دەنگی ئێوە، چارەنوستان، هێزی گۆڕان لە دەستی هاووڵاتیان
نەجیبە مەحمود
لەکوردستان نەبوونی مووچە و ناتەواوی باری گوزەران بۆ هاووڵاتیان بووەتە پرسێکی جیددی. بەهۆی نەبوونی مووچە و نەتوانینی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و گوێنەدان بە ژیان و گووزەرانی خەڵک ، خەڵکێکی زۆر ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئەدای حکومەت. ئەم ناڕازیبوونە تەنیا پەیوەندی بە کێشە ئابوورییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەستنەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانیشەوە هەیە. هاوڵاتیان داوا دەکەن حکومەت گرنگی زیاتر بە پرسە ئابوورییەکان و باشتر کردنی خزمەتگوزارییەکان بدات و بارودۆخی ژیانیان باشتر بکات و ئەم ناڕەزایەتیانەش وەک دەنگێک سەیر بکرێت کە داوای ماف و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئابووری و تەندروستی و هتد ... لە ناوچەکەدا دەکەن. نەک تەنها گووێ نەدان بە  نارەزایەتیەکان نادەن، بەڵکوو بە تووندترین شیواز سەرکو ت دەکرێن و سزاشدەدرێن بە ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و دەستبەسەرکردن ..

هەر بۆیەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ناڕەزایی لە کوردستان پەرەدەسێنێت. خەڵک بەهۆی ئەو کێشە ئابووری و بژێویانەی کە ساڵانێکە لەگەڵیدا خەبات دەکەن، لە نوێنەرانی ئێستایان بێزارن، چاوەڕوانیش دەکەن کاندیدی نوێ چارەسەری پرسە جدییەکانیان بکەن کە لە ئێستا دا بە تەواوەتی بێ هیوایی و بێ متمانەیی  باڵی بەسەر هاووڵاتیاندا کێشاوە .


هاووڵاتییانی کورد سالانێکی زۆرە بەردەوامن لە  خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی بۆ داواکردنی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان  و بەدوای  دەرفەتێک دا دەگەرێن کە لەم دۆخە چەقبەستووە لە رووی سیاسی و ئابوورییە رزگاریان بکات ..

 ئەم هەڵبژاردنانە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خەڵک دەنگەکانیان وەک کارتێکی فشار بەکار بهێنن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانێک کە دەنگی راستەقینەی هاووڵاتیان بێت ، دوور لەو حیزبانەی تەنها کارکردنیان لە پێناو بەرژەوەندی چەند گرووپ و تاقم و بنەماڵەیەک بووە ..

 ئەمەش بۆتە هۆکاری هەڵکشانی بێ متمانە و بێهیوایی هاووڵاتیان و پاشەکشەی هاووڵاتیان لە بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنەکان ودەنگدان    بە نوێنەری نوێ ، کە هەوڵی باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و بەدیهێنانی مافی هاووڵاتیبوونیان بدەن. 

لەم ژینگەیەدا گرنگیی  زۆری هۆشیاری خەڵک و بەشداری چالاکانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زیاتر بۆ بە سزا گەیاندنی هێزە بەرژەوەندیخوازەکان ، لە پێناو  ئەوەی بتوانن داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوو بەدەستبهێنن.

پێویستە خەڵک بەهای دەنگەکانیان بزانن، چونکە دەنگەکانیان نەک تەنها نوێنەری داهاتوو هەڵدەبژێرێت بەڵکو دەتوانێت چارەنوس و کوالیتی ژیانی خۆی  دیاری بکات.

هەموو دەنگێک دەتوانێت دەنگی داواکاری و پێداویستیەکانی هاووڵاتیان بێت و کاریگەری راستەخۆی لەسەر سیاسەت وبڕیارەکانی حکومەت هەیە ..چاڵاکانە و زیرەکانە لەهەڵبژاردنەکاندا ، هاوولاتیان دەتوانن گۆرانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگاکەیاندا بەدەست بهێنن و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێن و رێگریش بکەن لە هەر جۆرە غەڵوغەشێکی دەسەڵاتداران لە یاری کردن بە  دەنگەکان  ..

AM:04:09:29/06/2025