حەیایان بە زیرەکی دەستکردەوە نەهێشت!
سەربەست نەجمەدین
حەیایان بە زیرەکی دەستکردەوە نەهێشت!
کاتێک سەیری سۆشیال میدیای کوردی دەکەیت ئەو پەیج و چەناڵانەی بونەتە دەمڕاست لە فەیسبوک و تیکتۆک و ئینستاگرام و..هتد، کارێکی زۆر ناشرین بە زیرەکی دەستکرد دەکەن، مرۆڤ شەرم دەکات ئەگەر لەسەر ڤیدیۆیەک بمێنێتەوە کە لەلایەن ئەوانەوە بە ئەی ئای دروستکرابێ.
زیرەکی دەستکرد، ئەو خزمەتگوزارییە گرنگەی لەم سەردەمەدا هەیە ئەگەر لە رابردودا هەبوایە گۆڕانکاریی زۆر گەورە لەهەموو بوارەکاندا ڕویدەدا و لەڕوی پێشکەوتنەوە هەنگاوەکان خێراتردەبون.
بەداخەوە زۆرینەی ئەوانەی ڤیدیۆی پێ دروستدەکەن و بڵاویدەکەنەوە دەبێ بەجۆرێک سەیری ڤیدیۆکانیان بکەیت سەماعەت لەگوێدابێت و کەسیش لە چواردەورت نەبێت، ئاخر چ ویژدانێک ئەوەی قبوڵە تۆ ئاوا بەو زیرەکی دەستکردە دەکەیت؟ یان ئێمە تاوانمان چییە ماڵ و منداڵمان سەیری ڤیدیۆی لەو جۆرە بکەن؟
تکایە بەهۆش خۆتانەوە وەرنەوە ئەو ڤیدیۆ و بابەتانەی خەڵک دروستی دەکات بە زیرەکی دەستکرد بەتایبەت شتە نەشیاوەکان، ئەی ئایەکە زیاتر فێری ئەوە ئەبێت و خۆی لەسەر ئەو وەسف و زانیارییانە نوێدەکاتەوە، ناکرێ تۆ ئەرشیفی نەتەوەیەک بە قسەی هیچ و لابەلا نقومی زەلکاو بکەیت، ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە لە ئینتەرنێت هەر جوڵەیەک بکەی ئەبێتە مۆرکی زمان و نەتەوەکەت.
من خۆم بەقەدەر ستافێکی 20 کەسی سودم لە زیرەکی دەستکرد بینیوە بۆ کارەکانم، ئەمە بێجگە لە وەرگرتنی چەندین زانیاریی پڕ گەوهەر و زێڕین، تکایە ئێوەش لە باشەدا بەکاریبهێنن و داهێنانی پێبکەن تا ئەو نەوەیەی پێدەگات و دێتە ناو تەکنەلۆجیا بۆ بەرەو پێشچون بەکاری بهێنێت.