رێگری لە 16 پەرلەمانتار دەكرێت بچنە هۆڵی پەرلەمانەوە




لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان گرژی دروستبوو 16 پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن بەپێی ماددەی 57ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکە بێبەشکران.

پاسەوانەکانى پەرلەمان دەرگاى هۆڵى پەرلەمانیان بە ڕووی ئەو پەرلەمانتارانەدا داخستووە کە رێگرییان کرد لە تەواوکردنى دانیشتنى پەرلەمان.

16 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانى ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ و چەند پەرلەمانتارێکى یەکێتى و گۆڕان لەلایەن پاسەوانەکانى پەرلەمانەوە بە بڕیارى سەرۆکایەتى پەرلەمان رێگرییان لێکرا بچنە ناو هۆڵى پەرلەمان بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا،بە تۆمەتی ئەوەی کە دانیشتنی پەرلەمانیان تێکداوە، ئەوەش دوای ئەوە دووبارە دانیشتنی پەرلەمان بەهۆی دروستبوونی گرژییەکانەوە هەڵگیرا و دواتر دەستیپێکردەوە. 

لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بڕیار بوو دەنگدان لەسەر "بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان کراوەتە سەر" بکرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتارێک گوتی، "18 کاژێر لەسەر لێبڕینی مووچە کۆبووینەتەوە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە بۆیە دەبێت ئەوە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت".

دواتر بەشێک لە پەرلەمانتاران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان کرد و وتیان چووینەتە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان و نەمانهێشتووە کۆبوونەوەکە بەردەوام بێت، بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمان رێگری لەو پەرلەمانتارانە کردووە، بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان "تێکداوە".

عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتارێکی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێمە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆن و چەند پەرلەمانتارێکی بەشدار لە حکومەت کە 57 پەرلەمانتارین لە یاداشتێکدا داوای ئەوەمان کردووە کە دەنگدان لەسەر لێبڕینی مووچە بکرێت.. بەڵام بەداخەوە سەرۆکی پەرلەمان ئەو یاداشتانە پشتگوێدەخات، بۆیە پێم وایە کە ئەو پەرلەمانە بووەتە پاشکۆی حکومەت".

بەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە

-hawlati



PM:02:55:06/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌