ژیری لە سەردەمی شاشەدا
سپێدە سالحی
ئێستە لە سەردەمی شاشەکاندا دەژین، بەڵام هەر ئەوەندە نییە، بەڵکوو دەکرێ بڵێین شاشە بەشی زۆری ژیان و هەست و بیرکردنەوەمان ئاڕاستە دەکات. بێگومان شێوازی ئیشکردن و کاریگەریی پەیجێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی، لەگەڵ کەناڵێکی حزبی یاخۆ ئۆپۆزسیۆن، جیاوازیی هەیە، بەڵام ئەوەی کە هەردووکیان بە ئاستی پلان و نەخشەڕێی خۆیان لەسەر بینەر و وەرگر کاریگەرییان دەبێت، هیچ گومانێک نییە. 

سەردەمێک کتێب ئەو لاپەڕە پیرۆز و بە حورمەتە بوو کە ئێمە لێیەوە هەوڵمان دەدا دنیا ببینین یا کێشەکانمان چارەسەر بکەین، یاخۆ بە گشتی وەک سەرچاوەیەکی نەمر و سەنگین بۆ هەر جۆرە ئالنگارییەک کە مرۆڤ تێیدا دەژی، پێگەیەکی بەهێز و پتەوی هەبوو. ئەگەرچی کۆمەڵگە ڕٶژهەڵاتییەکان و ئێمەیش لەناویاندا، هەروەها وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو، زۆر لە ناو خشتەی کۆمەڵگەی کتێبخوێندا جێ ناگرین و لە ڕیزەکانی زۆر خوارەوە بووین، بەڵام بە گشتیی پەرەسەندنی جیهانیی شاشەی دیجیتاڵ و کولتووری دیجیتاڵیزم، سەرەڕای هەموو باشییەکانی، جێی بە کتێب وەک سەرچاوەی زانیاری و حیکمەت و بیرکردنەوە، لەق کردووە. ئەمە بەشێوەیەک هەموو دنیای گرتووەتەوە. 

لەم نەزمە نوێ و ترسناکەدا ئەو کۆمەڵگەیەی لە خشتە و پلانێکی کولتووریی دیاریکراو و بە دیسیپلیندان، هێشتا قورسایی کتێبیان پاراستووە، ڕەنگە بتوانن بەشێوەیەک خۆیان لە شەپۆلە سڕکەرەكانی دنیای نوێ تا ئاستێك بپارێزن، بەڵام لەو کولتوورانەی کتێب بەهۆی تەکنەلۆجیاوە پەراوێز خراوە، ئیتر ئەوە مرۆڤەکان نین زانیارییەکان بەرهەم دێنن و دەیخەنە بەردەستی یەکتر، بەڵکوو کۆمەڵێک ئامێری دیجیتاڵی و گەڕان و پشکنینی زانیارییە کە پاش تێپەڕین بەناو فلتەری سیاسیدا، دەکەوێتە بەردەست خوێنەر و بینەران. 

بێگومان ئەوە ڕوونە کە ئەم دنیا دیجیتاڵییە هەر لەلایەن مرۆڤەوە پراکتیزە دەکرێت، بەڵام ئەو مرۆڤانە بەهۆی پۆتانسێل و ئەو ئەگەرانەی کە ئەم دیجیتاڵیزمە خستوویەتییە بەردەست، لە بازنەیەکی دیاریکراودا مەعریفە و زانیاریی بەرهەم دێنن. واتە پرسەکە لێرەدا تەنیا ئامێر نییە، بەڵکوو سیستمێک لە کارکردنی ڕۆبۆتی-مرۆییە کە لایەنە مەعریفی و باڵاکانی مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی بکات بە یارییەکی سیاسی و ڕای گشتیی پێ ئاراستە بکات. 

هەڵبەت ئەمە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، ئێمە دەیان ماڵپەڕی فەرمی و نافەرمی دەبینین کە کۆمەڵێک وتاری زانستی جۆراوجۆریان خستووەتە بەردەست كە ڕەنگە وەک کتێب بە ئاسانی دەست نەکەون، بەڵام هۆی چییە ڕێژەی گەڕان بە دوای ئەو وتارانەدا ناگاتە 5%ی گەڕان و سووڕانەوە لەناو ئینستاگرامدا؟. لێرەدا تەلیسمێک لە کاردایە، ئەویش تەلیسمی شاشە و بڵاوکردنەوەی مەعریفەی پڕووکاو  و هەلاهەلاکراوە! 
شاشە بەشێوەیەکی ئاراستەکراو حەزی ئێمە بۆ بابەتێکی دیاریکراو سنووربەند دەکات، لەو سنوورە بەرتەسکەدا گێڕانەوە یا باشترە بڵێین ڕاپۆرتێکی ئاراستەکراو دەخاتە ڕوو، بە کۆمەڵێک وێنەی دیاریکراو و بە دەنگێکی لایەنگرەوە کە سواغدانی گوێچکەی لە ئەستۆیە! بێگومان ئەمە وێنایەکی گشتی و ناتەواوە و زۆر تەکنیک و فێڵ هەن کە شاشە دەیکات و ئێمە تەلسیم دەکات.

ئەمە یارییە گشتییەکەیە، هەر وڵاتێک بە پێی توانا و مێژووی بنیاتنانی لە گەڕان و سووڕدایە تا شاشەکەی خۆی سەرنجڕاکێشتر بکات بۆ هەمووان. ئێمەی کورد ڕەنگە زیاتر لە هەر نەتەوە و کۆمەڵگەیەکی دیکە مەترسیی ئەوەمان لەسەر بێت بکەوینە بەر تەلیسمی جۆراوجۆر و تەنانەت نەناسراوی شاشە، چونکە ئێمە تەنیا لە ڕێگەی شاشەکانی خۆمانەوە گەمارۆ نەدراوین، بەڵکوو لەلایەن شاشەی چەندان هێزی سیاسیی و تێکدەری گەورەیشەوە پرۆژە و پلانمان بۆ دادەنرێ! زۆر لە شاشەکان لە ڕاستیدا بە نوێنەرایەتیی ئیش دەکەن، ئەگەرچی بە زمانی کوردین و ڕووخسار و سیما دیارە کوردییەکان تێیدا دەردەکەون. 

بۆ نموونە، کەناڵی "پەیام"ی کۆمەڵی دادگەریی، بەشی زۆری ناوەرۆکی شاشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستانیان دەنوێنێتەوە. کەناڵی "ئامۆژگاری"ی هێندەی باسی یاساکانی جیهانی عەرەب و دۆخێکی نامۆی مرۆیی لە شوێن-کاتی جیاوازدا بۆ کەسانی ناو شوێن-کاتێکی دیکە دەکات، ناپەرژێتە سەر واقیعی جیهانی ئێمە و قەیران و ئالنگارییەکانی. یان ئێستە کەناڵی "زووم" هێندەی نوێنەری لایەنێکی دیاریکراوی بە شەخسیکراوە، فڕی بەسەر ئۆپۆزسیۆنێکی پلاندارەوە نییە، کەواتە بە مانایەک ئێمەی کورد لەناو دۆخی شاشەدا دەژین کە لە ڕووی کوالێتی و ناوەرۆكەوە کێشە و کەموکوڕیی گەورەیان هەیە، بە بەراورد لەگەڵ شاشە تەلیسمکارە دیارە جیهانییەکان. 

وەک دەیان نووسەری چالاک باسیان کردووە، پرۆژەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە پلان و پشتیوانی و هاوکاریی هەمووانی دەوێت. واتە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە دەتوانێت چاویلکەیەکی ئەمین و فلتەردار بکاتە چاومان تا مێشک و سیستمی وێناسازی و بیستنمان، لە ساتی بینینی شاشەکاندا کیان و جەوهەر و کارامەیی خۆی بپارێزێت. 
لەم قۆناغەدا بە کولتوورکردنی خوێندنەوە زیاتر لە جاران پێویستە، هەم وەک چەکێک لە هەمبەر هێرشی مەعریفە و زانیاریی پڕووکاو و ئەنجن ئەنجنکراودا، هەمیش وەک پێویستییەک بۆ پڕچەککردنی واقیعی، نەک وەهمی، تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواری بۆ بیرکردنەوە و تێڕامان لە هەر شتێک کە پێوەست دەبێت بە چارەنووسی مرۆڤ و دواتر خۆیانەوە، وەک نەتەوە و کۆمەڵگە. 


AM:02:55:05/06/2025