نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان: پاڵپشتی عێراق دەکەین بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی




کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بەسەرپەرشتیی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان و هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەغدا ساز دەکرێت. نوێنەری پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق رایدەگەیێنێت، ئامانجی کۆنگرەکە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بۆ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی تۆمەتباران بە گەندەڵی.
 
سازکردنی ئەو کۆنگرە لە عێراق دوای رۆژێک هات لە پێشکێشکردنی پرۆژەیاسای بەدەستهێنانەوەی داهاتی گەندەڵی، لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ پەرلەمان. بەرهەم ساڵح لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، "گەندەڵی دیاردەیەکی سنووربەزێنە، ئامار و داتاکانی حکومەت و داتا نێودەوڵەتییەکان دەڵێن تێکڕای داهاتی نەوتی عێراق لە 2003 وە نزیکەی هەزار ملیار دۆلارە، ئاماژە و زانیاری هەن کە 150 ملیار دۆلاری گرێبەستەکانی گەندەڵی بۆ دەرەوەی عێراق دزەیان پێکراوە.. جارێکی دیکە داوا دەکەم، هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێکبهێندرێت هاوشێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش".
 
سەرباری چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی تەشەنەکردنی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی لە عێراق وەک رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی دەڵێت، دەربازبوونی گەندەڵکارانە لە لێپرسینەوە و سزادان.
 
موسا فەرەج، سەرۆکی پێشووتری دەستەی دەستپاکیی عێراق لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژانەی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند،"حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق دوای ئەوەی پەنای بۆ لێکۆڵەری نێودەوڵەتی برد رایگەیاند گەندەڵی تەنیا لە بانکی ناوەندی 300 ملیار دۆلارە، لەگەڵ پارەی بلۆککراو کە لە 150 ملیار بۆ 300 ملیار دۆلارە، لەپاڵ دزین و بەتاڵانبردنی خانووبەرەی دەوڵەت؛ کە لەو پارەیە زیاترە".
 
ئامانجی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق؛ وەک زینە ئەحمەد، نوێنەری پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق رایگەیاند، پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بۆ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی تۆمەتباران بە گەندەڵی، لە رێگەی دەستپێکردنی پرۆژەیەکی نوێ بە گوژمەی 15 ملیۆن یۆرۆ بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی لە عێراق.
 
تەشەنەکردنی گەندەڵی متمانەی هاووڵاتیان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق کەمکردووە، بە رادەیەک هەرچەندە عێراق لە پۆلێنی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە 2020 بە کەمتر گەندەڵ دەردەکەوێت، کەچی هێشتا یەکێکە لە 21 گەندەڵترین وڵات لە ئاستی جیهاندا.

-Rudaw




PM:02:31:24/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌