ڤۆن دێر لاین: لەبەرئەوەی ژنم بۆیە لە تورکیا بەوجۆرە مامەڵەم لەگەڵ کرا




ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جارێکی دیکە باسی رووداوی کورسییەکەی ئەنقەرەی کرد و گوتی "لەبەرئەوەی من ژنم بۆیە بەو جۆرە لە تورکیا مامەڵەم لەگەڵ کرا."
 
ڤۆن دێرلاین لەگەڵ چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا رۆژی 6ـی نیسان لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەرۆدغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە، بەڵام کاتێک چوونە ژووری کۆبوونەوە، دەرکەوت هیچ کورسییەک بۆ ئورسولا ڤۆن دێرلاین دانەنراوە و تەنیا دوو کورسی لەوێ هەبوون، کە میشێل و ئەردۆغان لەسەریان دانیشتن و ئۆرسولاش دوای هەڵوەستەیەکی کورت بە ناچاری لەسەر قەنەفەکانی ئەوێ دانیشت.
 
دوای زیاتر لە 20 رۆژ لەو رووداوە، ڤۆن دێرلاین لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی دووشەممە، جارێکی دیکە باسی ئەو رووداوەی کرد.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت: "من یەکەم ژنم پۆستی سەرۆکی کۆمیسیۆن وەربگرم، بەڵام لە تورکیا وەک سەرۆکی کۆمیسیۆن مامەڵەم لەگەڵ نەکرا، ئەمەش هیچ پاساوێکی نییە". دەشڵێت، لەو کاتەدا رووداوەکە زۆر کاری لێکردووە و هەستیکردووە بەتەنیایە، بابەتەکەش وەها لێکدەداتەوە کە پەیوەندی بە ژنبوونی ئەوەوە هەیە، نەک بابەتی پرۆتۆکۆل.
 
هەر سەبارەت بەو رووداوە چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا کە لەوکاتەدا بەبێ گوێدانە ڤۆن دێرلاین لەسەر یەکێک لە کورسییەکان لەتەنیشت ئەردۆغان دانیشت، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەویش رووداوەکەی پێناخۆش بووە و داوای لێبوردنیشی لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کردووە، بەڵام ئەو هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، چونکە لە ئەنقەرە رێگەیان پێنەدراوە تیمی پرۆتۆکۆڵی ئەوروپا پێشوەختە سەردانی شوێنی کۆبوونەوەکە بکەن. 
 
میشێل دەشڵێت، بۆیە لەوکاتەدا هیچ کاردانەوەیەکی نەنواندووە، چونکە نەیویستووە ئەو رووداوە ببێتەهۆی تێکچوونی گفتوگۆ و دانوستاندنە سیاسییەکان لەگەڵ تورکیا و گرژیی سیاسی نوێ دروست ببێت کە ببێتە هۆی تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان. 
 
گوتەکانی ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا
 
"من یەکەمین ژنم ببمە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، من سەرۆکی کۆمیسیۆنم، ئەوەشی چاوەڕێم دەکرد ئەوە بوو لە تورکیا بەو سیفەتە مامەڵەم لەگەڵ بکرێت، واتە وەک سەرۆکی کۆمیسیۆن، بەڵام وا نەبوو. من هیچ بیانوویەک بۆ ئەمە نابینم بۆ ئەو جۆرە مامەڵەیەی لەگەڵمدا کرا. دەتوانم بگەمە ئەو بڕوایەی لەبەرئەوەی من ژنم بۆیە ئەوە روویدا. ئایا ئەگەر منیش قاتێکم لەبەربوایە و بۆینباخێکم ببەستایە، ئەوە روویدەدا؟ لە کۆبوونەوەکانی دیکەدا من کێشەی کورسیم نەبینیوە رووبدات، بەڵام لەو وێنانەی پێشوودا هیچ ژنێک لەوێ نەبووە."
 
پێشتر چارلس میشێل رووداوەکەی بە "خەجاڵەتهێنەر" ناوبردبوو و بە رۆژنامەی Handelsblattـی ئەڵمانی گوتووە، "ئەوە نهێنی نییە کە لەو کاتەوە شەوان باش خەوم لێناکەوێت، لەبەر ئەوەی دیمەنەکان لە مێشکمدا دووبارە دەبنەوە"، ئەوەشی گوتووە، ئەگەر رێگەیەک هەبووایە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و ئەو دۆخە چاک بکاتەوە، ئەوە دەیکرد. 

-Rudaw



PM:01:17:27/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌