دیاردەی بڵاوکردنەوەی وێنەی رووداو و مەینەتییەکان، نیشاندانی تەرم و قوربانییانی شەڕ و کارەساتەکان لە دەزگاکانی راگەیاندن، کە لەلایەکەوە روون و ئاشکرایە دژی ئاکار، بەها و پرەنسیپە مرۆییەکانە، لەلایەکی دیکەشەوە جۆرێك بێڕێزیکردنە بە قوربانییان و کەسوکاریان، هەروەها مەترسییە بۆ سەر لایەنی دەروونیی خەڵك، خۆ ئەگەر کردەوەکە تیرۆریستی بێت، ئەوا راستەوخۆ خزمەت بە ئەجێندای خراپەکار و تێوەگلاو و تیرۆریستان دەکات، یارمەتیدەریانە پەیامەکانیان بگەیەنن، کە خۆی لە تۆقاندنی مرۆڤدا دەبینێتەوە.
کارەساتێك روویداوە، خوێن رژاوە، جەنگی وێرانکار هەن، کەسانێك نەخۆشن و لەسەر جێگادا کەوتوون و لە گیانەڵلا دان، کەسوکارەکانیان لە دەوریان کۆبوونەتەوە و دەگرین، یان نزایان بۆ دەکەن، بڵاوکردنەوەی وێنەکەیان بەو حاڵەی کە تێیدان، رێزنەگرتنە لە خۆیان و کەسوکارەکانیان و وەرگران.
مووچەخۆرێك لە چاوەڕوانی مووچە دواکەوتووەکەیدا دۆشداماوە، سات بە سات بەدوای هەواڵێکی خۆشدا دەگەڕێت، لە ناکاو هەواڵێك بە وەسف و داڕشتنێکی خراپ و دوو سێ رستەی رەق و تەق و بێ گیان پێی دەڵێت، مووچە نایەت و کێشەی زۆری بۆ دروستبووە و دیار نییە کەی دەگات! ئەو شۆکە دەبێتە میوانێکی رەزا قورسی هەموو چاوەڕوانان، جا کێ بەرگەی دەگرێت و کێ نایگرێت و کێ تووشی شەکرە و سەکتەی مێشك دەبێت یان نا، ئەوا ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی ئەو دامەزراوەیەی بۆ زیادکردنی لایك و ڤیوەرەکانی بەو شێوەیە لە کارەکەی خۆی تێگەیشتووە!
لە راستیدا ئەم دیاردەیە، ئەوپەڕی بێهودەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە میدیایەك هەموو ئاستەکەی ئەوەندە بێت بازاڕی خۆی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خوێن، برین، تەرم، ئازاری مرۆڤ، ناڵە، هاواری کەسوکاری لێقەوماو و قوربانییان گەرم بکات، یان هەوڵبدات هەواڵی هەستبزوێن و ناخۆش پەخش بکات، بۆ ئەوەی خوێنەر و بینەر و گوێگر لەخۆی کۆبکاتەوە، بیەوێت یان نا میدیایەکی سادیستە و چێژ لە ئازاردانی مرۆڤ وەردەگرێت!
لەگەڵ ئەوەی گومانی تێدا نییە، ئەم کارە یان لە نەزانییەوەیە، یاخود لەوپەڕی ئاگایی و بە مەبەستی دیکەی سیاسی و ئایدۆلۆژی پەنای بۆ دەبردرێت، بەڵام هەر چۆنێك بێت میدیا لە حاڵەتی ئاوادا لە کارە راستەقینەکەی خۆی دادەماڵدرێت و بێلایەنی خۆی لەدەست دەدات و جاری وا هەیە دەبێت بە ئامرازێکی هەرزان بەدەست تێکدەرانەوە.
بەداخەوە پێدەچێت بەشێكی زۆر لە پلاتفۆرم و دامەزراوە میدیاییەکانی کوردستان تاوەکو ئێستا لە مەترسییەکانی ئەم کارە تێنەگەیشتبن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەم کارێکی ناپرۆفێشناڵانەیە، هەمیش کەمکردنەوەیە لە سەنگ و بەهای کاری میدیایی.
بە گەڕانەوە بۆ مێژوویێکی زووی میدیای هاوچەرخ و بە دیاریکراوی لەدوای 11ـی سێپتێمبەرەوە کەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندن لەسەر ئاستی جیهاندا لەمبارەیەوە دووچاری هەڵەی گەورە بوون، هەر لە خودی رووداوەکەوە بگرە تاوەکو دەگاتە بە گەورە نیشاندانی توانای هێرشبەران و بەوهۆیەشەوە هەڵگیرسانی جەنگی ئەفغانستان و بڵاوکردنەوەی کورتەڤیدیۆ و پەیامی رێکخراوی قاعیدە و تاڵیبان بەشێوەی راستەوخۆ.
لەوێوە کەناڵە دەستڕۆیشتووەکان وەك ئەوەی هەنگوینیان لەداردا دۆزیبێتەوە، کێبڕکێیان بوو لەسەر دەستگەیشتن بە لایەکەی دیکەی شەڕ، کە گرووپی قەدەغەکراو بوون، ئەوانەی کە چەکی گەورەی دەستیان بریتیبوو لە تۆقاندنی مرۆڤ. تەنانەت دامەزراوەی میدیایی وا هەبوو خۆی بۆ کۆنترۆڵ نەدەکرا و لەناکاو وەك بڵندگۆی ئەو لایەنە مامەڵەی دەکرد، کە رووخسەتی هاتنەژوورەوە و بەدەستهێنانی لەپێشینەیی هەواڵی پێدابوو.
راستە لە گەیاندنی هەواڵی رووداوەکاندا پێویستە دید و بۆچوونی یار و نەیار بگوازرێنەوە، بەڵام بەو شێوەیە نا وا بکەوێتەوە وەرگر وەك گوتەبێژی ئەو لایەنە لەو کەناڵ و دەزگای میدیاییە بڕوانێت.
دوای ئەوە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و عێراق، رووخانی دەسەڵاتەکەی حزبی بەعس، پاشان لە ئاڵۆزییەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی و شەڕی داعش، دواتریش لە جەنگە وێرانکارییەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززەدا ئەو دیاردەیە زیاتر تەشەنەی کرد، بگرە کاریگەرتر دەردەکەوت لەبەر ئەوەی ئامرازەکانی گەیاندن پێشکەوتووتر بوون.
دەتوانین بڵێین دۆخەکە بەجۆرێكە تەنانەت وەرگری ئاسایی وا تێگەیشتووە ئیتر ئاراستە راستەقینەکەی کاری میدیایی هەر ئەوەیە و ناچارین قبووڵی بکەین!
هەندێك دامەزراوەی میدیایی بەبێ تێگەیشتن و بێ زانین و ئاگاداربوون لە سەرەتاییترین پرەنسیپەکانی راگەیاندن، هەرچییەکیان دەستبکەوێت لە وێنە و ڤیدیۆ یان تەنانەت هەواڵ وەك نووسین و خوێندنەوەش بێت، بێ فلتەرکردن، گوێدانە هەست و سۆزی وەرگر بڵاوی دەکەنەوە، بێئەوەی حسابی ئەوە بکرێت هەندێك بابەت هەن بۆ تەمەنێکی دیاریکراوی وەك منداڵان یان نەخۆش و بەساڵاچووان گونجاو نین! ئەمەش مایەی بێزارییەکی گەورەیە، کە بە دڵنیاییەوە ئەگەر هیچ کاردانەوەیەکی گەورەش روونەدات، هەموو ئەوانە ناچار دەکات هەرچی زووە لەو دامەزراوە میدیاییە دووربکەونەوە.
تەنانەت بابەتەکە گەیشتووەتە ئاستێکی وەها خراپ، تاوەکو ئەو راددەیەی خەڵکێك بڵێت لەحاڵەتی وەهادا ناچارین دەستمان لەسەر دوگمەی کۆنترۆڵی تەلەڤیزیۆنەکانمان بێت، نەوەک نیشاندانی دیمەنێكی خوێناوی یان گوێگرتن لە هەواڵێکی ناخۆش، دڵی خۆمان و منداڵەکانمان بتەزێنێت!
هەڵبەتە ئەوە یەکلاییبووەتەوە، بڵاوبوونەوەی هەواڵ بە شێوازی ناتەندروست کاریگەری زۆر خراپ بەسەر تەندروستی دەروونیدا جێ دەهێڵێت، مرۆڤ ماندوو دەکات، دڵەڕاوکێ دروست دەکات، بەگوێرەی بۆچوونە پزیشکییەکان بیستنی هەواڵی بێزارکەر کاریگەری خراپی هەیە و دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنەکانی ئەدرینالین و کۆرتیزۆل. کە دوو هۆرمۆنن لەدەرەنجامی سترێسەوە زیانی جەستەییان دەبێت، وەك خێرا لێدانی دڵ، هەناسەتووندی، گرفت و تێکچوونەکانی گەدە.
ئەگەرچی لە هەموو سەردەمێکدا لەگەڵ ئەوەی لادان و هەڵەی میدیایی هەن، هاوکات دامەزراوەی میدیایی پابەند و پرۆفێشناڵیش هەن، بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەیبینین و بینیومانە بە گشتی زۆرینەی هەرە زۆریان ئەوانە بوون بەوە بازاڕی خۆیان گەرم دەکرد و وێنەی قوربانیان و برین و خوێن و شین و گریانیان بڵاوکردەوە.
لەگەڵ ئەو بێسەروبەرییەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، جۆرێکی دیکەی میدیای بێزارکەر رەواجی پەیداکردووە، کە زیاتر لە بەرگی سەکۆ و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیایی خۆی دەنوێنێت، ئەمیشیان بە هەموو لق و پۆپەکانی بینراو، بیستراو و خوێنراوەکەیەوە، کە زۆر جار، وا دەردەکەوێت لەوپەڕی هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتییەوە دەستبەکارە، بێ گوێدانە کاریگەرییە خراپە دەروونییەکانی وەرگر، ئەو میدیاییەی کە لە جیاتی بڕیاردەرانی سیاسی شەڕی نەیارەکانیان دەکات، دەبێ بزانێت هەڵەیە و کەوتووەتە ناو تەڵەی سیاسەت و ناتوانێت بە ئاسانی خۆی رزگار بکات، بێجگە لەوەی بەو کارەی، مێشکی وەرگر دەکاتە قوربانی ململانێ حزبیی و بەرژەوەندییە بەرتەسکە سیاسییەکان.
لەبەر ئەوە بەپێویست دەزانرێت میدیاکاران، پێش ئەوەی هیچ کەس و لایەنێك چاودێرییان بکات، سەرەتا لە چوارچێوەی پەیماننامەیەکی شەڕەفدا رێگا بەخۆیان نەدەن هەواڵی ناخۆش و شۆکهێنەر و هەستیاری وەك حاڵەتەکانی کوشتن و رووداوە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی ناتەندروست بڵاوبکەنەوە، بە نموونە: هەواڵێك بڵاودەبێتەوە چەند کەسێکی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی دیاریکراو هەڵەیەك دەکات، نابێ شێوازی داڕشتنی هەواڵەکە وەها بێت وڵاتەکە و خەڵکەکەی بە گشتی بە بەدکار وەسف بکرێن و هەستیان بریندار بکرێت. یان رووداوێکی تراژیدی کە دەکرێتە هەواڵ پێویست ناکات کەسوکاری قوربانیان بەشێوەی رووخاو نیشانبدرێن، یاخود هەوڵبدرێت گەرما و گەرم قسەیان لەگەڵدا بکرێت بەتایبەت لە حاڵەتی گواستنەوەی راستەوخۆدا، نیشاندانی هەر رووداوێکی لەو شێوەیە کاریگەری خراپ بەسەر وەرگراندا جێدەهێڵێت و دووچاری دۆخی دەروونیی ناخۆشیان دەکات، لە هەندێك حاڵەتدا بەو هۆیەوە رەنگە کێشە و گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتیش سەرهەڵبدات و بابەتەکە سنووری ناوخۆی وڵات تێپەڕێنێت و ناکۆکی بخاتە نێوان وڵاتانی دەر و دراوسێ و جیهان!