ووتاری سەنتەری میترۆ لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریدا




ئامادەبووانی بەرێز بەناوی سەنتەری میترۆ پیرۆزبایی لە هاوكارانمان دەكەین ئەوانەی لە زینداندان ئەوانەی لەدەرەوەی زیندانن.
بەخێرهاتنی بەرێز پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر دەكەین.

3ی ئایار رۆژێكە بۆ بیرخستنەوەی حكومەتەكانی دونیا بە گرنگی و پابەندبوونیان بە بەڵێنەكانیان بەرامبەر ئازادی كاری رۆژنامەگەری هەروەها دەرفەتێكیشە بۆ میدیاكاران و دامەزراوەكانیان بۆ پێداچوونەوە بە كاری پیشەییان و پابوندبوونیان بە رەوشتی پیشەیی هەر وەك بۆنەیەكە بۆ پشتیوانی كردنی ئازادی رۆژنامەگەری و قسەكردن لەسەر ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم ئازادی كاری رۆژنامەگەری و یادكردنەوەی ئەو رۆژنامەنوسانەی بە هۆی پیشەكەیان تیرۆر كران یان لە زینداندان. 

ئەمساڵ یۆنسكۆ لەژێر دروشمی (زانیاری وەك بەرژەوەندییەكی گشتی) ئەم یادە دەكاتەوە، بەو پێیەی پێدانی زانیاری راست و بڵاوكردنەوەی بە شێوەیكی ئازادانە بۆ هاوڵاتیان رۆڵی گرنگی دەبێت لەسەر هۆشیاری گشتی و رووبەرووبونەوەی هەواڵی درۆو چەواشەكاری، بە تایبەتیش لەم قۆناغە كە مرۆڤایەتی بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەرێت پەتای كۆرۆنا هەرشە لە هەموو دانیشتوانی سەر زەوی دەكات.  

لە كاتێكدا ئێمە لەگەڵ جیهاندا رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری پیرۆز دەكەین،  رۆژنامەنوسانی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستاین بەڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و هاندەر هەیە تا كارەكانیان  پیشەییانەو ئازادانە ئەنجام بدەن، ژینگەیەك كە زامنی ئازادی رادەربڕین و گەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاری بكات، تا بتوانن زانیاری بۆ خەڵك بگوازنەوە و میدیا ببێتە هاوبەش لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندن و رووبەرووبونەوەی دیاردەی گەندەڵی.

لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستان، بارودۆخی رۆژنامەنوسان خراپە، توندوتیژی و رێگری بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت دەبێت ئەو توندوتیژی و رێگری و جیاكاریانە  بوەستێت .

ئازیزان
ئەمساڵ بە تایبەتیش لە رۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا پەیامی ئەرینی لە لایەن هەر سێ سەرۆكایەتییەكە دەربارەی زەرورەتی ئازادی رۆژنامەگەری و رەخساندنی ژینگەی لەبار بۆ كارەكانیان و جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەریمان بیست، گرنگی و عیبرەت لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەن،  ئێمە وەك سەنتەری میترۆ چاودێری جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەین.

 لێرەدا دەمانەوێت بە ناوی سەنتەری میترۆو رێكخراوی ئەنترناشناڵ میدیا سەپۆرت IMS رایبگەیەنین:  پیشوازی لەهەر دەستپێشخەرییەك دەكەین كە بۆ پێشخستن و فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەگەری و كۆتایهێنان بە توندوتیژی و سانسۆر و پێشێلكاری و جیاكاری و شاردنەوەی زانیاری و ئەو ئاستەنگانەی دەخرێنە بەردەم ئازادی كاری رۆژنامەنوسی.

 ئێمە وەك سەنتەری بۆ ئەو ئامانجانە خەبات دەكەین، تا سەرلەنوێ لەناو راپۆرتە نێودەوڵتییەكاندا هەرێم بە شوێنی مەترسیدارو زیندانی رۆژنامەنوس و چالاكوان وەسف نەكرێت.

ئازیزان 
ئاماری پێشێلكارییەكانی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە چوار مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 50% دابەزییوە، بەڵام دەشزانین ئاستی پێیشلكارییەكان لە كاتی توندبوونی ململانێیی سیاسی و فراوانبوونی نارەزایەتی شەقام زیاد دەكات، ئێستاش كە پارتە سیاسیی و لیستە هاوپەیمانەكان دەچنە كیبركێیی هەڵبژاردنەوە ترسمان هەیە كە بگۆرێت بۆ توندوتیژی بەرامبەر میدیاكارانیان و بۆیە داوا دەكەین كە ئاستی كیبركێ بە زمانی بەرزی مەدەنییانە بێت و نەخلیسكێنە ناو گوتاری رقو كینەو ناوزراندن و بوختان كردن.

   
دەمانەوێت لەم رۆژەدا ئەم پەیامانە بگەیەنین 
1- ئازادی بیروڕا و رادەربڕین و خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانە  مافێكی سروشتییە، لە هەرێمی كوردستان بەیاسا رێگەی پێدراوە، ناكرێت بەهیچ پاساوێك پێشێلبكرێت، لەم روانگەوە سەنتەری میترۆ داوا لە دادگای تەمییز دەكات بریاریەكەی دادگای تاوانەكانی هەولێر هەڵبوەشێنێتەوو ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسە ئازاد بكات. 

2- ئازادی كاری رۆژنامەگەری، مافی گەیشتن و بەسەرچاوەكانی زانیاری ودەستەبەركردنی و بڵاوكردنەوەی بە شێوەیەكی ئازاد، بە پێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، رێگەی پێداراوە، دەبێت كار بۆ فراوانكردنیان بكەین. 

3- فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرەنتی ئازادی رۆژنامەگەری بكەن كە بەپێی یاسای كاری رۆژنامەوانی رێكخراوە لەپاڵ یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری بەربەست نەخەنە بەردەم ئازادی كاری رۆژنامەنوسان.

4- دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕن لەپاراستنی سەروەری یاسا و دادگاییكردنی سەرپێچیكەران بەرامبەر رۆژنامەنوسان و مافی هاوڵاتیان.

5- با بەرپرسانی حكومی و حزبی رەخنە قبوڵ بكەن و وەك سەرچاوەیەك بۆ باشتركردنی كارەكانیان لێی بڕوانن. داوا لە هەمووان دەكەین لەكاتی بوونی كێشە لە نێوان ئەوان و رۆژنامەنوسان، دەزگانی راگەیاندن، پەنا بۆ دادگاكان بەرن.

6- دژی هەموو جۆرە جیاكارییەكین  لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا، پێویستە زانیاری بۆ هەمووان دەستبەر بكرێت،  رێگە بەهەموو میدیاكان بدرێت بەبێ‌ بەربەست روماڵی ئەو هەواڵ و روداوانە بكەن كە جێی بایەخی خەڵكن. 

7- پێویستە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە نەمێنێت و كەیسەكانی تایبەت بە نوسین  و بڵاوكردنەوە، جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.


03.05.2021


AM:11:50:29/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌