خۆكوشتن و دیوی دووەمی ژیان
سەلما تۆما كاكۆ


(بۆچی بەناوی ئایینەوە ئەم نیشتمانە خوداییە بكرێ بە دۆزەخ) ؟ 

ئەمە پرسیاری سەرەكی مامۆستا (هیوا)ی نووسەرە لە رۆمانی گرێكوێرە .

گرێكوێرە رۆمانێكی نوێی نووسەر (جومعە كانی لەلەیی) یـە لە دووتوێی كتێبێكی (160) لاپەڕەیی چاپكراوە .

تێكەڵەیەك لە خەیاڵ و راستی 
رۆمانێكی فرە رەهەندە و رووداوەكانی تێكەڵەیەكن لە خەیاڵ و راستی كە گۆڕەپانەكەیان شاری هەولێرە، بابەتەكانی گوزارشت لە ژیانی زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگە دەكەن لەوانە :
1- رووداوە زەق و جۆراوجۆرەكانی كوشتن و خۆ كوشتن كە بابەتی سەرەكی رۆمانەكەیە و نووسەر هۆكارەكانی بە (گرێكوێرە) ناودەبات .

2-  جیاوازی چینایەتی و باری دارایی هاووڵاتیان كە لە مامەڵە و سەوداییكردنی سەر عەرەبانەكانی بازاڕی فەقیران و بازاڕە نوێ و پوختەكان رەنگدەداتەوە.

3- پیشە جۆراوجۆرەكانی ناو بازاڕی  تەنگەبەری  هەولێر و ژیان وگوزەرانی دوكاندار و خاوەن چایخانەكان و  پەیوەندیان لەگەڵ یەكتری و كاردانەوەیان بەرامبەر كردەوە نابەجێكان و بەتایبەتیش لەگەڵ یاسینی چایەچی كە(ئیبراهیم)ی برای زیندانیەكی ئەندام لە گروپێكی تیرۆرستییە .

4- سەرنج و وەسفكردنی قەڵای هەولێر و وردبوونەوە لە چۆنیەتی دروستكردنی و گلـەییكردن لەوەی كە:
(ناوی پاڵەوانانی دروستكردن و ئاوەدانی لە لەلاپەڕەكانی مێژوودا ونن، كەچی ناوی پاڵەوانانی جەنگ وەك تووتی  دەگوترێتەوە و بەخەتێكێ درشت لب لاپەڕەكانی مێژوودا نووسراون).

5- خستنە رووی تەنگ و چەڵەمەو ناخۆشیەكانی نێو كەشتی و یەختەكان كە  رووبەڕووی ئەو خێزانانە دەبنەوە كە بەشێوەیەكی نایاسایی بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەری روو لە دەرەوەی وڵات دەكەن بۆگەیشتن بە كەنارێكی ئارامی ژیان.

ئەمانەو زۆر بابەت و دیاردەی تری لابەلا كە ڕەنگە هەموویان ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ پشكێكیان بەركەوێت  لە هۆكارەكانی  خۆكوشتنی مرۆڤەكان .

بەشێوەیەكی گشتی رۆمانەكە پڕە لە رووداوی هەمەچەشنە كە هەڵقوڵاوی كێشەو ململانێ و ژیانی راستەقینەی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردین
 
چیرۆكی خۆكوشتنی بەندكراوێك
لەو رۆمانەدا نووسەر دەقی چاوپێكەوتنی نووسەرێكی هاتوو لە وڵاتی فەرەنسا  لەگەڵ بەندكراوێك كە پاڵەوانی رۆمانەكەیە بە ناوی (ئیبراهیم) دەگێڕێتەوە بە ئومێدی دەستكەوتنی هۆكاری خۆكوشتنی بەندیەكی بەندیخانەكە،  نووسەر بەم وتەیەی (ئیبراهیم) كۆتایی بە چاوپێكەوتن و  رۆمانەكە دێنێت  :
(لە ئێستا بەدواوە بۆ ئەوە خوا دەپەرستم ببم بە چاكەكار) كە روونترین ئاماژەیە بۆ تێنەگەیشتن یاخود هەڵە تێگەیشتن لە چۆنیەتی خواپەرستی كە بۆتە هۆكارێكی راستەوخۆی كوشتن و خۆكوشتن .

هەرچەندە خۆكوشتن بڕیارێكی تایبەتی خودی كەسەكەیە كە رەنگە كتوپڕبێ و لەچەند چڕكەیەك زیاتر نەخایەنێت، لەوانەشە لە ئەنجامی بیركردنەوەیەكی بەپیلان بێت، وەك چۆن لەوتەی هەندێك نووسەرو فەیلەسوف و سەركردە دەردەكەوێت لەوانە  :
 (خەلیل حاوی) كە شاعیرێكی لوبنانیە لەسەر خۆ كوشتن وتوویەتی :ژیان چیە جگە لەیارییەكی كوشندە كە ئێمە تیایدا بەشدارین و هەر لەسەرەتاوە ناچار كراوین بەدۆڕان و باشترین رێگاش بۆ دەرچوونمان لەم یارییە خۆكوشتنە) ، ئەوەبوو كاتێك ئیسڕائیل لوبنانی داگیركرد خۆی كوشت .

(هیتلەر) كە سەرۆكی نازییەكانی ئەڵمانیا بوو بەرگەی دۆڕانی نەگرت و خۆی كوشت .

 (جاك لندەن)ی نووسەر و چالاكوان لەڕێگای ژەهرەوە خۆی كوشت .

 (سادقی هیدایەت) كەنووسەرێكی پڕ بەرهەم بوو ژیانی وەك زیندان و مردن بە یەكەمین هەنگاوی رزگاری و بەختەوەری مرۆڤ وێنا دەكرد، زانكۆی لە پاریس  تەواو كردو لەدوای نووسینەوەی سی كتێب بە بەردانەوەی گاز لە ژوورەكەی خۆی كوشت .

فەیلەسوفی ئەڵمانی(شوپنهاوەر)دەڵێت: پیاوی گەورە ئەوكەسەیە كە مردن لەژیان بەچاكتر دادەنێت.

ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ  بوونی بیروڕای جیاوازو جۆراوجۆر دەربارەی خۆكوشتن كە لە هەموو وڵات و چین و توێژێكدا بوونی هەبووەو هەیە ، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی زۆر بوون و خێرایی ڕاگەیاندنە هەمە جۆرەكان و خراپ بەكارهێنانیان بە بڵاوكردنەوەی وردەكاریەكان و باسكردنی شێوازی خۆكوشتن لە زۆربەی كەناڵ و پەیجە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان كاریگەری زیاتری هەیە لەسەر تاكاكان و رەنگە تا رادەیەك رێخۆشكەر بن و ئاسانكاریش بكەن بە لاسایی كردنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە لەلایەن ئەو كەسانەی مەبەستیان بێت .

ئەوەی لەو رۆمانەدا دەردەكەوێ ئەوەیە: كە لەپاڵ هۆكاری نەخۆشیە دەروونییەكان و  نەبوونی و نائومێدی و دڵشكان و هەستكردن بە پووچی ژیان و رەشبینی و نەگەیشتن بەخواست و ئارەزووەكان و ترسی دەورووبەر لە شەرمە و عەیبە و هەڵە تێگەیشتن و كوشتن و ئازاردان بەدەستی كەسانی تر، هۆكارەكانی سیاسی و دۆڕان و نادادیش پاڵنەرن بۆ خۆكوشتن .

بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوشتن 
ئەوەی لەئێستادا تێبینی دەكرێ بەگشتی هەڵكشانی رێژەی خۆكوشتنە بە بەراوردكردنی لەگەڵ ساڵانی پێشتر، راستە كە ژمارەی مرۆڤەكانیش بەردەوام لە زیادبووندایە، بەڵام هۆكارەكانیش فرەچەشنە و لەزیادبووندان بەمەش بە داخەوە لە حالەت بۆتە دیاردە و بەردەوام ئاماری ترسناك لەهەواڵەكان رادەگەیێنرێن  
بەتایبەتیش هەرزەكاران پشكێكی گەورەیان بەردەكەوێت لەو دیاردەیە .

بۆ كەمكردنەوەی ئەو رووداوانەش گرنگە كار لەسەر هۆكارەكان بكرێ و بەردەوام دەزگا پەیوەندیدارەكان و مینبەرەكان درێغی نەكەن لە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری لەو رووەوە و هەوڵی بە ئەرێنی كردنی ئەگەرە خراپ و ترسناكەكانی ژیان بدەن و بە بەرنامەی تۆكمە و پڕ زانیاری لە یاساكانی تاوان و سزاكان بدوێن كە زۆر جار لەبەر نەزانینی جۆری سزا تاوانێكی بچووك چارەنووسی تاك بە خۆكوشتن بەمەرگ دەسپێرێ .

بێگومان نووسەر (جومعە كانی لەلەیی) زۆر لێزانانە دەستی بۆ نووسینەوەی رووداوە هەمە جۆرەكانی نێو ئەو رۆمانە بردووە كە رەنگە نووسینەوەیان بەو هەموو وردەكارییەوە بۆ نووسەرێكی تر ئاسان نەبێت، ئەوەش بە رای من كاریگەری ئەزموونی لەمێژینەی پیشەكەیەتی وەك ئەفسەرێكی پۆلیس كە بەردەوام بەرەنگاری ئەو رووداوانە دەبێتەوە، نووسەر شێوازێكی سادە و بێ گرێی لە نووسینەوەی رۆمانەكە بەكارهێناوە كە خوێنەر بە ئاسانی لێی تێدەگات، چەند لاپەڕەیەكیش بە وەسفكردنێكی جوان و دەستەواژەی ئەدەبیانەی رازاندۆتەوە، وەلێ هەندێ لە رووداوەكان زۆر قێزەوەن و دڕندانە ئەنجامدراون كە خوێنەرێكی بەجەرگیان دەوێت چونكە وەك ئەو فیلمە ترسناكانەن كە زۆر كەس جورئەتی سەیركردنیانی نییە.

بەشێوەیەكی گشتی رۆمانەكە پڕە لە ڕووداوی هەمەچەشنە كە هەڵقوڵاوی كێشەو ململانێ و ژیانی راستەقینەی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردین، کە نووسەر توانیویێتی وەك زنجیرە بەدوای یەكتریدا ریزیان بكات و سەرنجی خوێنەر رابكێشن تا دوا لاپەڕە بیخوێنێتەوە هەتا لە گرنگی رۆمانەكە بگات. 

AM:04:12:15/05/2024