تەندروستیی دەروونی منداڵان لە کاتی جه‌نگدا
هاوکار حوسێن
 
لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زۆرێک لە ئێمە هەست بە ترس دەکەین، ترسێک کە نە کۆنە، نە نامۆشە بە ئێمەی کورد. ترس لەوەی کە پڕیشکی ئەو ئاگرە بەر ماڵی ئێمەش بکەوێت، یان باری ئاسایش، ئابووری، کۆمەڵایەتیمان تێک بچێت. ئەم ترس و نیگەرانییە بووەتە گفتوگۆی رۆژانەی بەشێکی زۆر لە خێزانەکان، بووەتە هەواڵی بەپەلەی تەلەڤیزیۆن و سۆشیال میدیا. لەم نێوانەدا منداڵان بەرکەوتەیەکی راستەوخۆی ئەم نیگەرانی و نادڵنیاییەی ئێمەن؛ بۆیە وەک چارەسەرکارێکی دەروونی، بە پێویستی دەزانم هەندێک رێنمایی دەروونی بخەمە بەر دیدەی دایبابان، تاوەکو بتوانن لەم دۆخەدا باشتر هاوکاری منداڵەکانیان بکەن.
 
یەکەم: لە جیاتی ئەوەی لە منداڵەکەتی بشاریتەوە، یان بە منداڵەکەت بڵێی "هیچ نییە" و "هەموو شتێک باش دەبێت"، هەوڵبدە بە زمانێکی سادە و بە ئارامی بۆ منداڵەکەتی شیبکەیتەوە، کە جەنگێک هەیە لە نێوان دوو وڵاتدا کە دراوسێی ئێمەن؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مەترسی راستەوخۆی نییە بۆ ئێمە، ئەگەر هاتوو هەر شتێکی نەخوازراویش رووبدات ئێمە بە یەکەوە دەبین و لەگەڵ یەکتری دەمێنینەوە، بەیەکەوە وەکو خێزان رووبەڕووی دەبینەوە، ئەمە واده‌كات ترس له‌لاى منداڵه‌كه‌ت كه‌متر بێته‌وه‌ و متمانەی نێوان تۆ و منداڵەکەشت پتەوتر دەکات.
 
دووەم: ترسی منداڵەکەت لە جەنگ و کاولکاری نەخۆشی ده‌روونى نییە، بەڵکو کاردانەوەیەکی سرووشتیە. زۆر پێویستە پاڵپشتیکار و هاوکاری منداڵەکەت بیت. هەوڵ مەدە ئەو ترس و نیگەرانییە بە تووڕەبوون یان بە ناوزه‌دكردنى منداڵەکەت بە "ترسنۆک" کەم بکەیتەوە. بە پێچەوانەوە گوێ لە ترس و نادڵنیاییه‌كانى بگره‌؛ کاتێک منداڵەکان هەست دەکەن کە گوێیان لێدەگیرێت و گەورەکان لێیان تێدەگەن، باشتر و ئاسانتر دەتوانن ترسەکانیان دەرببڕن و هەست بە سه‌لامە‌تى زیاتر دەکەن.
 
سێیەم: لە رێگەی سۆشیال میدیاوە، بەبێ فلتەر و بەبێ ئاگاداری، نێوەڕۆکی تووندوتیژ په‌یوه‌ست به‌ جه‌نگه‌وه‌ بە خێرایی دەگاتە دەستی منداڵان و هەرزەکاران؛ بۆیه‌ زۆر پێویستە دایبابان چاودێری ئەوە بکەن، منداڵەکانیان چی دەبینن. زۆر گرنگه‌ دایبابان به‌ به‌رچاوى منداڵه‌كانیانه‌وه‌ سه‌یرى هه‌واڵه‌كان نه‌كه‌ن، چونكه‌ سرووشتى هه‌واڵى میدیایی وایه‌ له ‌زۆربه‌ى كاته‌كاندا زانیارییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ یان ئازاربه‌خشه‌، یاخود نائاساییه‌، به‌تایبه‌تى ئه‌م ماوه‌یه‌ پێشبینى كراوه‌ كه‌ نیوه‌ى زیاترى هه‌واڵه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م جه‌نگه‌ بێ‌، بۆیه‌ ناكرێ دایبابان به‌ به‌رچاوى منداڵه‌كان بینه‌ر و بیسه‌رى ئه‌م هه‌موو هه‌واڵه‌ جه‌رگبڕ و ناخۆشه‌ بن.
 
ئەگەر هەستت کرد منداڵەکەت بەهۆی بینینی دیمەنەکانی جەنگه‌وه‌ لە شاشەوە تووشی نائارامی و ترس بووە، هەوڵبدە لەگەڵیدا قسە بکە. بپرسە کە هەست بە چی دەکات. دەرفەتی پێبدە ترسەکەی لە رێگەی قسەکردنەوە دەرببڕێت، ئەگەر حەزی بە قسەکردن نەکرد، هانی بدە بە وێنەکێشان و رەنگکردن یان هەر چالاکییەکی دیکە ئەو ترس و نیگەرانیە دەرببڕێت کە هەیەتی؛ دواتر گفتوگۆى له‌گه‌ڵدا بكه‌. 
 
چوارەم: لێگەڕێ با رۆتینی رۆژانەی خێزانیتان وەک خۆی بڕوات. لە کاتە نادڵنیاییەکاندا، یەکێک لە پارێزبەندییە دەروونییەکان بۆ منداڵان ئەوەیە، کە رۆتینەکانی ژیانی رۆژانەى خێزان، وەکو کاتی ژەمەکان، سەردانکردن و کۆبوونەوە خێزانییەکان، یاریکردن، کاتی خەوتنى منداڵه‌كان وەک خۆی بمێنێتەوە. بەمە دایبابان بە رێگەی کرداری، نەک تەنیا بە قسەکردن، پیشانی منداڵەکانیان دەدەن، کە ئەوان سەلامەتن و گرنگییان پێدەدرێت و زیاتریش هەست بە پاراستن و سەقامگیری ده‌كه‌ن.
 
پێنجەم: نەک تەنیا پەیوەست بە جەنگەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی گرنگە دایبابان منداڵەکانیان ئامادە بکەن بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو. گرنگە یارمەتی منداڵەکانیان بدەن تاوەکو بزانن لە حاڵەتی نائاساییدا پەیوەندی بە کێوە بکه‌ن و چ شوێنێک سەلامەتە بۆی بچن، بەڵام لەسەرووی ئەوەشەوە زۆر گرنگە، ئەم ئامادەکارییە بە زمانێکی ئارام و نەرم بێت، دوور بێت لە زیادەڕۆییکردن لە باسکردنی مەترسییەکان. ترساندنى منداڵان و زیادەڕۆییکردن له‌ باسكردنى چۆنیه‌تى خۆپاراستنیان له‌ كاته‌ نەخوازراوه‌كاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان هەست بە بێدەسەڵاتی بکەن و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە لە کاتە نەخوازراوەکاندا کەمتر دەتوانن ئەو رێنماییانە جێبەجێ بکەن کە پێیان دراوە. بیرت نه‌چێ لێره‌دا ئامانج ئەوەیە منداڵەکان هەست بە ئامادەیی بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی مەترسیدار و نەخوازراو، نەک هەستكردن بە ترس و بێدەسەڵاتی.
 
شەشەم: هەوڵ مەدە ئازاری گەلانی دیکە لەلای منداڵەکەت ئاسایی بکەیتەوە. پێی مەڵێ "پێم خۆشە وایان بەسەر دێت، ئەوان دووژمنی ئێمەن" یان "چونکە ئەوان لە ئایین، مەزهەب یان نەتەوەی ئێمە نین، یان خراپەیان لەگەڵ ئێمەدا کردووە، بۆیە شایەنی ئەوەن ئەو ئازار و نەهامەتیە ببینن"، منداڵان بە خێرایی ئەم پەیامانە وەردەگرن و دەروونی منداڵەکەت پڕدەکات لە رق و کینە.
 
وەک دایبابی کورد دەبێت وریا بین، رێگە نەدەین شەڕی ئەوانی دیکە دڵی منداڵەکانمان ژەهراوی بکات. لە جیاتی پێشاندانی لایەنگیری، بۆ منداڵەکەتی روونبکەوە، کە جەنگ بۆ هیچ کەس باش نییە. پێگەی ئاکاری خۆت وەکو مرۆڤێک بۆ منداڵەکەت بخەڕوو، پێی بڵێ ناکرێ ئێمەی مرۆڤ دڵخۆش بین بە ئازاری ئەوانی دیکە. ئەمە بەشێکە لە پەروەردەیەکی ئاکاری بەرز، ئەگەر بەم شێوەیە یارمەتی منداڵەکان بدەین، کاتێک گەورە دەبن دەتوانن باشتر پێگەی ئاکاری خۆیان بدۆزنەوە، لەوانەیە بەشدارییەکی کاراشیان هەبێت لە دروستکردنی ئاشتی لە ئاستی جیهانیدا. پەروەردەکردنی مرۆڤ لەسەر بنەمای هاوسۆزی و مرۆڤ-ژینگەدۆستى لە منداڵیەوە دەست پێدەکات، ئه‌وه‌شى ئەرکی سه‌ره‌كى دایك و باوكه‌.
 
به‌گشتى لە كاتى جه‌نگ و ناخۆشییه‌كاندا، دایک و باوکان رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە پاراستنی تەندروستیی دەروونی منداڵەکانیان، ئه‌وان دەتوانن یارمەتی منداڵەکانیان بدەن کە بەشێوەیەکی تەندروست رووبەڕووی ئەم دۆخە قورسە ببنەوە. ئەم رێنماییانەی سەرەوە جەنگ ناوەستێنێ، بەڵام دەشێ هۆکارێک بن تاوەکو منداڵەکەت ئەو ترس و نائارامییە لێی نەبێتە زەبرێکی دەروونی؛ لەهەمووشی گرنگتر هەست بە بوون و پشتیوانی تۆی دایباب بکات لە ژیانیدا.

AM:04:19:17/06/2025