دەستەی مافی مرۆڤ 'راپۆرتێکی نهێنی' لەبارەی حوکمدراوانی بادینان ئامادە دەکات




رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی شەش حوکمدراوی بادینان و دوو لە هاوڕێیەکانیان دەکات و راپۆرتێک لەبارەی رەوشی ئەوانەوە دەداتە چەند لایەنێکی بەرپرس، سەرۆکی دەستەش دەڵێت: "ئەوانەی سەردانمان کرد تەندروستیان باش بوو".
 
د.مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ پێنج حوکمدراوەکەی دەڤەری بادینان ئەوانەی کە لەلایەن دادگەوە حوکمیان بۆ دەرچوو، هەورەها لەگەڵ بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی (کە ئەویش حوکمدراوە) کۆبووینەوە لە رەوشی تەندروستی و بارودۆخی ئەوان بەگشتیمان پرسی".
 
سەبارەت بە تەندروستیی حوکمدراوان و راگیراوان، د. مونا گوتی: "تەندروستییان باشە، هەندێک کێشەی بچووک هەن وەکو هەستیاری و ئەوەش هەر روودەدات و ئاساییە، هەروەها زۆر پرسیارمان لێکردن و زۆر بەئازادانە وەڵامی هەموویان دایەوە".
 
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ ئاشکراشیکرد دەستەکەیان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی حوکمدراوان ئامادەکردووە و بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناردووە ، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە و ئەو لایەنانەی ئاڕاستەیان کراوە ئاشکرابکات، تەنها گوتی: "راپۆرتێکی نهێنییمان ئامادەکردووە کە زۆر بە وردی و بەڕەچاوکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کارمانکردووە و هەڵسەنگاندنمان کردووە، راپۆرتەکەمان ناردووە و چاوەڕوانی ئەو لایەنانە دەکەین بۆ ئەوەی بزایین دەتوانین چییان بۆ بکەین".
 
رۆژی دووشەممە 5ی تەمموزی 2021، شاندێکی دەستەی مافی مرۆڤ کە لەسەرۆکی دەستە و دوو راوێژکاری دەستەکە پێکهاتبوون سەردانی  بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتییان لەهەولێر کرد و بەپێی سەرۆکی دەستە پرسیارییان لەبارەی رەوشی بەندیخانە و ئاستی پابەندبوون بە بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پەیڕەوکردنی رێککارە یاساییەکانی مافی مرڤ لەکاتی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە و مانەوە لە بەندیخانەکانی ئاسایش کردووە.
 
سەرۆکی دەستەی مافی هۆکاری سەردانەکەی کە یەکەم سەردانی دەستەکەیە بۆ لای گیراوانی بادینان، گوتی: "سەردانەکە بۆ ئەوە بوو بزانم دۆخیان چۆنە، چونکە ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەوان هەمانبوون زیاتر لە میدیاوە وەرمانگرتبوون و ئەوەش زانیاریی دژیەک و جۆراوجۆریان تێدابوو، بۆیە بۆ پشتڕاستکردنەوە و راستی و دروستی ئەو زانیارییانە سەردانمان کردوون، بۆ ئەوەی ئاگاداری رەوشییان بین". 
 
لە 16ـی شوباتی 2021 دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادیناندا هەریەک لە ئه‌یاس ئه‌كره‌م، شێروان شێروانی‌، شڤان سه‌عید بەڕۆژکی، گوهدار محەممەد زێباری‌ و هاریوان عیسای بە شەش ساڵ زیندانی سزادا، بڕیارەکەش کاردانەوەی زۆر و جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر هەر یەک لە دادگای تەمیز و دادگای پێداچوونەوە حوکمەکانیان وەک خۆی پەسندکرد.


PM:01:31:08/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌