هەرەشەی شاربەدەركردن رەتدەكەینەوە




سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵسوكەوتی مەفرەزەیەكی ئاسایشی كۆیەو و پاسەوانی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە لە دوو كاتی جیادا لە قەزای كۆیەو شاری هەولێر روویاندا، و داوا دەكات دەزگا بەرپرسەكان لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكەن. 

دوێنێ لەكاتی روماڵی روداوێكی  هاتوچۆ،  لەلایەن ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر- كۆیە ڕێگری لە خالید محمد ـ پەیامنێری كەناڵی NRT ، هەژار رەشید پەیامنێری رۆژنیوز و كەی ئێن ئێن كرا.

بە پێی لێدوانی ئەو دوو رۆژنامەنوسە بۆ میترۆ، سوكایەتی بە هەردوكیان كراوەو لێیان دراوەو كەل و پەلە رۆژنامەوانیەكەیان دەستی بەسەردا گیراو، دوو كاتژمێر دەستەبسەر كراون.

بەمەشەوە نەوەستاون دواتر پێیان وتراوە:  ئەگەر ئەم بابەتە بگەێنینە دەرەوە "لە كۆیە شاربەدەریان دەكەین".
هەروەها لە بەردەم بینای پەرلەمانی كوردستان رێگری لە روماڵی هەردوو كەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئاژانسی وڵات كراو مامەڵەیەكی توندییان بەرامبەر كرا.

سەنتەەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئەو مەفرەزەیەی ئاسایشی كۆیەو و پاسەوانی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە لە دوو كاتی جیادا لە قەزای كۆیەو شاری هەولێر روویانداوە، داوا دەكات دەزگا بەرپرسەكان لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكەن. 

هەڕەشەی "شاربەدەركردن" بەكارهێنانی زەبروزەنگ و تۆقاندن و رێگری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەوەندەی تر ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە بواری ئازادی راگەیاندن لەكەدار دەكات و میدیاكاران سورتر دەبن لە گەیاندنی پەیامەكانیان.

لێدانی رۆژنامەنوس بە بەرچاوی دەیان كەس لە شاری كۆیە و پاشان هەڕەشەكردن بە دەركردنیان لەشارەكە ئەگەر باسی روداوەكە بكەن، دەبێت دەزگا بەرپرسەكان بجوڵێنێ و رونكردنەوە بۆ رای گشتی بدەن.

رۆژنامەنوسانی كوردستان لەهەموو كات زیاتر پێویستیان بەڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و هاندەر بۆ كارەكانیان هەیە، ژینگەیەك زامنی ئازادی رادەربڕین و گەیشتن بەسەرچاوەكانی زانیاری بكات، تابتوانن زانیاری بۆ خەڵك بگوازنەوەو ببنە هاوبەش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی.



PM:12:34:28/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 1800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌