لەکاتی هێرشکردنە سەر هەولێر بەڕێزپارێزگاری هەولێر ووتی کە پارچەی درۆنێکی تێکشکاوە کەوتۆتە خوارەوە ؛ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لەهەمان کات لێدوانی لە هاوڵاتییەک وەردەگرت دەیووت: درۆن نەبووەو موشەکە ، میدیا لەم دیمەنەوە بۆت دەردەکەوێت کە بەئاراستەیەک کاردەکات کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی دەگەیەنێت .
بەشێکی زۆر لە میدیاکان ، نمایندەیان ئەو میدیاکارانەیە کە پیشەیی نین و وەک بژێوی کەوتوونەتە ناو ئیشەکەوە ، بەشێک لەوانەی مایکیان پێییە ، کەسانی ئاسایین و پەروەردەنەکراون و هیچ لە بارەی رۆژنامەنوسی بواری جەنگ نازانن .
هەربۆیە نا بەرپرسانە لەم جەنگەدا مامەڵەدەکەن .
بابەتی نامۆ دەبینی کە باس لەناوەخنی رژێمەکان دەکرێت و گریمانەی ئەوەشدەکەن کێ سیخوڕە لەمیدیاوە ئەوەی بەخەیاڵیاندێت دەیڵێن .
ئەمەی ئیستا شەڕی لایک و کۆمێنت و تیکتۆکچییەکان نییە ؛ بەڵکو شەڕی کاولکارییە تێچوەکەی خوێنی مرۆڤە ..!
ئەم جەنگە گیردراوە بە ئاسایشی نەتەوەیمانەوە ، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان و لێدوانی نابەرپرسانە زیان بە نەتەوەکەمان دەگەیەنێت .
یاخود دەرخستنی جموجۆڵی هێزەکان و پیشاندانی چەکەکان تاوانە دژ بە ئاسایشی نەتەوە .
لەوەش سەیرتر ئەوەیە خەڵک لە جێگەو شوێنی هێرشەکان کۆدەبنەوەو میدیاش بەڕاست و چەپ لێدوان لە خەڵک وەردەگرێت و بیر لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ناکاتەوە .
لەم سەروبەندی جەنگەدا لێدوان لەو کەسانە وەردەگرن کە دژی ئەمریکان و بەپێچەوانەشەوە بە زۆری زۆرداری کۆمەڵگەکەمان بەش دەکەن و ساخیان دەکەنەوە بەسەر بەرەی ئەم لاو ئەولا .
دەپرسین ئاخۆ ئەو ئاراستەیە گونجاوە بۆ کاری پیشەیی ؟
جگەلەوانەش لەم جەنگەدا کە پریشکی بەر ئێمەش کەوتوووە بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتی لێدوانەکان سەدان مایک و پەیج و تیڤی کۆدەبنەوەو رووماڵدەکەن ، میدیا لەناو جەنگ بەهەمان شێوازی کاتی ئاسایی کارناکات بەڵکو دەکەوێتە ناو چوارچێوەی ئاسایشی وڵاتەوە .
تەنانەت خودی میدیاکاری جەنگ کەسانی جیاوازو خاوەن ئەزموونن کە ئەوانن رۆڵدەگێڕن .
چۆن ئەوە کۆنترۆڵدەکرێت بێشک دەزگاکانی پاراستنی وڵات دەبێت رۆڵی خۆیان بگێڕن و هەرلەچوارچێوەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نەمێننەوە بەڵکو کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخە بکەن و چاودێری جددی بن .
رێی تێناچێت بە زۆر زۆرداری ناوچەکەمان ئاراستەی جەنگ بکرێ و بە تۆمارکردنی ڤیدیۆش ئامانجەکانی دوژمن دەربخەیت و جۆری وەڵامدانەوەی بەرگری و ناوچەی جەنگ و ئامانجەکان دەربخرێت ؛ وەک ئەوەی لە هێرشکردنە سەر بارەگای هێزی پێشمەرگە لە فەرماندەیی دیمان ڤیدیۆ دەکاو شیکاریش ؛ میدیاش وەک خۆی دایدەگرێت تاوەکوو لایک و کۆمێنتی زۆری بۆ بێت .
ئەمە جەنگێکی کوشندەیە پێویستی بە پاراستنی ئاسایشی ئەم وڵاتە هەیە .