لەگەڵ ڕوودانی هەر بارودۆخێكی ناسەقامگیری سیاسی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر دەروون و بارگوزەرانی تاك دروست دەكات، ئەمە جگە لەوەی كە كاریگەریەكی نەرێنی خراپی لەسەر بازاڕ و جموجۆڵە بازرگانیەكان دەبێت سەڕەڕای ئەمەش نرخی دراوەكان و زێر و زیو و بەرهەمە نەوتیەكان بەبەردەوامی لە گۆڕان و بەرزی و نزمی دادەبن، بێگومان بەرهەمە خۆراكیەكانیش لەم ناجێگیریە ئابووریانە بەدەر نین. بۆیە ئەمانەو چەندین هۆكاری تر كە وا لە تاك دەكەن هەمیشە لە دوودڵی و ترس و دڵەڕاوكێ قەلەقی دابن و بەردەوام بیر لە جەنگ و قەیرانی ئابووری بكەنەوە، بەوپێیەی لە هەر كۆمەڵگەیەكدا كاتێك بارودۆخی سیاسی ڕووی لە ناسەقامگیری كرد تاك هەست بە ئاسایشی دەروونی ناكات چونكە ووردە ووردە دۆخی تاك لە تەواوی بوارەكانی تر ڕوو لە خراپی دەكات.
بۆ بوونی دەروونێكی درووست پێوستمان بە سەقامگیریەكی تەندروستی دەروونی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی...هتد. ئەگەر بێت و ئێمە سەری تاكی كورد بكەین هەر زوو ئەوە دەبینین كە تاكی كورد تاكێكی ناجێگیرە لە ڕووی سەقامگیری تەندروستی دەروونی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی...هتد. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بونی ئەو مێژووە نەتەوەی و سیاسیەی كە كە بەردەوام تێدا ژیاوە و هەرگیز لە ململانێ و ئاڵۆزییە سیاسییەكان بەدەر نەبووە بۆیە هەر نەوەیەك شاێدی دۆخێكەو لە هیچ كات و ساتێكیشدا تاكی كورد نەیتوانیوە گەرە نتی ڕاستەقینەی جێگیری سیاسی بەدەست بهینێت جا هۆكارەكان پەیوەندیان بە ناوەوە یاخود دەرەوەی هەرێم هەبوبێت بەڵام لە كۆتایی دا هەمیشە بەشێك لەو تاكە كوردانە بوونەتە قوربانی ئەو ناسەقامگیریانە.
بەڵام ئەوەی ئەم ناسەقامگیرییە سیاسیانەی ئەم چەند ساڵەی كۆتایی جیادەكاتەوە بەبەراوورد لگەڵ سەردەمی پێشتر بوونی ئەو گۆڕانكارییە خێرایەیانەیە كە بە شێوەیەكی گشتی كۆمەڵگاكان و بە شێوەیەكی تایبەت تر كۆمەڵگەی كوردی گرتۆتەوە بە پلەی یەكەمیش كاریگەری میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەتوانین بڵێن كە پشكی شێریان بەر دەكەوێت.
كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر دەروون و بیروبۆچوون و بڕیارەكانی تاك دەبێت و ئەمەش تاك بەرەو دۆخێكی ناهەمواری دەروونی دەبات و زۆربەی كات دەبێتە قوڕبانی ململانێی بەرژەوەندی ململانێی سیاسی و ئابووریی و نەتەوەیی و بێت ژیانی سەرجەم مرۆڤەكان دەخاتە مەترسیەوە لەو سەردەمەش دەكرێت بڵێن جەنگی دەروونی شارەوەترین كاریگەرترین جەنگە لەسەر مرۆڤ دا بۆیە ئەگەر بێت و سەیری كەین هەریەكێك لە ئێرك فرۆم و رۆسۆ عەقڵی مرۆڤ بە بەڵا و پەتایەکی کۆشندە دەبینن بۆ مرۆڤایەتی چونكە مرۆڤ لە ڕێگەی عەقڵەوە درك بە شتەكان دەكات و پەنا بۆ عەقڵی خۆی ببات تا بتوانێ رووبەرووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە بەڵام تەسلیمبوونی ئاسانی مرۆڤ بە ئەوانی تر نیشانەی مەڕبوونی مرۆڤە كە زۆربەی كات لە سیستەمە سیاسی تۆتالیتاریەكان دەبینرێت .
ئاسایشی دەروونی تاك و گۆڕانە خێراییەكان و بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا و ڕووداوە سروشتی و ناسەقامگیرییە سیاسییەكان لە گرنگترین ئەو خاڵانەن كە هەمیشە كاریگەری نەرێنی یاخود ئەرێنی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی تاك دروست دەكەن. بەتایبەتیش كاریگەرییەكی قوڵیان لەسەر لایەنی دەروونی تاك دەبێت و بۆیە پێویستە كۆمەڵگەكان هەمیشە بەرچاوڕوونی و یاخود پێشبینی ئەم جۆرە بارودۆخانە بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و ئاڵۆزییەكان و میكانزمی بەرگری و پاراستنی ئەم جێگیرییە لەبەرچاو بگرن بەتایبەتیش كۆمەڵگەی كوردی كە بەردەوام بەدەر نەبووە لە گرژی و ئاڵۆزییە دەرەكی و نێوەخۆیەكان.