كتێبی (كاری تەلەفزیۆنی) ناسێنرا دیدار لەتیف: هەواڵ سەرچاوەیەکی گرنگی كاری میدیاییە




هەولێر، رەوەست نەوزاد

لە درێژەی چالاكیەكانیدا، ساڵۆنی لاپەڕە نۆ-ی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆڕێكی بۆ ناساندنی كتێبی (كاری تەلەفزیۆنی) رۆژنامەنووس دیدار لەتیف سازكرد.

هەواڵ گرنگترین بەشی کتێبەکەیە
كۆڕەكە كە ژمارەیەك لە نووسەرو شاعیرو رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی شاری هەولێر ئامادەی بوون، دیدار لەتیف-ی نوسەری كتێبەكە باسی لە ناوەڕۆكی كتێبەكەی كرد و وتی: كتێبەكە چەند بەشێكی لە كاری تەلەفزیۆنی لە خۆگرتووە كە سەرەتایەكە بۆ كاری تەلەفزیۆنی، گرنگترین بەشی كتێبەكە باسکردنە لە (هەواڵ)، باسی لەوەکرد، ئێستا بەبێ رەچاوكردنی هیچ پێوەرێكی پیشەیی و ئەتەكیەتی رۆژنامەنووسی كاری رۆژنامەنووسی لە زۆرێك لە میدیاكاندا دەكرێت و رۆژنامەنووسێكی زۆرمان هەیە كە هیچ زانیاریەكی سەرەتاییان لەبارەی كارەكەیانەوە نیە، هیواخواز بوو ئەم كتێبەی خۆی و كتێبەكانی هاوشێوەی وەك رێبەرێكی بچووك بۆ كاری رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستان كاری پێبكرێت.

دیدار وتیشی: لەگەڵ ئەوەی لە میدیای یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە پێگەیشتووە، بەڵام پێی خۆشبووە كتێبەكەی بەبێ رەچاوكردنی لایەنگری حزبی بۆ تەواوی رۆژنامەنووسان بێت، بە پشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەكی ناوخۆیی و بیانی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بنەماكانی هەواڵی ئاماژە پێكردووە و هەروەها ئەو بەهایانەی كە پێویستە رۆژنامەنووس لە نووسینەوەی هەواڵێك پشتی پێ ببەستێت پۆلێن و دیارییان كردون.

روونیشكردەوە هەر لەكتێبەكەدا چەند قاڵبێكی نووسینەوەی هەواڵ هەیە وەكو قاڵبەكانی هەڕەمی هەڵگەڕاوە و قاڵبی سەرنجراكێش كە ئەوانەش دیاریكراون، بەشێكی تر ی كتێبەكە بریتیە لە بەرنامەو جۆرەكانی بەرنامەی تەلەفیزیۆنی و كێ بینەری بەرنامەكانەو ئەو كەسەی ئامادەكاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەبێت رەچاوی چی بكات و ئاخۆ بینەرەكەی لەچ تەمەنێك و لەچ ئاستێكی رۆشنبیریدایە و لەچ كاتێكدا بەرنامەكەی پێشكەش بكات.

بێژەر لۆگۆی ناسینەوەی کەناڵەکانە
لە کتێبەکەدا باس لە كاری بێژەری و پێشكەشكاریش كراوە كە دەبنە روخساری شاشەی تەلەفزیۆن یا لۆگۆی ناسینەوەی كەناڵەكان، بەپێی سەرچاوە زانستیەكان دەبێت بێژەر سەرەتاترین مەرجەكانی ئەوە بێت كە شارەزایی لە زمانی جەستەدا هەبێت، شارەزا بێت لەوەی ریزبەندی پرسیارەکانی بە شێوازێک بێت زۆرترین وەڵام لە میوانەکەی وەربگرێتەوە.

هەروەها بە پشتبەستن بەچەند شارەزایەكی جلوبەرگ و مەیك ئەپ، ئەو شێواز و جلوبەرگ و مەیك ئەپانەی دیاریكردووە كە بۆ سەر شاشەی تەلەفزیۆن گونجاوە و بەپێی زانیاری چەند كەسێك كە شارەزاییان لەوێنەگرتن هەیە ئەو رەنگانەی دیاریكردووە كە پێویستە پێشكەشكار لەبەری بكات كە هەموو رەنگ و قوماشێك بۆ سەر شاشە نابێت لەبەر چاوی بینەرەكەی جلی رەنگ هێڵدار لەبەربكات.

نووسەری كتێبەكە باسی لەوەشکرد، ئێستا گۆڕینی کەناڵەکان لەلایەن بینەرەوە زۆر ئاسان بووە بۆیە کەناڵەکانی راگەیاندن دەبێت گرنگی بەو بابەت و بەرنامانە بدەن کە بۆ بینەران چێژبەخشە تا بینەر بەدیار خۆیانەوە بهێڵنەوە و نەیانگۆڕن.

-knwe



PM:04:22:27/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 1252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌