زانیاری لە قوڕگی شێردایە




ئەمرۆ لە سەنتەری میترۆ پێشوازیمان كرد لە سەرنوسەری دیجیتاڵ میدیای دیپلۆماتیك مەگەزین هێمن باقر، هاوكارانمان دەستەی نوسەرانی ئەو دەزگا میدیاییە چالاكە.

لەم دیدارە باسمان لە ئاستەنگەكانی بەردەم كاری میدیایی و بە تایبەتیش ئەو بەربەست و مەترسییانەی دێتنە بەردەم رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری.

خۆشحاڵیمان دەربڕی بۆ كارەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین كە ماندوو دەبن و رۆژنامەنوسەكانی سەرقاڵی هەواڵی ئاسان بەدەستنین وەك ئەوەی لە كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكاندا دەخرێنە روو، ئەوان بە گەرانیان بە شوێن زانیارییە شاراوەكان، رێگا قورسەكەیان هەڵبژاردوە.

جەختمان كردەوە  كە لە دەسەڵاتی دێمۆكراسیدا، راپۆرتی بنكۆڵكاری وەك سكاڵایەكی داواكاری گشتی وایە كاتێك راپۆرتێكی دەربارەی دۆسییەكانی فەساد و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن فەرمانبەرێكی حكومەت، دەجوڵێنێت.

باسمان لەوەكرد ئێمە سەرباری ئەوەی  میدیا و میدیاكاری بنكۆڵكارمان كەمە، بەڵام دەركەوتنی كاری هەندێ لە میدیاكانی كوردستان كە بە پەنجەی دەست دەژمێریدرێن شایەنی هاندان و ستایشە.

راپۆرتی بنكۆڵكاری قورسترین و تەنانەت ترسناكترین هونەری كاری رۆژنامەنوسییە، داوامان لە دەزگا میدیاییەكانیتریش كردووە كە لەم بوارەدا كار دەكەن، ژیان و سەلامەتی رۆژنامەنوسەكەیان لەهەموو راپۆرتێكی پێ گرنگتر بێت. 

رۆڵی رۆژنامەوانی بنكۆڵكاری گرنگە بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپی چاودێری و لێپرسینەوە، هەر حكومەتێك بیەوێت شەری گەندەڵی بكات نابێت لە راپۆرتەكانی رۆژنامەنوسانی بنكۆڵكاری پیشەیی بترسێت و بەربەست بخاتە بەردەم كارەكانیان، بە پێچەوانەوە دەبێت ئاسانكاری بۆ بكات و زانیاری پێبدات. 

هەردوو لامان هاوڕابوین كە كاری رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری ئەركێكی قورسە، كنەكردن و گەڕانە بە شوێن ئەو زانیاریانەی لە تاریكیدان و دەسەڵاتەكان نایانەوێ روناكی پێبگات.

سوپاس بۆ چەپكە گوڵ و چەپكە رەخنەكەیشیان لە سەنتەری میترۆو كارەكانی.
میترۆ پشتیوانی خۆی بۆ كاری رۆژنامەنوسی بنكۆڵكار رادەگەیەنێت داوا دەكات بەربەست و ئاستەنگەكانی بەردەم كارەكانیان لاببرێت.

دیپلۆماتیك مەگەزین، پڕۆژەیەكی میدیای ئازاد و بێلایەنە كە لەلایەن كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوسی خاوەن ئەزمون و ئەكادیمی و مامۆستای زانكۆوە بەڕێوە دەبرێت لە ئاستێكی بەرزی تەكنیكی و ڕۆژنامەوانیدا.

بایەخ دەدات بە پرسە سیاسیە گرنگ و چارەنوس سازەكان و پرسە كولتووری ئەكادیمی و زانستییەكان بە زمانێكی پڕۆفیشناڵی میدیایی باڵا كە ڕێز لە هەست و سەلیقەی خوێنەرەكانی دەگرێت، ئامانجەكەی بریتیە لە پێدانی زانیاری راست و دروست و ئاشكراكردنی زانیارییە نەزانراوەكان كە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتنی ڕوداوەكان و هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەریاندا.


PM:04:54:12/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌