لە بەغداد خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت






میترۆ
بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانێكی بەرفراوان لە بەغداد بە ئامادەبوونی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی شارەكانی دیكەی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەپێی هه‌واڵی‌ میدیاكان لە شەوی ڕابردووەوە هێزە ئەمنییەكان لە شەقامە سەرەكییەكان و نزیك گۆڕەپانەكانی ئەندەلوس، فیردەوس، كەهرمانە و تەحریر وەك ئامادەكارییەك بۆ خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ، بڵاوەیانپێكراوە.

خۆپیشاندانەكە لەژێر دروشمی "كێ كوشتمی؟" دەبێت، بەمەبەستی فشارخستنەسەر دەسەڵاتداران بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردنی بكوژانی چالاكوانان و خۆپیشاندەران و ڕادەستكردنیان بە دادگا.

چالاكوانان و گروپەكانیان ماوەی چەند ڕۆژێكە لە ئامادەكاریدان بۆ ڕێكخستن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە و پێشبینیدەكرێت ببێتە دەستپێكی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان، دوای دامركانەوەی خۆپیشاندانەكانی پێشوو، كە بە "تشرین” ناسرابوو و لە 1ی تشرینی یەكەمی 2019 سەریهەڵدا.

هه‌ر بەپێی میدیاكانی‌ عێراق، چالاكوانان سێ شوێنیان وەك ناوەندی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان دیاریكردووە، ئەوانیش، گۆڕەپانەكانی فیردەوس، تەحریر و نسور-ە لە بەغداد.

دروشم و هوتافی خۆپیشاندەران پەیوەندیدارە بە دژایەتیی گەندەڵی، لێپێچینەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەران و چالاكوانان و هەروەها بوونی چاودێریی نێودەوڵەتی بەسەر هەڵبژاردنەكانەوە.

ساڵی ڕابردوو بە بەڵێنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربارەی بەجێگەیاندنی داخوازییەكانیان، خێوەتی مانەوەی خۆپیشاندەران لە بەغداد هەڵگیرا.


AM:09:49:25/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌