یادەوەرییەك بۆ نەوەی نوێ
رەحمان غەریب
تا قۆناغی ناوەندیم تەواو كرد، قوتابییەك لە ریزی پێشەوەی پۆل لە دواناوەندی شۆڕشی كوڕان دادەنیشت، زیرەك لەوانەكان، خاوەن رەوشتی بەرز، بێ فیزو هێمن و هاوكار لەگەڵ خەڵكی فەقیر، ئینجا قسەخۆش، ئەو كەسە ئازادی شەوكەتی سەیدەلی بوو، لەم رۆژانە بەرهەمێكی خۆی بە ناونیشانی(هانا)، چیرۆكی شارێك لێوانلێو لە ئەوین و هونەرو بەرخودان، بڵاوكردوە. 

رووداوی چیرۆكەكە وەك فیلمێكی بەڵگەنامەییە، مێژووی شارێك كە شۆڕش و هەڵمەت و قوربانی بەشێك بووە لە روحی زیندوی، بیرەوەرییەكانی ڕابردووی نەوەیەك دەگێڕێتەوە، كە بەتێپەڕبوونی كات نەیانتوانی لە یادەوەریماندا بسڕێتەوە. پاڵەوانی چیرۆكەكە دیمەنی تەواوی شارێك لە یادەوەری تۆدا كۆدەكاتەوە، ئێستا هەندێك شوێنی كار ون بوون، بەڵام یادگەی ئێمەدا دەژین.

چیرۆكەكە دەتباتەوە هەشتاكانی سەدەی رابردووی سلێمانی، بۆ قوتابخانە و جێ ژووان و كۆبونەوەی رێكخستنی نهێنی ناو شار، گوزەرێكە بە ژیان و فەرهەنگی نەوەیەك، بە گۆرانی و میوزیك و شانۆو و نوكتەكانیان، چیرۆكی ئەوینیان كە بە خۆشی و ئازارییەوە، لە دڵدا هەڵكەنراوە.

ئازادی شەوكەت، لە رێی پاڵەوانەكانییەوە لە رێی یادەوەری چەند خێزانێك، خەباتی كۆمەڵی گەنج دەگێڕێتەوە كە دەبنە ئەندامی شانەیەكی نهێنی، تێكەڵ بە برین و سۆزو ئەوین و شێتی و ئازارو خەونی نەوەیەك كە لە ئەمنە سورەكە گوللە باران دەكران، پاشان پارەی فیشەكەكانیان لە خێزانەكانیان وەردەگیرایەوە.

خەیاڵی خوێنەر دەباتەوە بۆ یادگاری هەشتاكان و بەهای كۆمەڵگا، بۆ گۆرانی و میوزیك و شیعرو وێنەكێشان، ژووانی عاشقان و نیگا گۆڕینەوەی كچان و كوڕان لە رێی قوتابخانە، نامەی دڵداری و نامەی چكلێتی رێكخستنی نهێنی، بۆ خۆپیشاندان و دروشمی سەر دیواری ئەو سەردەمە، بۆ كۆڵانەكانی شارو شوێنی كار، تیپە میوزیك و شانۆكانی، كتێبخانەكان و چرپەچرپی سیاسی لەو ناوەندانە، بۆ سەیران و گۆرانیەكانی گەنجان، دەتباتەوە ناو زیندان و ژووری تاكەكەسی ئەمنە سورەكە و  چالاكییەكانی پێشمەگە لەناو شار.

 پاڵەوانەكانی دیمەنەكان رەنگ دەكەن، قووڵ دەبنەوە بە یادەوەری شوێن و ئەوانەی ئەو شوێنانەیان پڕكردەوە، لەناو تۆمارگە و دارتاش و سەرتاشەكان، وێنەگرو كیتێبخانەی سلێمانی و گەلاوێژدەبینرێن، باخی گشتیدان لە هۆڵی شانۆكارو میوزیك، لە سینەما دڵشاد و سیروان، دەگەڕێن دێنە ژێر دار تووەكەی گەڕەك، ئینجا نووستن لەسەربان تێكەڵ بە دەنگی مەلای مزگەوتی گەڕەك و، نیگا گۆڕینەوەی كچان و كوڕانی ئامادەیی رۆشنبیری  و سۆلاڤ.

ئازاد، پاڵەوانەكانی لەناو ئازار و دڵشكاندن و شكست و نائومێدی، بەرەو هیوا و شكۆو خۆڕاگری و نەمری دەبات و، لە ئەمنە سورەكەو كەسێتی جەلادێكمان پێ دەناسێنێت، دەچێتە گۆشە تاریكەكانی ئەشكەنجەدان و ژووری تاكەكەسی، برسێتی وتینوێتی زیندانیانی خاوەن ئیرادە.
چیرۆكی (هانا) دەمانباتە ناو ژینگەی سیاسی و فكری و كۆمەڵایەتی هەشتاكانی شاری سلێمانی، كە رەگیان لە یادەوەری گشتیدا داكوتیوە، پەیوەندی كۆمەڵایەتییەكان، رەنگدانەوەی داخستنی زانكۆی شارەكەو، دەسپێكی شەڕی عێراق و ئێران، ئەنفال و گازی ژەهراوی، شاڵاوی دەستگیركردنی گەنجان و كوشتنی گەنجان لە مەراسیمی بە كۆمەڵ و بەرچاوی خێزانەكانیان.

نەوەی نوێ كە بە سروودەكانی ئینتەرناسیۆنال و مەشخەڵان و ئەی رەقیب گەورە نەبوون، لە خەبات و گەڕان بۆ مانای ژیانیانیان بەبێ لاسییكردنەوە، تۆزێك لەروحی ئەو نەوەیە تێكەڵ بە خەون و تووڕەیی و ئومێدیان، بكەن.

AM:04:02:21/10/2026