بڵاوکردنەوەی هەواڵ و رێپۆرتاژ دوور لە بەرپرسیارێتی و ئیتیکی رۆژنامەوانی....!
شەماڵ عادل سەلیم
ئێمە  میللەتێکی  زۆر سەیرو سەمەرەوبێ ئۆقرەین ، دەنووسین و ناخوێنینەوە ، قسە دەکەین و بیرناکەینەوە ، خۆمان بە شارەزا و پسپۆڕ وزانا لە هەموو بوارەکان دەزانین  ، لە واقعیشدا هیچ نازانین ، ئەم نەزانینەشمان لە هەموو کایەکانی ژیانمان ڕەنگی داوەتەوە ، بۆ نموونە رۆژانە بەدەیان هەواڵی بێ بنەما و بێ سەرچاوە (بیژی)  لە  ماڵپەر وتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و رۆژنامە کوردیەکان  دوور لە بەرپرسیارێتی و ئیتیکی رۆژنامەوانی و ئەخلاقی پیشەی بڵاودەکرێتەوە ،ئێمەی هاوڵاتیش  بە پێ خواسی و پەلەپەل قۆڵی لێ هەڵدەماڵین و لە  تۆرە کۆمەڵایەتیکان وپەیجەو ئەکاونتەکانمان پۆستی دەکەین و قسە و گفتووگۆی چڕوپڕیشی لەسەر دەکەین ... ، ئەوە بێجگە لەوەی کە  لە هەر خولەكێك هەواڵ و وێنە و گرتە ڤیدێوی  و رێپۆرتاژی تازە لەسەر تەقینەوە  یان كوشتن  یان توندوتیژی خێزانی کە باو ترین دیاردەكانی توندوتیژی مرۆڤە دژ بەمرۆڤ  یان كۆنترۆلكردنی ناوچەیەك لە لایەن باندو گروپە تیرۆریستەکانەوە لە میدیا کوردیەکان بەبێ سانسۆر بڵاو دەكرێتەوە ، کەئەمەش خۆی لەخۆیدا ترسناکترین جۆری ریكلامە بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و كاولكاری و شەڕەنگێزی لەنێو کۆمەڵگە دا، لەهەمان کاتیش راستەوخۆ كار لە تێكچونی دەروونی تاکەکان دەكات و جۆرێك لە ترس و راراییان لا دروست دەكات  ........!!  

هەر بۆ نموونە لەدوێنێەوە بەسەدان پۆست و هەواڵی بێ بنەما  دەربارەی رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر کامەران نەجم لە رۆژنامەو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە ، گوایە لە شەڕوپێکدادانێکدا لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەتەکانی داعش شەهید بووە ، ئیتر کەس نەما پەخشانە شیعرو وێنەی کاکە کامەران بڵاونەکاتەوە و نەیکاتە وێنەی پرۆفایلەکەی ، هەریەکەش بەجۆرێک رووداوی شەهید بوونی کاکە کامەرانی (زیندوو)  دەگێڕێتەوەو باسی ماچ وئازایەتی و بوێری و مێرخاسی دەکا و فرمێسکی بۆ هەڵدەرێژێت .... 
دوێنی  کۆمێنتێکم نووسی بۆ هاوڕێیەکی دێرینم کە هەواڵی شەهید بوونی کاکە کامەرانی لە پەیجەکەی خۆی بڵاوکردبوەوە  ،بۆم نوسی  :  پەلە مەکەن ، لەوانەیە کاکە کامەران شەهید نەبووبێ و ئاماژەم بە سەرچاوەی هەواڵەکەش کردبوو  ، هەرئەوەندەم زانی ، برادەرێک کۆمێنتێکی بۆ  نوسیم  و دەڵێ : ( کە شتێک باش لێی نەکۆڵیەوە لە خۆتەوە قسە هەڵمەبەستە )  .... !! ، بەڕاستی نەم زانی بگریم یان پێبکەنم ، بەخۆمم گوت ، دەفەرموو  لەبری ئەوەی خاوەن ماڵ دز بگرێت ،دز خاوەن ماڵی گرت .....!!

وە هەر بەوەندەش نەوەستاین  بەڵکو بەو پەلەپەلیەمان میدیاو رۆژنامەکانی دونیاشمان لە خشتە بردو  بە هەڵە تێمانگەیاندن  کە رۆژنامەنووسێکمان لە شەڕی داعش شەهیدکراوە و ، هەربەم بۆنەیەش  ئەمرۆ لە وێب  سایتە  ئەلکترۆنیەکان  ورۆژنامە غەیرە کوردیەکان وتۆڕەکۆمەلایەتیەکان  چەندین نووسراو پەخشانە شیعرو سی ڤی و ژیاننامەو کارو چاڵاکیەکانی کاکە کامەرانم خوێندەوە کە بە زمانی عەرەبی بۆ  کامەرانی شەهیدی زیندوو نووسراوە  ....!! 

ئەمرۆش بەبێ شەرم هەر هەمان کەسایەتی و ڕۆژنامەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ماڵپەرەکان  جارێکی دیکە پۆست لەدوای پۆست ، مانشێت لە دوای مانشێت ، هەواڵ لەداوی هەواڵ  بڵاودەکەنەوەو  دەڵێن : کاکە  کامەران نەجم زیندووەو لەگەڵ دیلی داعش دەگۆڕدرێتەوە ، و بەسەدان ماشائەڵڵاو شعرو بابەتی هەمەڕەنگ  پۆست و لایک دەکرێت  ، بەڵام ئەمجارە  بۆ زیندوو بوونەوەی  کاکە کامەرانی  شەهیدی دوێنێ ،هەروەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت کە شایەنی هەڵوەستەو تێفکرین و دەرز وەرگرتن بێت لەو بێ موڕاڵی و بێسەروبەری وبێ پرینسیپ و فەوزایەی کە ئێمەی کورد تێیکەوتووین .......!!

هەر بۆیە لەسەرەتای بابەتەکەم  نووسیومە کە ئێمەی کورد زۆر سەیرو سەمەرە وبەپەلەین لە بڕیاردان و قسەکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان، بەبێ لێکۆڵینەوەو هەڵوەستەکردن و  گوێدان بە سەرچاوەو ڕاستی  هەواڵەکان ، بێ گوێدان بە رەچاوکردنی  ئتیکی رۆژنامەوانی و ئەخلاقی پیشەی وپرنسیپە مرۆیی و ئەخلاقییەکان  .

 ئا ..... ئێمە لە هەموو شتێک بە پەلەین،  تەنها لەسەندنی مافەکانمان نەبێ( کیسەڵ) ئاسا  کارو قسە دەکەین ...یان باشتر بڵێم هەر قسە ی زل و بێ مەعنا دەکەین  ،کە  ئەوەش بەداخەوە  لە نەزانین و خەم ساردی و پەلە پەلی و بێ موڕاڵی تاکی کورد بەگشتی سەرچاوەی گرتووە و وەسەلام  .


AM:05:39:16/06/2014