هیومەن رایتس وۆچ: پلانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان گونجاو نییە




رووداو دیجیتاڵ 

هیومەن رایتس وۆچ رایدەگەیێنێت، پلانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان گونجاو نییە، پرۆسەی داخستنی ئەم دواییانەی کەمپەکان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هەزاران ئاوارەی لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بێبەش کردووە.
 
هیومەن رایتس وۆچ لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا باس لەوەدەکات، "پلانی حکومەتی عێراقی سەرکەتوونابێت لە کۆتایی هێنان بە  ئاوارەکان، ئەگەر بێتوو ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاریی تەندروستیان بۆ دابین نەکات، کاتێکدا دەیانگەڕێنێتەوە بۆ زێدی خۆیان، یان پەناگەیەکی نوێیان بۆ دابین دەکات". 
 
بەلقیس والی، توێژەر لە بەشی قەیران و ململانێکان لە رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاند، "دوای ساڵانێک لە فەرامۆشکردن، کارێکی ئەرێنییە حکومەت هەوڵدەدات، چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە بدۆزێتەوە، بەڵام ئەو ستراتیژییە سەرکەوتوونابێت، ئەگەر بێتوو وانە وەرنەگرێت لە پرۆسەی داخستنی کەمپەکانی پێشوو، گەڕانەوەی بە زۆرملێ و بڕینی هاوکارییە مرۆییەکان و لێگەڕانی خەڵک بۆ ئەوەی خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوەبن". 
 
لە مانگی ئاداری ساڵی 2021 حکومەتی عێراق پلانی، نیشتمانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ زێدی رەسەنی ئازادکراوی خۆیانی پەسندکرد. بەڵام حکومەت لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا 16 کەمپی داخستووە و لایەنی کەم 34 هەزار و 801 ئاوارەی بەبێ ئەوەی دەستەبەری ئاسایشی گەڕانەوەیان بکات، یاخود پەناگەیەکی دیکەی ئارامیان بۆ فەراهەم بکات، یاخود خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکات. 
 
پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە لە تشرینی یەکەمی 2020 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا تەنیا دوو کەمپ نەبێت، ئەوانی دیکە هەموو داخراون. ئەو دوو کەمپەیشی کە هێشتا دانەخراون، یەکێکیان لە نەینەوا و ئەوەی دیکە لە ئەنبارە و بڕیاری داخستنیان دراوە. 
 
لەگەڵ ئەوەی ئامانجی راگەیێندراوی حکومەت گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام ئاستەنگە کارگێڕییەکان رێگرن لە گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی کە پێیانوایە داعشن لە بە دەستهێنانی بەڵگەنامەکان، لەوانەش ناسنامەی شارستانی، لەدایکبوون، پسوولەی خۆرک. 
 
وەک راپۆرتەکە ئاماژی بۆ کردووە، دەسەڵاتە خۆجێیەکان یاسای ژمارە 20ی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانمەندان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان، هەڵەی سەربازی و کردەوە تیرۆریستییەکان لە 2009ـوە، بە شێوەیەکی جیاکاری جێبەجێ دەکەن، ئەو خێزانانە لێ بێبەش دەکەن، کە پێیانوایە سەر بە داعشن.

-Rudaw



AM:11:30:03/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌