پەیوەندیی تەندروست، ئەوە نییە یەکتری ببەستنەوە، وابزانن هاوژینیی بەو واتایە دێت هەموو شتێک پێکەوە بکەن، چونکە لە رووی تەندروستیی دەروونییەوە، مرۆڤ پێوستی بە پانتاییەکە، بۆئەوەی بەتەنیا بێت
یەکێک لە ئاڵۆزترین پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ، پەیوەندی نێوان ژن و پیاوە، بە تایبەتتریش پەیوەندی ژن و مێردایەتییە، کاتێک ئەو دوو مرۆڤە لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین، بۆیە زۆرجار ئەو هاوسەرانەی دەمێ ساڵە پێکەوەن و پەیوەندییەکی سەرکەوتوویان هەیە، پرسیاریان لێدەکرێت چی وایکردووە بەردەوام بن؟
زۆرجار پیاوەکە دەڵێت گوێگرتنە لێی یان ئەو چی دەڵێت، دەڵێم راست دەکەیت. تەنانەت هەندێک سەرکەوتنی پەیوەندییەکەیان دەگەڕێننەوە بۆ خەوتن لە دوو ژووری جیادا، ئەوەی لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکاندا وەک تاوان تەماشا دەکرێت، بەڵام بەپێی هەندێک لە پسپۆرانی دەروونی بێت، کوالێتی خەو لە شەواندا، وا دەکات لە رۆژدا کەسەکە ئارامتر بێت و هەڵچوونەکانی کەمتر بێت، هەروەها سۆزی بۆ هاوژینەکەی زیاتر بێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا کاتێک دوو هاوسەری سەرکەوتوو لە ژیاندا دەبینین، پێش هەموو شتێک دەبێت بزانین هیچ ژن و مێردێک هەر لە سەرەتاوە بە ئارامی و سەرکەوتوویی دەستپێناکەن، لەبەرئەوەی ماوەیەکی دەوێت تا لەگەڵ سروشتی یەکتردا رادێن و لە یەک تێدەگەن، پێش ئەوە چەندین بەریەککەوتن لەنێوانیاندا روودەدات، بەڵام گرنگترین فاکتەر بۆ پەیوەندییەکی ئارام و تەندروست لێبوردەیی و تێگەیشتنە لە یەکتر.
پەیوەندیی تەندروست لە نێوان ژن و پیاودا، ئەوە نییە ئەو ژن و پیاوە بە درێژایی کات هۆش و بیریان لەلای یەکتر بێت و بێ یەک نەچنە هیچ شوێنێک و وەک جۆرێک لە کۆت و بەند یەکتری ببەستنەوە و وابزانن هاوژینیی بەو واتایە دێت هەموو شتێک پێکەوە بکەن، چونکە لە رووی تەندروستیی دەروونییەوە، مرۆڤ پێوستی بە پانتاییەکە بۆ خودی خۆی، بۆئەوەی بەتەنیا بێت، ئەوەی پێی دەوترێت «کاتێک بۆ خۆم» ی هەبێت، دەنا ئەو ژنە یان پیاوە ئەگەر بەردەوام بە ئەرک و پێداویستیی ماڵ و خێزان و منداڵ و هاوسەرەکەیەوە ببەسترێتەوە و هیچ کاتێکی نەبێت بۆخۆی، کە تێیدا تەنیا بێت یان لەگەڵ هاوڕێکانیدا بێت، دوور لە ئەرکەکانی وەک هاوسەرێک، لە خاڵێکدا تێکدەشکێت یان لەو پەیوەندییە ناتەندروستەدا دەتەقێتەوە و ناتوانێت بەردەوام بێت، تەنانەت زۆرجار رەنگە بە بابەتێکی زۆر سادەی رۆژانە بتەقێتەوە و چواردەورەکەی لۆمەی بکەن لەوەی بۆچی بەو شێوەیە رەفتار دەکات و ئەوە ناهێنێت وابکات؟ بەڵام نازانرێت ئەو بابەتەی لە چاوی خەڵکیدا سادەیە، لای ئەو، ئەو دڵۆپە ئاوەیە کە جامەکەی پڕ کردووە و لێی رژاوە و چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت.
دواجار کە لە ژن و مێردێک دەپرسین چی وایکردووە پەیوەندییەکەتان سەرکەوتوو بێت؟ بێگومان تەنیا خۆشەویستیی نییە، بەڵکو تا چەند لە یەکتری تێدەگەن و متمانەیان بە یەکە، بەجۆرێک پانتاییەک لە ئازادیی بدەن بە یەکتر.