه‌تیبی تایبه‌ت به نه‌خۆشه‌كانی كۆرۆنا له به‌غدا كه تیایدا ده‌یان كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و بریندار بوون، هه‌موومانی هه‌ژاند".
نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی بریندارانی رووداوەکە دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت: "هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كی پێویسته و نه‌خۆشخانه‌كانی به ته‌واوی ئاماده‌ن بۆ پێشوازیكردن له بریندارانی رووداوه‌كه و پێشكه‌شكردنی هه‌موو چاودێرییه‌كی پزیشكیی پێویست".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمییەکان دەکات و رایدەگەیێنێت: "لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بێ هۆكاره‌كانی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه ئاشكرا بكه‌ن و لێپێچینه‌وه له هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كدا بكرێت و له هه‌موو شوێنێك ئه‌وپه‌ڕی رێكاره‌كانی سه‌لامه‌تی بگیرێنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه رووداوی وا دڵته‌زێن له هیچ شوێنێكی وڵات دووباره نه‌بنه‌وه".
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا پرسه و سه‌ره‌خۆشیی "قووڵ"ی ئاراسته‌ی خانه‌واده و كه‌سوكاری قوربانیان و ته‌واوی گه‌لی عێراق ده‌كات و رایدەگەیێنێت "هاوسۆز و هاوبه‌شی خه‌م و په‌ژاره‌یانم. له خوای مه‌زن داواكارم گیانیان به به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و شیفای به‌په‌له بۆ برینداران بنێرێت".
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی پزیشکیی لە بەغدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی کۆرۆنا لە باشووری بەغدا گیانیان لەدەستدا، بۆ 27 کەس بەرزبووەوە، دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی بڵاویانکردەوە، بۆری گەیاندنی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە نزیک بەرزە پردی دیالە لە باشووری بەغدا تەقیوەتەوە.
هەر ئەو سەرچاوانە هۆکاری ئەو هەموو قوربانییە دەگەڕێننەوە بۆ کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و دەڵێن، سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی نێو نەخۆشخانەکە کاری خۆی نەکردووە تاوەکو تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوون.
سەرچاوەکان لەنێو بەرگریی شارستانی بەغدا بڵاویانکردووەتەوە، یەکەکانیان توانیویانە زیاتر لە 20 تیمی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی نەخۆشخانەکە بکەن، لە 120 نەخۆش 90 نەخۆشیان لە ئاگرەکە پاراستووە.
بەشێک لە قوربانییەکان کە خۆیان ئۆکسجینی دەستکردیان بەستووە، لەکاتی گواستنەوەیان و بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئاگرەکە هێندە گەورە بوو زیاتر لە 20 تیمی ئاگرکوژێنەوە بەشداربوون لە کوژاندنەوەی."
لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەوە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رووداوی لەو شێوە بەڵگەیە لەسەر بوونی کەموکورتی بۆیە داوا دەکەین بەپەلە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی دەگەین بەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.
-Rudaw