سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەسەر هێرشەکانی تورکیا هاتەدەنگ




سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، بوونی ھێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان نایاساییە و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو دەسدرێژیانە دابنرێت کە مەترسی بۆ ئەمنی هاووڵاتییان و ئاسایشی عێراق دروست دەکات.

لە راگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتى کۆمار رایگەیاند"سەرۆکایەتی کۆمار بەنیگەرانییەوە چاودێری پێشھاتە نەخوازراوەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات و سەرکۆنەی ئەو ھێرشانە دەکات، کە رۆژی شەممە ٥ ی حوزیران، کرانە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، لەناوچەی ئامێدی پارێزگای دھۆک و لە ئاکامدا چەند شەھید و بریندارێکی ھێزەکانی پێشمەرگەی لێکەوتەوە. وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، جەختدەکاتەوە کە پێویستە ئەو رووداوە ئازاربەخشانە بەکۆتابێن".

سەرۆکایەتى کۆمار جەختیکردوەتەوە، بوونی ھێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان نایاساییە و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو دەسدرێژیانە دابنرێت کە مەترسی بۆ ئەمنی هاووڵاتییان و ئاسایشی عێراق دروست دەکات. دەستوور رێگرە رێگەنادات خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆسەر دراوسێکان.

هەروەها ئەوەش هاتووە کە سەرۆکایەتی کۆمار، پێداگری دەکات لەسەر، بنەبڕکردنی ھەموو ئەو زیادەڕۆییانە و پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەکەن، لەم رووەوە کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و موسڵ بە پێویست دەزانێت، چونکە بوونی ئەو ھێزانە پێچەوانەی ھاوسێیەتی باش دەکات و رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانیشە، ھەروەها ھێرشکردنە سەر ناوچەکانی کامپی مەخمور مەترسیدارە بۆ ژیانی هاووڵاتیان و ئاوارەکان، و ناکۆکیشە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان.

سەرۆکایەتی کۆمار، بایەخی بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیای دراوسێی دووپاتدەکاتەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، کە پێویستە چارەسەری کێشەکانی سنوور و دۆسیەی ئەمنی لەنێوان ھەردوو وڵات، بەرێگای ھەماھەنگی و لەیەکتری تێگەیشتن بێت و رەچاوی رێزگرتن لە سەروەری و دوور لە کاری یەکلایەنە. لەم پێوەدانگەوە عێراق دووپاتیدەکاتەوە کە نابێت ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی دەرەوە، ھەروەک چۆن رێگەنادات خاکەکەی بکرێتە مۆڵگەی پەلاماردانی ھیچ کەس و لایەنێک. 

ڕۆژی شەممە پێنج پێشمەرگەی زێرەڤانی لە ناوچەکانى چیای مەتین بەهۆى هێرشێکەوە گیانیان لەدەستدا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەکەکەی بە کوشتنیان تۆمەتبارکرد و وتی، کەوتوونەتە بۆسەی پەکەکەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگەش دەڵێت "تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوە تەقەیان لە پێشمەرگە کردووە".

-sharpress



PM:01:52:06/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌