باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لەعێراق: زیادبونی هێرشەکان هەڕەشەیە لەسەر دەوڵەت و پرۆسەی هەڵبژاردنەکان




باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لەعێراق رایگەیاند، ئەو هێرشانەی بەدرێژایی هەفتەی رابردو بنکە سەربازییەکان، فڕۆکەخانە، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتانی بەئامانج گرت، مایەی هەڕەشەن لەسەر دەوڵەتی عێراق و بۆ دروستکردنی نائارامی سیاسییە پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.

ئاوێنە: مارتن هوت باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لەعێراق له‌تویتەر پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو هێرشانەی بەدرێژایی هەفتەی رابردو کرانەسەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، فڕۆکەخانە، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتان هەڕەشە و ئاڵنگارییە بۆسەر دەوڵەتی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجی هێرشەکان دروستکردنی گرژی و نائارامی سیاسییە لەکاتێکدا عێراق بەرەو هەڵبژاردنێکی پێشوەختی پەرلەمان هەنگاو دەنێت.

لەماوەی سێ رۆژی رابردودا و چەندجارێک هێرشی موشەکی کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، فڕۆکەخانە، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتان لەبەغدا، هەولێر، ئەنبار و چەند ناوچەیەکی دیکە عێراق، تائێستاش حکومەت لەبارەی ئەو لایەنانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران رونکردنەوەی نەداوە.

-awene


PM:01:29:08/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌