له 124ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا زۆرشت له‌سه‌ر راگه‌یاندنی كوردی هه‌ن لێوه‌ی بدوێین به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی ئه‌م ده ساڵه‌ی پیایداتێپه‌رین، هه‌رله بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری چه‌واشه‌كاری و ساخته‌و خۆڵكردنه چاوی بینه‌رو بیسه‌رو خوێنه‌ر، خراپی دۆخی رۆژنامه‌نوسان له‌ڕووی ژبنگه‌ی كاری رۆژنامه‌وانی و مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌رامبه‌ر راگه‌یاندنكارانیان، خراپی دۆخی ژنانی راگه‌یاندنكار له‌ناو ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا.
بونی كه‌ناڵی زۆر و به‌رنامه ئامانجداره نه‌رێنیه‌كان كه‌بونه‌ته هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵ و كاریان دروستكردنی ئه‌ستێره و ده‌رخستنیانه بێ ئه‌وه‌ی هیچ رۆڵێكی ئه‌رێنیان بۆ كۆمه‌ڵ هه‌بێت، بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌لێشاوی په‌یامه‌كانی راگه‌یاندنه‌كان كه بونه‌ته سه‌رچاوه‌ی دڵه‌راوكێ و شپرزه‌یی و تێكدانی باری ده‌رونی وه‌رگر، ئه‌مانه به‌گشتی له راگه‌یاندنكاندا ده‌بینرێن به‌ڵام به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنی كوردی ئێستا پیاده‌ی ده‌كات زۆرێك له‌و پێگه ئه‌لكترۆنی و په‌یجانه‌وه‌ن كه به‌نهێنی پاڵپشت ده‌كرێن و پاره‌یه‌كی زۆریان تیا خه‌رجده‌كرێت.
ئه‌وانه‌ی باسكران و زۆرشتیتریش له‌لایه‌ك وه ئه‌وه‌ی كه جێی تێبینیه‌كی زۆره لای به‌نده و ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بدوێم باسێكی دیكه‌ی كاری راگه‌یاندنی كوردییه ئه‌ویش گواستنه‌وه‌ی شه‌ره ده‌نوكی كادره حیزبییه‌كان و په‌رله‌مانتاره‌كانیانه به‌تایبه‌ت هی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، با وازله‌وه بێنین كه ئه‌و كادره حیزبیانه‌و په‌رله‌مانتاره‌كانیان سه‌ربه‌حیزبه‌كانیانن و ده‌بێت به‌رگری له‌حیزبه‌كانیان بكه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانن ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بن.
هه‌رچه‌نده حیزب ده‌بێت له‌خزمه‌تی خه‌ڵكدا بێت نه‌ك بۆ سه‌رئێشانی خه‌ڵك بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین، ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا هه‌یه سه‌رئێشانی خه‌ڵك و له‌بیربردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌دروستكراوه‌كان و له‌بیربردنه‌وه‌ی ئه‌و بێسه‌روبه‌ریه‌یه كه باروگوزه‌رانی خه‌ڵكه، خه‌ڵك له‌نه‌بونی و بارودۆخێكی خراپدایه له‌ڕووی بژێوی ژیان و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه رۆژ نیه كوشتن و خۆكوشتن نه‌بێته هه‌واڵی گه‌رم ، له جیاتی كاركردن له‌سه‌ر كێشه‌ی خه‌ڵك و ببنه‌هۆی چاره‌سه‌ركردنیان كاریان بۆته گواستنه‌وه‌ی شه‌ره‌ده‌نوكی كادره‌حیزبیه‌كان و په‌رله‌مانتاره‌كانیان كاتێك هه‌ریه‌كێك له‌مانه په‌یامێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه راگه‌یاندنه‌كان وه‌ك كوره‌ی هه‌نگیان دۆزیبێته‌وه ده‌ستبه‌جێ بۆیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه جا ئیتر مه‌یلیان بۆ ئه‌و حیزبه‌یه یاخود له‌نه‌بونی بابه‌تی جدییه یان بۆ زۆری ژماره‌ی بینین و چالاك بونی ده‌زگاكه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌رده‌زگایه‌ك بیه‌وێت بمێنێته‌وه وببێته مینبه‌ری خه‌ڵك ئه‌وا ده‌بێت خۆی له‌م كاره به‌دووربگرێت چونكه دواجار بریار لای خه‌ڵكه چ ده‌زگایه‌ك لای خۆی ده‌هێڵێته‌وه چ ده‌زگایه‌ك ده‌سرێته‌وه.