باڵوێزی كەنەدا لە عێراق سەردانی میترۆی كرد




میترۆ، سلێمانی: ئەمرۆ پێنج شەممە،ئۆڵریك شانۆن (Ulric_Shannon)، باڵوێزی كەنەدا لەعێراق و ئاشلی دوریك، بەرپرسی نوسینگەی ئەو وڵاتە لەهەرێمی كوردستان سەردانی ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆیان كرد لە شاری سلێمانی
ئۆڵریك شانۆن (Ulric_Shannon)، باڵوێزی كەنەدا لەعێراق سوپاسی سەنتەری میترۆی كرد بۆ دیدارەكە و رایگەیاند لە رێگەی بەرپرسی نوسینگەی هەولێر ئاگاداری راپۆرتەكانی سەنتەرین هاتووم لە نزیكەوە گوێم لێتان بێت، ووتی" وڵاتەكەمان ئازادی رۆژنامەگەری بەلاوە گرنگە بۆیە بەردەوام دەبین لە چادێریكردنی ئازادی رۆژنامەگەری  لە عێراق و هەرێمی كوردستان" جەختیكردەوە" ئێمە پشتیوانی ئێوەین لە گەیشتن بە ئامانجەكانتان كە فراوانكردنی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەرییە"

وەفدەكە لە لایەن تیمی میترۆ بەخێرهاتنی گەرم كران، رێكخەری میترۆ ووتی " هاتنەكەتان هێندەی تر هانمان دەدات و بەهێزمان دەكات بۆ بەرگری لە بەها هاوبەشەكانمان"

رەحمان غەریب، باسێكی كورتی پرۆژەكانی سەنتەری میترۆی كرد، پرۆژەی چاودێری یاسای رۆژنامەگەری لەگەڵ رێكخراوی IMSی دانیماركی، پرۆژەی دەنگەكانمان كە دەیان چالاكی جۆراوجۆرە، لەوانەش پێگەیاندنی خانمان و چالاكوانی مەدەنی، دروستكردنی بانكی زانیاری بۆ خانمە دیارەكان لە بواری جۆراجۆر لەگەڵ رێكخراوی Internewsی ئەمریكی، پرۆژەی راهێنانی زیاتر لە 100 رۆژنامەنوسی پێكهاتەكان بە پشتیوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی CDO، هەروەها پرۆژەی چاپكردنی بەرهەمی هەندێك لە رۆژنامەنوسان، هاوكاری رۆژنامەنوس و چالاكوانی هەڵهاتوو لە ناوەراست و خواروی عێراق.  

لەم دیدارەدا تیمی میترۆ تیشكیان خستە سەر دۆخی  ئازادی رۆژنامەگەری و دیارترین بەربەستەكانی بەردەمی، ئازادی خۆپیشاندان و مامەڵەی خراپی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەكاتی سەرهەڵدانیدا،  رۆژنامەنوس و چالاكوانە حوكمدراوەكان و هەڵوێستی نەگۆرمان لە خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەكەیان، ئازادی رەخنەگرتن و بیرورای جیاواز و نەیارەكانی، مافی گەیشتن بە زانیاری و فەرهەنگی شاردنەوەی لە دامودەزگا رەسمییەكان، گوتاری رقو كینە و پاڵەوانەكانی، میدیای هەواڵگری و سیخوریكردن بەسەر رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی و سپۆنسەرەكانیان.

لە كۆتایی دیدار، وەفدەكە چەندین پرسیاریان هەبوو دەربارەی بارودۆخی كچان و ژنانی میدیاكار، روماڵكردنی پرسی ژنان لە ناو میدیای كوردستانی، ئازادی كاری مەدەنی،بارودۆخی گشتی، كە رونكردنەوەی پێویستی لەبارەوە درا.

ئەمە یەكەمین سەردانی باڵوێز ئۆڵریكە بۆ شاری سلێمانی بریارە چەند دیارێكی رەسمی لە شارەكەدا بكات.


PM:06:46:10/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌