کەناڵە ئاسمانیيەکانمان چی دەکەن؟
زه‌یتون كه‌مال
بەشێک لە کەسانی ئەکادیمی پیشەیی ناو بواری راگەیاندن و کەسانی خاوەن ئەزموون، درکیان بەوە کردووە بەشێکی زۆر لە کەناڵە ئاسمانییەکانمان لە پرەنسیپ و رەوشتی بنەڕەتی کاری رۆژنامەوانی لایانداوە.
 
کاری راگەیاندنیان لە دەزگای گەیاندنی پەیام، -بە رەچاوکردنی رەوشتی گشتی ـ ەوە گۆڕیوە بۆ مینبەری گەیاندنی بیرورا بەرژەوەند خوازەکانی خۆیان و لە جیاتی ئاراستەکردنێکی دروستی کۆمەڵگه‌ و پەروەردەکردنێکی تەندروست بوونەتە هۆی شێواندنی شیرازەی کۆمەڵگه‌.
 
بۆ نموونە : نووسەر و ئەدیبەکانمان چەندین مانگ و بگرە بە ساڵیش سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی چەندین رۆمان و کتێبن کە ئامانجی گشتیان بڵاو کردنەوەی خۆشەویستی و وشەی جوان و هێمنپارێزییە کەچی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا مێزگردی گفتۆگۆکان پرە لە تەشهیر کردن بە یەکتر و هێرشکردنە سەر یەکتر و سوکایەتی کردنە بە بیروڕای یەکتر.
 
بە هەمان شێوە کەسانی پسپۆر لە پەروەردەکردنی منداڵ رۆژانە سەرقاڵی نووسینی رێنمای پەروەردەیین بۆ بەخێوکەر و پەروەردەکاری مندالان تا منداڵەکانیان فێری خۆشەویستی و رێز بکەن کەچی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزۆنیدا بە ناوی کۆمێدیا و پێکەنین سەدان وشەی ناشرین (جنێو) و سوکایەتی پێکردن کراونەتە وشە و رەفتاری باوی کۆمەڵگه‌ و وەکو دەرمان کراون بە قورگی منداڵانیشدا.
 
هەروەها چالاکانی بواری مافی مرۆڤ و مافی ژنان سەرقاڵن بە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگه‌ و روونکردنەوەی مافی ژن و رۆڵی ژن کەچی لە کەناڵێکدا دەبینین رێکلام دادەبەزێت کە پرە لە قسەی نەشیاو سەرەپای سوکایەتیکردنە بە ژنان هەروەها کەناڵەکانمان لە جیاتی هەولدان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کەیسی کوشتنی ژنانیان کردووە بە کارتی فشار و بەکارهێنانی لە بابەتی ناوچەگەرێتیدا! تەنانەت :
بڵاوکردنەوەی وشەی نەشیاو و توندوتیژی لە زنجیرە دۆبلاژکراوەکانیشدا بەدی دەکرێت کە کاریگەری نەرێنی و بێ ئومێدی و هەڵچوون و تەنانەت لاسایکردنەوەش بەسەر تاکی کوردەوە بەجێدێڵێت ! ئەگەر بڵێن :
**پێویستە لە چوارچێوەی خێزانەکان فلتەری سەیرکردنی بەرنامەکان بۆ منداڵان هەبێت کە لە بنەڕەتدا پێویستە وابێت بەڵام ئەم بۆچۆنەش توشی چەند کۆسپێک دەبێت لەوانە:
 
۱ـ بە دەیان کەناڵی ئاسمانی کوردیمان هەیە بەڵام کەمتر لە ٥ کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی تایبەت بە مندالانمان هەیە کە دایک و باوک بتوانن بۆ منداڵەکانیان هەلیبژێرن، ئەو کەناڵانەشی هەمانە ئامانجە بازرگانیەکە زیاتر لە ئامانجە پەروەردەییەکە بەسەریاندا زاڵە بۆیە بە ناچاری پەنا بۆ کەناڵە بیانیەکان دەبەن! ۲ـ مێژووی نەمانی گرفتی نەخوێندەواری ئەوەندە کۆن نییە و تاوەکو ئێستاش شوێنه‌واره‌كانی‌ بەسەر کۆمەڵگه‌وە ماوە بە جۆرێک لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا بەشێکی بەرچاوی ژنان کار ناکەن و ژنی ماڵەوەن و نەخوێندەوارن بۆیە ئاستی رۆشنبیریان لەو ئاستەدا نییە بتوانن فلتەری بەرنامە تەلەڤیزیۆنەکان بۆ منداڵەکانیان بکەن. جا ئەگەر :
لە کەناڵەکاندا پسپۆڕی تایبەتی پەروەردەیی نییە بۆ فلتەرکردنی پەیام و بەرنامە و هەواڵ و زنجیرە دراماکان پێش بڵاوکردنەوەیان. ئاستی رۆشنبیری خێزانەکانمان وەکو پێویست نییە بۆ فلتەرکردنی سەیرکردنی کەناڵەکان.
 
ناوەندێکی ئەکادیمی نییە کە دەسەڵاتی بەسەر کەناڵه‌کانماندا هەبێت و فلتەری بەرهەمە میدییایەکانمان بکات. ئیتر: مافی خۆمانە لە داهاتووی ئەم ئاراستەکردنی کۆمەڵگایە بترسین !
 
Facebook/Zaytoon Kamal

AM:08:47:09/05/2016