باڵیۆزی ڤاتیکان: بە بایەخەوە لە کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانین




نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا باڵیۆزی ڤاتیکان سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ نێچيرڤان بارزانى و به‌رپرسان و گه‌لى كوردستان كرد بۆ ئه‌و پێشوازييه‌ گه‌رمه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ پاپا فرانسیس كرا.
 
ئەمرۆ چوارشه‌ممه 28-04-2021 سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی له‌ ميتيا لێسكۆڤار، باڵيۆزى ڤاتيكان له‌ عێراق كرد كه‌ دواى ده‌ستبه‌كاربوونى، جارى يه‌كه‌مه‌ به‌ فه‌رمیی سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
 
رۆژی 07-03-2021 پاپا فرانسیس گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا، لە دیدارەکەی ئەمڕۆدا نێچيرڤان بارزانى ئاماژەی بەوە داوە، سه‌ردانى پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان رووداوێكى مێژوويیە و هيواى خواست ببێته‌ هانده‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى کریستیانەکان بۆ وڵاته‌كه‌يان كه‌ به‌هۆى شه‌ڕ و توندوتيژييه‌كانى ساڵانى رابردووه‌وه‌، ژماره‌يه‌كى زۆريان عێراقيان جێهێشتووه‌.
 
هەروەها نێچيرڤان بارزانى كردنه‌وه‌ى زانكۆى كاتۆليكى له‌ عه‌نكاوه‌ به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ و ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ بناغه‌ى سه‌ره‌كيى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى باش و پێشكه‌وتووه‌، بۆيه‌ ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕى گرنگى به‌ كوالێتيى خوێندن و كولتوورى پێكه‌وه‌ژ‌يان و لێبورده‌يى بدرێت.
 
لە دیدارەکەدا باڵیۆزى ڤاتيكان له‌ عێراق سوپاس و پێزانينى ڤاتيكانى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانى ديكه‌ى عێراق ده‌رگاى به‌ڕووى ئاواره‌ کریستیانەکاندا كرده‌وه‌ و داڵده‌ى دان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ له‌ ڤاتيكان به‌ بايه‌خ و رێز و ستايشێكى زۆره‌وه‌ له‌م هه‌ڵوێسته‌ و له‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و يه‌كدی قبووڵكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت.
 

 

دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق
دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ى به‌ رۆڵى گرنگى کریستیانەکانی هه‌رێمى كوردستان و عێراقى كرد و روونى كرده‌وه‌ كه‌ کریستیانەکان پێكهاته‌يه‌كى ره‌سه‌ن و سه‌ره‌كيى هه‌رێمى كوردستانن و رۆڵێكى به‌رچاو له‌ خزمه‌تكردن و بنياتنان و به‌رەو پێشبردنى هه‌رێمى كوردستان و پته‌وكردنى كولتوورى پێكه‌وه‌ژياندا ده‌گێڕن. دووپاتيشى كرده‌وه‌ بۆ زامنكردنى مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، له‌ ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستاندا كه‌ خه‌ريكه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت هه‌موو مافه‌كانى کریستیانەکان و ته‌واوى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كان ده‌پارێزرێت.
 
دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا، ره‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى په‌تاى كۆرۆنا و هه‌ڵمه‌تى كوتان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڵبژاردن و دۆخى عێراق به‌گشتى و ئاڵنگارییەکانی به‌رده‌مى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ شاندێكى كه‌نيسه‌ تيايدا به‌شدار بوون.

-Rudaw



PM:02:20:28/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌