مشتومڕی زۆر لەبارەی ئەوە هەیە كە دەسەڵاتی كلیك كردن و سەردەمی ژیریی دەستكرد، جێگەی كاری رۆژنامەڤانیی بگرێتەوە؛ بەڵام هێشتا زانیاریی ئەو دەسەڵاتەی لەدەست نەداوە كە نێوەرۆك سەنگین دەكات و رۆژنامەڤان ئەو ئەركەی لەسەر شانە كە پارێزەری ئەو دەسەڵاتەیە.
لە سەرانسەری جیهان رۆژنامەڤانان بەردەوامن لە مەترسی خستنە سەر ژیان و ئازادیی خۆیان بۆئەوەی راستییەکان بگەیێنن.
ژیریی دەستكرد چیدیكە چەمکێکی دوور نییە، لەگەڵ هەمووانە، خەریکە چۆنێتی کۆکردنەوە و بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زانیاریمان لە چوارچێوە دەداتەوە. ئێستا ئەلگۆریتمەکان پوختە دەنووسن، داتاکان دەپشکنن و تەنانەت سەردێڕەکان دروست دەکەن.
ئەم ئامرازانە دەتوانن کات پاشەکەوت بکەن، چیرۆکەكان بگێڕنەوە و روونکردنەوە بۆ ئاڵۆزییەکان بدەن.
بەڵام گومان لەوە ناكرێت كە ژیریی دەستكرد رۆژنامەڤان نییە؛ نە هەستی دادپەروەری، نە باكگراوندێكی ئیتیك و نە لێپرسینەوەی نییە، ئەوە دەكات كە ئێمە پێی دەدەین و داوای لێدەكەین؛ هەم دەتوانین پڕی بكەین لە زانیاریی هەڵە، هەم تەژی بكەین لە راستی؛ ئەویش هەم دەتوانێت ببێتە مێگافۆنێک بۆ زانیاریی هەڵە و دروستكردنی كۆشكی درۆكان، یان بڵندگۆی راستی و زانیاریی زێڕین.
زۆربەمان بینیومانە ڤیدیۆی ساختە، دەنگی دروستکراو و دیپ فەیکەکان ڤایرۆس بوون، خەڵک سەرلێشێواو دەکەن و متمانەیان لەنێوبردووە. لێرە ئازادی كلیك كردن و كلیكی ئازادی دەردەكەوێت، مرۆڤ لەگەڵ ئازادبوونی تەواوەتیی ئەخلاق و حوکمدانی مرۆڤایەتی دەبیندرێت.
ئاڵنگارییەكە تەنیا ژیریی دەستكرد نییە، ئاڵنگاریی ئازادییە، بڕوابوونی دەسەڵاتە بە لانیكەمی ئازادیی كاری رۆژنامەگەری، هەروەها ئێستا جگە لە یاساكان و جێبەجێكردنیان، ئاڵنگارییەكەی دیكەی بەردەم رۆژنامەڤانان خۆلادانە لە شەپۆلی زانیاریی ناڕاست بە جۆرێك وەكو خۆڵ دەبارێت، بەتایبەت كە پێگەكان بەكاردەهێندرێن.
لێرەوە نابێت ئاییندەی رۆژنامەگەری بە تەنها بۆ ئامێرەكان جێبهێڵدرێت؛ سەرنووسەران، پەیامنێران و ئەوانەی بەدوای راستییەكاندا دەچن، دەبێت لە دڵی پرۆسەکەدا بمێننەوە. پێویستە ژیریی دەستكرد پشتگیریی رۆژنامەگەریی بکات، نەک جێگەی بگرێتەوە. پێویستە یارمەتی فراوانبوونی راستی بدات، نەک دەستکاریکردنی.
بەڵام لەنێوان هەموو ئەم گۆڕانکارییانەدا، لەنێوان سانسۆر، گوشاری سیاسی، هەڕەشەی ئۆنلاین و پێشبڕکێی کلیکەکان شتێکی سەرنجڕاکێش روودەدات.
خەڵک دەگەڕێنەوە بۆ میدیای سەنگین و باوەڕپێکراو.
سەرەڕای دروستكردنی ژاوەژاو، وەشانی زانیاریی بێ بنەما و دروستكردنی بینەر و ڤیوەری ساختە، دروستكردنی رۆژنامەڤانی بووكەڵە، فوتێكردنی پێگەكان، خەڵک دەگەڕێنەوە بۆ هەواڵ و زانیاریی قووڵ، دەنگی متمانەپێکراو و شیکارییەکی مانادار؛ هەروەها میدیای سەنگین.
خەڵك لەم سەردەمی نادڵنیاییە، دڵنیایی دەوێت، زانیاریی راستیان دەوێت، لە كاتێكدا ساختە زانیاری وەكو خۆڵ دەبارێت، خەڵك هەواڵێكیان دەوێت ئاگەداریان بكاتەوە نەوەكو تەنیا سەرگەرمییان پێ بدات.