فیستیڤاڵی ڕووناکبیریی گەلاوێژ ده‌ستیپێكرد





میترۆ
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ی‌ ئایاری‌ 2021، بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی لەژێر دروشمی "دیالۆگی لابردنی ماسکەکان" ده‌ستیپێكرد، وابڕیاره‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌ تا 27ی‌ ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وامبێت و هاوشانی فێستیڤاڵەکەش کۆمەڵێک چالاکیی ڕووناکبیری و ئەدەبی بەڕێوە دەبرێن.
 

فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە گەورەترین فێستیڤاڵی ڕووناکبیریی هەر چوارپارچەی کوردستان دادەندرێت. کە ماوەی بیستوچوار ساڵە بە بەردەوامی ڕێک دەخرێت و لە لایەن بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ، کە سەر بە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێرە ڕێک دەخرێت.

لە ماوەی ئەو بیستوچوارساڵەدا، فێستیڤاڵی گەلاوێژ توانیویەتی کەشێکی ڕۆشنگەری و دیالۆگێکی بەردەوام لەنێوان ڕووناکبیران و کولتوور و زمانە جیاوازەکان دروست بکات. سەرەڕای هێنانی دەیان نووسەری عەرەب و فارس و وڵاتانی تری دونیا، توانیویەتی دەیان گەنجی بەتوانا و خاوەن بەهرەی ڕووناکبیری و ئەدەبی بهێنێتە پێشەوە و دەرفەتی ناساندنیانی ڕەخساندووە، کە پێشتر نەیان بووە.

فێستیڤاڵی گەلاوێژ، جگە لەوەی بووەتە دیاردەیەکی ڕووناکبیریی گەورە لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، هاوکات بووەتە شوێنی گۆڕینەوەی ڕا جیاوازەکان و ئاشنابوون بە دید و تێڕوانی نوێ دەربارەی ئەو پرس و پرس و گوتارە نوێیانەی لە دونیای ڕۆشنبیریی کوردستان و دونیادا جێگەی قسەلەسەرکردنن.

ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت
د.ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ بە سایتی "چاودێر"ـی ڕاگەیاند: لە بیستوچوارساڵی ڕابردوودا، وێڕای تەنگەژە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای ئەو هەموو هەوراز و نشێوە ژیارییانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵەکەمان بووەتەوە، فێستیڤاڵی ساڵانەی گەلاوێژ بەردەوام بووە و لە سەکۆی ئەو فێستیڤاڵەوە دەیان قەڵەم و بەهرەی گەنجانە و دوورەدەست توانا ئەدەبییەکانی خۆیان سەلماند و بوونە ناوی دیار و درەوشاوە لە ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردیدا.

دەشڵێت: "خۆشبەختانە ئەم سەکۆیە تەنها سەکۆی بەهرە و ناوە کوردییەکان نەبووە، بەڵکوو سەکۆی سەدان دەنگی ئەدەبی و مەعریفیی نەتەوەکانی دیکەش بووە، لە فارس و عەرەب و تورک و ئەڵمان و ئەرمەن و فەڕەنسی و هتد..."
وەک ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا تێکستی ئەدەب و هونەری و فیکری پاوان نەکراوە بۆ چەند نووسەرێک یان بۆ دەستەبژێرێکی دیاریکراو، بەڵکوو کراوەیە بۆ هەموو ئەو قەڵەمە بووێرانەی چرۆی داهێنانیان لە گەشەدایە. فێستیڤاڵی گەلاوێژ چونکە بڕوای تەواوی بە ئازادی هەبووە، هەمیشە بووەتە شاباڵ بۆ هەموو ئەوانەی ویستوویانە بەو باڵە بەرز ببنەوە بۆ سەرووی شارچێتی و ئایدۆلۆژیا و مەزهەب و جێندەر تەنانەت نەتەوەپەرستیش."

بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ، کە ڕێکخەری فێستیڤاڵەکەیە؛ ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە. ناوی گەلاوێژ وەک ڕێزلێنان و پێزانینێک بۆ مامۆستای ڕوونکابیر ئیبراهیم ئەحمەد دانراوە کە لە ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٩ گۆڤاری گەلاوێژی لە شاری بەغدا دەرکردووە.

کارەکانی بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەسەر سێ ڕۆژدا دابەش دەکرێن

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکەم وتاری سەرپەرشتیار و سەرۆکی بنکە و وەزارەتی ڕۆشنبیری دەخوێندرێتەوە لەگەڵ خوێندنەوەی شیعری فارسی و عەرەبی و کوردی.

لە کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆدا پێشانگای کتێب لە هۆڵەکانی کتێبخانەی گشتی بە بەشداریی چەندان دەزگا و چاپخانە و کتێبفرۆشی دەکرێتەوە.

دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش دیداری "مەهاباد قەرەداغی بۆ شیعر" بەڕێوە دەچێت و تیایدا شیعرە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ کە یانزە شیعرن لە لایەن نووسەرانیانەوە دەخوێندرێنەوە.

لە ڕۆژی دووەمدا، پانێلی یەکەم تایبەتە بە دیداری ئەدەبیاتی ئێران

کە تیایدا نووسەرانی وەک د.عەلی عەباسی، د.فەرزان سجودی، شیما بەهرەمەند و سەعید قتیبی زادە لێکۆڵینەوەکانیان پێشکەش دەکەن و لە پانێلی دووەمیشدا هەریەکە لە د.محەمەد ڕەزا ئەسڵان و د.فارس باقری لێکۆڵینەوەکانیان پێشکەش دەکەن.

پانێلی سێیەمی هەمان ڕۆژیش بەناوی "ڕامان لە ڕۆشنبیری عەرەبی" بەڕێوە دەچێت.

لەو پانێلەدا هەریەکە د.لەیلا چراخی، د.سلێمان قاسد لێکۆڵینەوەکانیان پێشکەش دەکەن.

کاتژمێر ٥.٣٠ی ئێوارەی هەمان ڕۆژیش لە قاوەخانەی بەهار لاونج لە باخچەی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، لە لایەن هۆمەر دزەیی و تەڵعەت تاهیرەوە واژۆ لەسەر کتێبە نوێکانیان دەکەن. هۆمەر دزەیی کتێبی بیرەوەرییەکانی بەناوی "لە دووگرتکانەوە بۆ بنی دونیا" و تەڵعەت تاهیریش هەردوو دیوانە شیعری "ناوی تۆ ئیمزای منە. ڕۆژگاری وشک و چاوی تەڕ" واژۆ دەکات.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێیەم دیداری "کاروان عومەر کاکەسوور بۆ چیرۆک" بەڕێوە دەچێت و خوێندنەوە بۆ چیرۆکەکانی بەشدار لە فێستیڤاڵ دەکرێت، کە حەوت چیرۆکن. 

پانێلی دووەمیش بۆ لێکۆڵینەوەکانە بە دیداری "نەجات حەمید بۆ لێکۆڵینەوە، کە حەوت لێکۆڵینەوە بەشدارن.

لە ڕۆژی سێیەمی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی کوردستان بە ڕەخنەگر و نووسەری ناوداری ئێران، د.محەمەد ڕەزا ئەسڵانی دەبەخشرێت و خەڵاتی شەهیدی ڕۆشنگەری "عەبدولخالق مەعروف" بە لێکۆڵەری کورد د.بەختیار سەجادی دەبەخشرێت.

دواتر خەڵات بەسەر یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی بەشدار لە شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی فێستیڤاڵ دابەش دەکرێت و بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ کۆتایی پێ دێت.


AM:10:40:25/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌