لە سەردەمی جەنگ و ناسەقامگیریدا، مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان بەدوای زانیاریدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی هەست بە ئارامی بکەن. بەڵام کاتێک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەبێ وردبینی و بە زمانێکی "تۆقێنەرانە" هەواڵەکانی جەنگ بڵاودەکەنەوە، کارەساتەکە لە بەرەکانی جەنگەوە دەگوازنەوە بۆ ناو ماڵەکان و مێشکی تاک بە تاکی کۆمەڵگا.
(١)
مەترسییەکانی "هەواڵی بێ بنەما" لەسەر دەروونی گشتی؛
بڵاوکردنەوەی هەواڵێک کە دواتر دەردەکەوێت ڕاست نییە (وەک هێرش بۆ سەر شوێنێکی مەدەنی یان نیشتەجێبوون)، تەنها هەڵەیەکی ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو تۆقاندن و تیرۆری دەروونییە. ئەم جۆرە هەواڵانە دەبنە هۆی:
- دڵەڕاوکێی بەکۆمەڵ: دروستکردنی ترس لەوەی کە هیچ شوێنێک ئارام نییە.
- وونکردنی متمانە: کاتێک هاوڵاتی نەزانێت بڕوا بە کێ بکات، تووشی جۆرێک لە سەرلێشێوان و بێهیوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێت.
- تێکدانی شیرازەی ئابووری: ترس دەبێتە هۆی وەستانی بازاڕ و شڵەژانی ژیانی ڕۆژانە.
(٢)
پێویستی گۆڕینی گۆشەنیگای هەواڵ (لە سلبییەوە بۆ ئیجابی):
من لەگەڵ ئەوە نیم ڕاستییەکان بشاردرێنەوە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە چۆن ڕاستییەکان بخرێنەڕوو. گواستنەوەی هەواڵ دەبێت لە خاڵی "هێز و بەرگرییەوە" دەست پێ بکات نەک لە خاڵی "ترس و تۆقاندن".
بۆ نمونەی کاتێک دەڵێن: "بە درۆن هێرش کرایە سەر هوتێلێک و خەڵکەکە تووشی ترس و لەرز بوون." (ئەمە پەیامی سەرکەوتنی دوژمن دەگەیەنێت).
حەقیقەت و باش وایە بڵێن "سیستەمی بەرگری توانی هێرشێکی درۆنی تێک بشکێنێت و مەترسییەکە لەسەر ناوچە مەدەنییەکان دوور بخاتەوە." (ئەمە هەستی پارێزراوی و هێز بە هاوڵاتی دەبەخشێت).
(٣)
ئەرکی ئەخلاقی میدیاکاران
پێویستە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی باشوور بزانن کە لە کاتی جەنگدا، ئەوان تەنها "گەیەنەری هەواڵ" نین، بەڵکو بەشێکن لە ئاسایشی نەتەوەیی. پێویستە ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن:
- وردبینی پێش خێرایی: بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی ڕاست دوای کاتژمێرێک، باشترە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی هەڵە دوای چرکەیەک.
- بەکارهێنانی زاراوەی هێمنکەرەوە: دوورکەوتنەوە لە وشەی وەک "کارەسات"، "تەقینەوەی گەورە"، "شکستی قورس" مەگەر لە کاتی پێویستدا.
- گرنگیدان بە سەرکەوتنەکان: تیشک خستنە سەر توانای بەرگری و پاراستنی سەقامگیری، ورەی خەڵک بەرز دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم ئاسایشی دەروونی هاوڵاتیان کەمتر نییە لە ئاسایشی سنوورەکان. میدیایەک کە نەتوانێت لە کاتی تەنگانەدا ئارامی بە جەماوەرەکەی ببەخشێت، خۆی دەبێتە بەشێک لەو جەنگەی کە دژی گەلەکەی دەکرێت.