ئەمڕۆ ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە لەجیهاندا، لەمڕۆژەداو لەشارى هەولێرو سلێمانى، پێشێلکارى بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانو دەزگاکانى ڕاگەیاندن کرا، ئەویش بەڕێگەنەدان بەڕوماڵکردنى دوو کۆبوونەوەى گرنگ.
ئەمڕۆ دووشەممە د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق سەردانى مەکۆى سەرەکى گۆڕانى لەگردی زەرگەتەى شارى سلێمانى کردو هاوکات لەهەولێریش نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم سەردانى عەلی باپیر سەرۆکى کۆمەڵی دادگەرى کرد، لەهەردوو سەردانەکەدا ڕێگە بەچەند دەزگایەکى ڕاگەیاندنى نزیک لەخۆیان دراو ڕێگەنەدرا بەڕاگەیاندنەکانى دیکە ڕووماڵى ئەو کۆبوونەوەیە بکەن.
شارپرێس وەک یەکێک لەو دەزگا ڕاگەیاندانەى دیکە بۆ ڕوماڵکردنى هەردوو سەردانەکەی سەرۆک کۆمارو سەرۆکى هەرێم ئامادەبوو، بەڵام ڕێگەی نەدرا ڕوماڵى کۆبوونەوەکان بکات، بیانوەکەشیان ئەوەبووە، پێشتر چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی دیاریکراو ئاگادارکراونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ 3ی ئایار ڕۆژی ئازادى ڕۆژنامەگەرییە لەجیهاندا، لەهەرێمى کوردستان ئەم ڕۆژە بەتۆمارکردنى پێشێلکارى بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەستیپێکرد.
هاوکات سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەمافى ڕۆژنامەنوسان ئەمڕۆ 3ی 5ى 2021 ئامارى پیشێلکارییەکانى بڵاوکردەوە کە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانو دەزگاکانى ڕاگەیاندن تۆمارکراون، بەپێی ئامارەکە لەسەرەتای ساڵی 2021 تا 30ى 4ى 2021 لەهەرێمی کوردستان 49 پێشێلکاری بەرامبەر بە36 ڕۆژنامەنوسو دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە کە 23 پێشێلکاریان رێگریکردن بووە لەڕووماڵکردن.
-Sharpress