له‌باره‌ى خۆكاندیدكردنى سزادراوێكى بادینان بۆ په‌رله‌مان ڕونكردنه‌وه‌ ده‌درێت




كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌ى (شڤان سەعید یه‌كێك له‌سزادراوه‌كانى بادینان) سه‌باره‌ت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ى ھەواڵی خۆکاندیکردنی لەزیندانه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ى عێراق له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى نیشتیمانیه‌وه‌، كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌كه‌ى ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، "ئێمه‌ ڕەتیدەکەینەوە کە خۆی کاندیدبکات‌و ھیچ پەیوەندیەکی بەم لایەنه‌شه‌وه‌ نییەو ئەم ھەنگاوە لەبەرژەوەندی کوڕەکەماندا نییە".

بنەماڵەی (شڤان سەعید یه‌كێك له‌سزادراوه‌كانى بادینان) له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایانكردوه‌، "مامۆستا شڤان کە زیاتر لەشەش مانگە ڕفێنراوەو لەڕۆژى 16ى 2ى 2021 لەدادگایەکی ناعادیلدا بەسزای شەش ساڵ زیندانی لەگەڵ ھاوڕێکانی سزادران، دوای ئەم بڕیارە لە 20ى 4ى 2021 لەلایەن حزبێک بەناوی ھاوپەیمانی نیشتیمانی لەڕاگەیه‌ندراوێکدا ئاشكرایانكرد، لەگەڵ مامۆستا شڤان قسەیان کردوەو ڕازیبوە لەسەر خۆکاندیدکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".
 
له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌ى مامۆستا شڤان جه‌ختیانكردۆته‌وه‌، "ئێمە وەکو بنەماڵەی مامۆستا شڤان ئەم ھەواڵە ڕەتیدەکەینەوە کە خۆی کاندیدبکات‌و ھیچ پەیوەندیەکی بەم لایەنه‌وه‌ نییەو ئەم ھەنگاوە لەبەرژەوەندی کوڕەکەماندا نییەو خزمەت بەکەیسەکە ناکات، ئەو ئێستا لەزینداندا نەخۆشە".

ده‌قى ڕونكردنه‌وه‌كه‌:
ھەواڵی خۆ کاندیکردنی مامۆستا شڤان سەعید لەزیندان دورە لەڕاستی‌و ڕەتیدەکەینەوە
ڕونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

مامۆستا شڤان سەعید بەرۆشکێ کە زیاتر لەشەش مانگە ڕفێنراوەو لەڕێککەوتی ١٦/٢/٢٠٢١ لەدادگایەکی ناعادیلدا بەسزای شەش ساڵ زیندانی لەگەڵ ھاوڕێکانی سزادران، دوای ئەم بڕیارە لە٢٠/٤/٢٠٢١ لە لایەن حزبێک بەناوی ھاوپەیمانی نیشتیمانی لەڕاگەیاندراوێکدا ڕایانگەیاند، لەگەڵ مامۆستا شڤان قسەمان کردوەو ڕازیبوە لەسەر خۆ کاندیدکردنی بۆ ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق.

ئێمە وەکو بنەماڵەی مامۆستا شڤان ئەم ھەواڵە ڕەتدەکەینەوە کە خۆی کاندیدبکات‌و ھیچ پەیوەندیەکی بەم لایەنه‌وه‌ نییەو ئەم ھەنگاوە لەبەرژەوەندی کوڕەکەماندا نییەو خزمەت بەکەیسەکە ناکات، ئەمڕۆ ڕێککەوتی ٢٧/٤/٢٠٢١ لەدوا پەیوەندیدا لەگەڵ ئێمە ناوبراو ئاماژەی بەم بابەتە نەکردوە، ئەو ئێستا لەزینداندا نەخۆشەو لەئێستادا ھەموو ھەوڵێکمان تەنها بۆ ئازادکردنیەتی، کە ئەم زیندانیانە خاوەن خەباتێکی مەدەنین نەک بەتەمای پۆست‌و خۆ کاندیدکردن کە مافی ڕەوای خۆشیانە، بەڵام دوای ئازادبونی خۆی بڕیاری سیاسی خۆی ئەدات.

لێرەوە داوادەکەین کەیسی زیندانیانی بادینان نەکرێتە ماددەیەک بۆ توڵەو شەڕی سیاسی، ھەروەھا سوپاسی ھەموو خەڵکی کوردستان، ھێزە سیاسیەکان، نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕێکخراوە ناوخۆیی‌و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ‌و نوێنەرانی وڵاتان دەکەین لەھەرێم‌و عێراق کە ھاوخەم‌و ھاکارمانن، داواش لەدادگای تەمییز دەکەین پێداچونەوەیەکی یاساییانە بکات‌و ئەم چالاکوان‌و ڕۆژنامەنوسانە ئازادبکات، چۆنکە بۆ ھەموولایەک ئاشکرابوە ئەم زیندانیانە بێتاوانن‌و ئەم بڕیارە ناعادیلەی دراوە سومعەی ھەرێمەکەمان ناشرینتر دەکات.

ئازادی بۆ مامۆستا شڤان سەعیدو ھاوڕێکانی کە لەسەر ڕەخنەو بیروڕای جیاواز زیندانیکراون
بنەماڵەی مامۆستا شڤان سەعیدی بەناحەق زیندانیکراو
٢٧ی ٤ی ٢٠٢١
دھۆک

-sharpress



PM:01:21:28/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌