هەڵبژاردن، مادام پرۆسەیەکی دیموکراسییە بۆ چاکسازی و چاککردنی حوکمڕانی، ناکرێت لە کوردستان بکرێتە پرۆسەیەک بۆ یەکتر شکاندن و تێکدانی دەروونی خەڵک.
چەند رۆژێکە لە هەرێمی کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، بەڵام بانگەشەیەکی تا سەر ئێسقان نا ئارام، دوور لە بنەماکانی دیموکراسی و پێڕەوەکانی هەڵبژاردن.
لە میدیاکاندا، هێرشی تووند و نابەجێ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جنێودان، لەسەر شەقامەکان زۆربەیان کەوتوونەتە تێکدانی ژینگە و پیسکردنی شارەکان، ئەوەی هەیە، من ناوی نانێم بانگەشە، بەڵکو کێبڕکێیەکی نا شارستانییە و تێکدانی دەروونی خەڵکە.
راستە هەڵبژاردن، پرۆسەیەکە، هەر هێزێک دەیەوێت، زۆرترین کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەو کێبڕکێیە دەبێت شارستانییانە بێت، هەر هێزێک مافی خۆیەتی کار بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی بکات، بەڵام گرنگە ئەوە لەسەر بنەمای دەرخستنی لایەنە لاوازەکانی بەرامبەرەکەی بێت، دەرخستنی تواناکانی و ئەوەی دەتوانێت بیکات، دەبێت بە شێوەیەکی دیموکراسی و مەدەنی، بڕوا بە خەڵک بهێنێت بۆئەوەی دەنگی پێبدەن، متمانەیان بەدەستبهێنێت، نەک بە شێوەیەک ئارامیی دەروونی خەڵک بخەنە مەترسییەوە و دوور لە هەر رێسایەکی مەدەنی، ژاوەژاو دروست بکەن و بە جنێو بەرببنە گیانی یەکتری.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، بەداخەوە لە ئێستاوە نەگەیشتووەتە ئاستی بانگەشەیەکی ئارام و شارستانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاگر خۆشکەرن و بۆنی خۆێنیان لێ دێت لە کاتێکتدا خەڵک بێ موچە و توڕەیە ، خوا بکات بانگەشەکە پرۆسەی هەڵبژاردنیشمان نەخاتە ژێر پرسیارەوە.