هه‌واڵى چه‌واشه‌، گرفتێكى گه‌وره‌ى سه‌رده‌م
د. سامان فەوزی
   
مه‌به‌ست له‌ هه‌واڵى چه‌واشه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى گۆرینى راستیه‌كان و شێواندنیان به‌ئامانجێكى مه‌به‌ستدار دروستكراون.
 ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵه‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌واڵى ناراست و هه‌ڵه‌ كه‌ ده‌شێت ئه‌وه‌ى دواتریان ته‌نانه‌ت له‌باشترین كه‌ناڵى راگه‌یاندیش ببینرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى كاربكات و هه‌واڵ بڵاوبكاته‌وه‌ ده‌شێت جار به‌جار به‌بێ مه‌به‌ست هه‌ڵه‌ش بكات، هه‌ر كاتێكیش به‌و هه‌ڵه‌یه‌ زانرا ئه‌وا خودی كه‌ناڵه‌كه‌-ئه‌گه‌ر بابه‌تى و پیشه‌یی بێت- هه‌ڵه‌كه‌ راست ده‌كاته‌وه‌ و ناهێڵێت خۆینه‌ر و وه‌رگره‌كانى به‌لارێداببرێت.
به‌ڵام له‌هه‌واڵى چه‌واشه‌دا به‌مه‌به‌ست خوێنه‌ر و وه‌رگر به‌لارێدا ده‌برێت و راستیه‌كى لا ده‌شاردرێته‌وه‌.

ئامانجه‌كانى پشت هه‌واڵى چه‌واشه‌ زۆرن ده‌شێ هۆكارى كه‌سى یان كۆمه‌ڵایه‌تى یان ئاینى یان ئابورى و بازرگانى بێت، به‌ڵام گرنگترین ئامانجه‌كانى پشت هه‌واڵى چه‌واشه‌ ئامانجى سیاسیه‌.

كه‌بێگومان ئه‌م جۆره‌شیان وه‌ك ئه‌وانى دیكه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ چونكه‌ كاریگه‌رى ده‌كاته‌سه‌ر بۆچون و بیركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى و وایان لیده‌كات هوشیاریه‌كى ناراستیان هه‌بێت و له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ ناهوشیارانه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌و كه‌س ولایه‌نه‌ى كه‌شایسته‌ نیه‌ و چاره‌نوسیان بخه‌نه‌ ده‌ست كه‌سانێك كه‌ شایسته‌نیه‌.هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئاستى دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى جیهانیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌ ئالنگاری و مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ى به‌رده‌م دیموكراسى داده‌نرێت له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئیستادا كه‌ سۆشیال میدیا ئێجگار  بڵاوه‌و بوارى بۆ دروستكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵه‌ زیاتر ره‌خساندوه‌.

ئه‌گه‌رچى هه‌ندیكجار ده‌شێت هه‌واڵى چه‌واشه‌ به‌شێوازێكى هه‌ره‌مه‌كی و وه‌ك كرده‌یه‌كى كه‌سی دروست بكرێت به‌ڵام زۆربه‌ى جار به‌شێوازێكى سیسته‌ماتیك و پلان بۆ داڕێژراو دروست ده‌كرێت و بودجه‌ى زه‌به‌لاح و ژێرخانى مرۆیی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، به‌تایبه‌تى ئه‌و هه‌واڵه‌ چه‌واشانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ده‌وڵه‌تان و حزبى سیاسی وكۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان دروست ده‌كرێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌كنۆلوجیاى تازه‌و زیره‌كى ده‌ستكردى بۆ به‌كارده‌هێنرێت كه‌ گۆرانكارى له‌ وێنه‌و ده‌نگ و تێكست و ڤیدیۆش بكات، به‌جۆرێك هه‌روا به‌ئاسانى هه‌ست به‌ فێڵ و چه‌واشه‌كاریه‌كه‌ى نه‌كرێت.

بیگومان بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى چه‌واشه‌ زۆربه‌ى جار ره‌فتارێكى تاوانئامێزه‌ و تاوانه‌كانى وه‌ك ناوزراندن و سوكایه‌تیكردن به‌ داموده‌زگا و تیكدانى سیسته‌مى گشتى و زۆر تاوانى دیكه‌ دروست ده‌كات كه‌ وا پێویست ده‌كات یاساكانیان له‌گه‌ڵ بگونجێندرێت ، وه‌پێویسته‌ جیاكارى بكرێت له‌سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ به‌شێوازێكى رێكخراو و به‌به‌رده‌وامی ئه‌وكاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ كه‌سانى ئاسایی دیكه‌دا. به‌ڵام نابێت ته‌نها پشت به‌یاسا و سزا ببه‌سترێت بۆ رێگریكردن له‌بڵاوبونه‌وه‌ى هه‌واڵى چه‌واشه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌رده‌وام هه‌وڵى بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیارى بدرێت بۆ ده‌رك پێكردن و ناسینه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ و نه‌بونه‌ هۆى زیاتر بڵاوبونه‌وه‌یان له‌داهاتوودا.
#بەسە_چەواشە
#enoughdisinfo
#كافي_تضليل

AM:01:10:04/04/2024