عەبدولستار مەجید دەڵێت، "تاڵان و گەندەڵییەکی زۆر خەتەرناک دەستیپێکردوە، لە گوندەکانی ئاشۆڕکان و دارەبەن چوار هەزار دۆنم زەوی لە باشترین و بەپیتترین زەوی کشتوکاڵیی دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاری".
عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە ئەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "تاڵان و گەندەڵییەکی زۆر خەتەرناک دەستیپێکردوە، ئەویش داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە، لە گوندەکانی ئاشۆڕکان و دارەبەن چوار هەزار دۆنم زەوی لە باشترین و بەپیتترین زەوی کشتوکاڵیی دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاریی".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەنێوان هەردو شەقامی 100 مەتری و 150 مەتریی هەولێر زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی مەسیحیەکانی عەنکاوە هەیە، کە حاڵی حازر بە گەنم چێندراوە، دراوەتە کۆمپانیایەک بەناوی لاڤا، شۆفڵ و حەفارەی تێکردوە تەنانەت چاوەڕێیان نەکردوە تا دروێنە دەکرێت".
عەبدولستار مەجید باسی لەوەشکردوە، "مەسیحییەکان هاواریان لێهەڵساوە و هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لەو داگیرکارییە بکرێت، کار گەیشتوەتە ئەوەی مەسیحیەکان بڵێن فیزامان بدەنێ با بەیەکجاری بڕۆین و ئەم وڵاتەتان بۆ جێبهێڵین".