بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا قەدەخەکردنی وێنەگرتن و ڤیدیۆ و دەنگ تۆمارکردنی لە رێگەی مۆبایلەکانەوە لە کاتی خۆپێشاندانەکان و چالاکییەکان و دادگاییکردنەکاندا راگەیاند.
راگەیێندراوەکە واژۆی محەممەد ئاکتای، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی تورکیای لەسەرە و هۆکاری قەدەخەکردنی وێنەگرتن و گرتەڤیدیۆ و تۆمارکردنی دەنگ بە مۆبایل لەکاتی خۆپێشاندان و چالاکییەکان و پرۆسەکانی دادگاییکردندا بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پێچەوانەی یاسای پاراستنی نهێنییە تاکەکەسییەکان و ماددەی 20ەمینی دەستووری تورکیایە کە جەخت لە پاراستنی زانیاری و نهێنییە تاکەکەسییەکان دەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرجار چالاکییەکانی پۆلیس لە رێگەی گرتەڤیدیۆ و وێنەگرتن و تۆمارکردنی دەنگەوە بە مۆبایل بۆ چەواشەکاری و دژی پۆلیس و ناوزڕاندنی کارمەندانی ئاسایش بەکارهێنراون.
نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی رەنجدەرانی تورکیا DİSK بەتووندی سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی کرد و رایگەیاند، دەسەڵات سەرباری بەرتەسککردنی ئازادییەکان و گوشارخستنە سەر میدیای ئازاد و ئازادی رۆژنامەڤانی، هەوڵ دەدات چاوی خەڵک لە ئاستی رووداوەکاندا دابخات.
نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی رەنجدەرانی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، ئاسایش نایەوێت خەڵک راستییەکان ببینێت بۆ ئەوەی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک ئەنجام بدەن و دەڵێت، ئاسایش نایەوێت هاوشێوەی رووداوەکەی جۆرج فلۆید لە تورکیا دووبارەبێتەوە و کامێرای مۆبایلەکان ئاشکرای بکات و بکرێتە بابەتێکی رای گشتی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکرێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی رەنجدەرانی تورکیا دەشڵێت، "مەرج نییە کامێرای پرۆفیشناڵی میدیا و دامەزراوەکانی راگەیاندن لە هەموو شوێنێک ئامادەبن، بۆیە دەکرێ کامێرای مۆبایلی هاووڵاتییەک هێندەی میدیا جیهانییەکان کاریگەری هەبێت. ئاسایشی گشتیی هیچ کات لە خەمی هاووڵاتییان نەبووە و مەبەستی پاراستنی زانیاری و نهێنییە کەسییەکان نییە، بەڵکو مەبەستی پەردەپۆشکردنی سەرکوتکارییەکانیەتی.
نایەوێت دیمەنی لێدان و هەڕەشەکردن لە رۆژنامەڤانان و خەڵکی بێ دەسەڵات بکەوێتە دەستی رای گشتی".
-rudaw