لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان شەش کەس دەستگیردەکرێن




رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنێت، شەش کەسیان لەو 40 کەسە دەستگیرکردوون، کە بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکردوون.
 
رۆژی 2ـی تەممووزی2021، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی قەزای دەربەندیخان روونکردنەوەیەکی لەبارەی سکاڵاتۆمارکردن لەسەر ژمارەیەک کەس، کە بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە "سووکایەتییان پێکردوون"، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 24 خاوەن پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان رووبەڕووی یاسا کردوونەتەوە.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە 40 کەسن، بەپێی سکاڵای سکاڵاکار، بەشێکیان پۆستیانکردووە و بەشێکی دیکە کۆمێنتیان نووسیوە.
 
سەرکەوت ئەحمەد گوتی، "سکاڵاکارەکە د. سازان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخانە و بەپێی فەرمانی دادوەر، تاوەکو ئێستا شەش کەس لەو 40 کەسەی سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون دەستگیرکراون و پۆلیس بەدوای ئەوانەشدا دەگەڕێت کە پۆست و کۆمێنتیان نووسیوە و لە هەرێمی کوردستان دەژین."
 
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکردبوو "ماوەیەکە ھەندێك سایت و ماڵپەڕ و پەیجی ساختە ھەڵمەتێکی ناڕەوا و دوور لە ھەر بەھایەکی ھەواڵی و میدیایی و بەھا کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەدەبەن، پەلاماری ناڕاست و ناڕەوایان دژی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرێتییەکەمان گرتووەتەبەر و رێگەخۆشکەرن بۆ نووسینی کۆمێنت و وشەی نەشیاو لەنێو ھەزاران وشەی جوان و رەخنەی بونیادنەری خەڵکی خەمخۆردا."
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 2ی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەدرێنە دادگە.
 
دەقی ماددەی 2ـی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن:
 
"هەر کەسێک ئەگەر بەخراپی تەلەفۆنی مۆبایل یان ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار، بێتەل، ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، کە ترس پەیدا دەکات یان دزەی بە گفتوگۆکردن کرد، یان وێنەی چەسپاو و جووڵاو و کورتەنامەی بڵاوکردەوە، کە لەگەڵ خوو و رەوشتی گشتیدا ناگونجێ، یان بەبێ رووخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات، یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدرەوشتی یان بڵاوکردنەوەی زانیاریی پەیوەست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە، کە بە هەر رێگەیەک بێت بە دەستی کەوتبێت، هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سووکایەتی یان زیانیان پێبگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت، کە لە (6) مانگ کەمتر نەبێت و لە ( 5 ) ساڵیش زیاتر نەبێت، بە سزایەکی ماددیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت."

وێنه‌ـ رۆژنیوس


PM:03:06:06/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌