به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ئۆفیسی ھه‌ولێری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاشكرای كرد، كۆمسیۆنی باڵای عێراق به پلانێكی سیاسی منیان به ھه‌ندێك شت تۆمه‌تبار كرد تا ده‌رم بكه‌ن، من سه‌لماندم كه ئه‌و شتانه ڕاست نین و داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م كرد، ئه‌وانیش یه‌كسه‌ر ڕازی بوون.
عه‌بدولڕه‌زاق موشیر به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له هه‌ولێر، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌ھۆی دروستبوونی ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی عێراق، داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م له پۆسته‌كه‌م كرد و داواكه‌میان قبووڵ كرد، ئه‌وان ھه‌زار و 573 فایلی كراوه‌یان داخلی سێرڤه‌ر نه‌كردبوو و منیان پێ تۆمه‌تبار كرد.
ڕوونی كرده‌وه، من رۆیشتم بۆ به‌غدا و بۆیانم سه‌لماند كه ئه‌وان ئه‌و ھه‌ڵه‌یه‌یان كردووه كه ھه‌مووی 70 ھه‌زار ده‌نگده‌ر بوون، به‌زۆر ڕازیمان كردن تا داخلیان بكه‌ن، بۆیه ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ دروست بوو، منیش ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه و ئه‌وانیش ڕازی بوون.
به‌پێی قسه‌ی عه‌بدولڕه‌زاق موشیر، ئه‌و 70 ھه‌زار كه‌سه ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌بووایه، بۆ كارتی ده‌نگدان كێشه‌یان بۆ دروست ده‌بوو.
لیژنه‌یه‌ك له كۆمسیۆن ھاتووه‌ته ھه‌ولێر و باسیان له‌وه كردووه كه رێژه‌ی تۆماركردن كه‌مه، ئه‌مانیش پێیان گوتوون ھیچ پارێزگایه‌ك به‌و رێژه‌یه‌ی هه‌ولێر ناوی تۆمار نه‌كردووه، به‌و ناوانه‌ی به‌مدواییانه داخل كران، رێژه‌ی خۆتۆماركردن گه‌یشته 70%، بۆیه ھه‌ولێر له ھه‌رێمی كوردستان له ڕووی تۆماركردن یه‌كه‌م بوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له هه‌ولێر گوتی، بڕیار درابوو من لابدرێم و بڕیاره‌كه‌ش سیاسی بوو، چونكه له ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر پێیان گوتم، تۆش رۆڵت ھه‌بووه، بۆیه ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه.
ئه‌وه‌شی گوت: ئێمه فایله‌كانی خۆمان ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كردبوو، ئه‌وان داخلی سێرڤه‌ریان نه‌كردبوو، ھه‌ر فایلێك 30 تا 50 ده‌نگده‌ر له‌خۆ ده‌گرێت، بۆیه بۆم ده‌ركه‌وت مه‌به‌ستی ئه‌وان له‌و كاره ئه‌وه‌یه كه من تۆمه‌تبار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له پۆسته‌كه لام بده‌ن و كه‌سێكی تریان له شوێنی من داناوه.
به‌پێی نووسراوێكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه له 20ی نیسان ده‌رچووه، عه‌بدولڕه‌زاق موشیر به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفێسی هه‌ولێری كۆمسیۆن له پۆسته‌كه‌ی لابرا و ڕه‌وانه‌ی بنكه‌ی تۆماركردن له باداوه كرا، حه‌یده‌ر محه‌مه‌د ئه‌كره‌م له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ژووری تۆماری ده‌نگده‌ران لابراوه و كراوه به به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفێسی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له شوێنی به‌ڕێوه‌به‌ره لابراوه‌كه، هه‌روه‌ها كاروان عومه‌ر حوسێن له بنكه‌ی تۆماركردنی باداوه گواستراوه‌ته ئۆفێسی هه‌ولێر و كراوه به به‌ڕێوه‌به‌ری ژوری تۆماری ده‌نگده‌ران.
-wishe