ماڵئاوایی ژنە تێكۆشەرێك شەرمین بەر لە بەخاكسپاردنی، سەردانی پەیكەری چوار براكەی كرد





شەرمین مەلا شوكر رۆژبەیانی، لە تەمەنی 70 ساڵیدا لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد، ئەو خاتونەی كەركوك بەشێكی ژیانی لە زیندانەكانی حزبی بەعس بەسەربرد، لە سێ كاتی جیاواز خراوەتە زیندان و چوار براشی لەیەك رۆژدا لە سێدارەدران.

شەرمین كە ناوی راستەقینەی گەلاوێژ بوو، لە ساڵی 1951 لە گەڕەكی شۆریجە لە كەركوك لەدایكبووە، بەهۆی باوكییەوە كە كەسایەتی تێكۆشەر بووە دژ بە حزبی بەعس، لەڕێی ریزەكانی حزبی شیوعییەوە دژایەتی نادادییەكانی بەعسی كردووە، هەر ئەوەش وایكردووە ئەو خێزانە لەو پێناوەدا قوربانی زۆر بدەن.

پێنجشەممە 22ی نیسان، كەسوكار و هاوڕێیانی لە حزبی شیوعی كوردستان تەرمی ناوبراویان لەسەر وەسیەتی خۆی بۆ كەركوك گەڕاندەوە، بەر لە بەخاكسپاردنیشی تەرمەكەیان بردە لای پەیكەری هەرچوار براكەی كە لەسەردەمی بەعسدا لەیەك رۆژدا لە سێدرادراون و بەبێ ئەوەی تەرمەكانیان رادەستی كەسوكارییان بكرێتەوە.

ئارا مەلا شوکور، خوشكی شەرمین، لەكاتی بەخاكسپاردنیدا بۆ (كەركوك ناو) وتی "ئەو قوربانی زۆریداوە بۆ شۆڕش، لەشار بەشێوەی نهێنی كاری كردووە، كاتێك حزبی بەعس پێی زانیوە لە ساڵی 1980 بۆ چەند رۆژێكی خراوەتە زیندانەوە... ئەو خوشكی گەورەی ئێمە بوو، قوربانی زۆری بۆ خێزانەكەمان داوە".

لە ساڵى 1981 شەرمین جارێكی تر لەلایەن حزبی بەعسەوە دەستگیردەكرێت، سەرەتا لە ئەمنی كەرامە، دواتر لە زیندانی فزوڵییەی بەغدا، دوای ماوەیەكیش دەبرێتە زیندانی مسەیبە لە نزیك سنوری سعودییە، ئەو ساڵێك و شەش مانگ لەزینداندا دەبێت".

prsa-1
كەركوك/22ی نیسانی 2021/ ساتی بەخاكسپاردنی تەرمی شەرمین رۆژبەیانی. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لە ساڵی 1985 چوار برای شەرمین (جەمیل، سالار، ئازاد و نەوزاد) لەیەك رۆژدا لە سێدارەدەدرێن، ئەوە گەورەترین كۆسپی ئەو بنەماڵەیە بوو.

دوای ساڵێك لەو روداوە شەرمین لە هەولێر نیشتەجێ دەبێت، بەڵام لەوێش روبەڕوی گێچەڵی پیاوانی بەعس دەبێتەوە و جارێكی تر دەخرێتە زیندانەوە و دواتر ئازاد دەكرێتەوە.

پەروین مەلا شوکور، خوشكێكی تری شەرمین، وتی "شەرمین ماوەى چەند ساڵێک بوو توشى نەخۆشى شێرپەنجە بوو بوو، لەسەر جێگا بوو، سێ مانگ بەر لە ئێستاش جەڵتە لێیدا".

شەرمین ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە بەڵام منداڵی نییە.

"بەردەوام چاوی لە هەژاران بوو، موچەی زیندانیانی سیاسی بە خێزانێكی هەژار دەبەخشی كە سێ منداڵیان هەبوو و دایك و باوكیان نەخۆش بون"، پەروین زیاتر وتی "زیندان بۆ خێزانی ئێمە بوو بە بەشێكی ژیانمان، باوكم 24 جار زیندانی كراوە".

شوكور رۆژبەیانی بۆ ئەوەی كچەكانی لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەكانی حزبی بەعسەوە نەناسرێنەوە، ناوەكانیانی لە گەلاوێژ، خەرامان، ئاسکە و مەدیحەوە بۆ شەرمین، پەروین، ئارا و تارا گۆڕی.

sarmenn

كەركوك/22ی نیسانی 2021/ تەرمی شەرمین رۆژبەانی لەبەردەم پەیكەری چوار برا لە سێدارەدراوەكەی. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ساڵی 1991 ماڵی شەرمین لە هەولێرەوە دەچێتە سلێمانی، بەڵام پەروینی خوشكی وتی "دڵی هەر لای كەركوك بوو، دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعس بەردەوام سەردانی پەیكەری چوار براكەی دەكرد و پاكیدەكردنەوە، ئەو پەیكەرە لەبری گۆڕی براكانمانە".

"خۆی وەسیەتی كرد تەرمەكەی بهێنینەوە بۆ كەركوك و لە گۆڕستانی شۆریجە بینێژن، بۆ ئەوەی لانیكەم ئاگای لە پەیكەری براكانی بێت، وەك چۆن كە منداڵبون ئاگای لێیان بوو"، پەروین وای وت. هەر بۆ ئەو مەبەستە بەر لە بەخاكسپاردنی برایە بەردەم پەیكەری براكانی.

عیمام محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی حزبی شیوعی كوردستان، لەپارەی شەرمینەوە وتی "رۆڵی گەورەى هەبووە لە کۆمەڵەى ئافرەتانی حزبمان، ئەو بۆ تەنیا رۆژێكیش لەكاری حزبی دانەبڕا، ماڵەکەی پەناگە بوو بۆ ژنانی لێقەوماو".

-kirkuknow


PM:02:05:27/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌