لە سلێمانی چالاکەوانێکی سیاسی بەدەمانچەی بێ دەنگ کوژرا




چالاکەوانێکی سیاسیی کورد کە ماوەی 10 ساڵە وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژیا، لە لایەن چەند چەکدرێکی نەناسراوەوە لە گەڕەکی ژاڵەی سلێمانی  بەدەمانچەی بێ دەنگ دەستڕێژی گولەی لێکراو کوژرا.

بەپێی هەواڵێکی  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  ''دوێنی 14ی تەمموزی 2021، چالاکێکی سیاسیی خەڵکی سنە بە ناوی "بێهرووز رەحیمی" ناسراو بە ڕێبین، کە تەمەنی 49 ساڵ بووە، لە شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی ژاڵەی سلێمانی کە لە دەرەوەی شار هەڵکەوتووە، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ''ئەم چالاکە سیاسییە پاسەوانی کۆگایەک بووە و لە لایەن سەرنشینانی ئوتۆمبێلێکی BMWی ڕەش بە دەمانچەیەک کە بێدەنگکەری لەسەر بووە، لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە و لە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شۆڕشی سلێمانی بە هۆی قووڵ بوونی برینەکەیەوە گیانی لە دەستداوە.''

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕێبین ڕەحیمی هاوکات لەگەڵ پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکە ڕایگەیاند، ''ڕێبین یەکێک لە ئەندامانی چالاکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک بووە و لە دە ساڵ لەمەوبەرەوە وەک پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان نشتەجێ بوو. ناوبراو سەرەتا لە قەڵادزێ دادەنیشت و لەم ساڵانەی دواییشدا دانیشتووی سلێمانی بووە.''


PM:04:05:15/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌