ماوەی چەند ساڵێك بەرنامەیەك لەتەلەڤزیۆنێكەوە بەناوی ئاگاداربن لیژنەكە هات پەخش دەكرێتو خەڵكی دڵنیا دەكردەوە لەوەی سەرقاڵی پەرۆشی تەندروستیو كوالێتی بەرزی ژیانێكن بۆ خەڵكی كوردستان تاكو كاروباری خەڵكو حكومەت سیستماتیك بكرێ، بەو هۆیەشەوە بەشێوەیەكی زیندوو لێپێچینەوەیان لەبەردەم كامێرا دەكرد، كەچی لەپشتی كامێراش بەقسەی خودی میدیاو قسەی خەڵك راست دەرچوو كە لیژنە لەكوردستان، واتە رادەستكردنی كەیسەكان بەقەدەر.
تائێستا لەوەتەی كورد ئیدارەی خۆی دەدات، هێندەی لەسەر شاشەی میدیاكانەوە قسە لەسەر كەیسی جۆراوجۆر كراوەو رادەستی لیژنە كراوە بەهەموو بوارە جیاجیاكانەوە كە لەسیاسەتەوە بگرە تاكو كێشەی بازاڕو...هتد، هێندە بۆ كێشە چارەنووسسازەكانی كوردستان بەگشتی، لیژنە دانەنراوە بۆ چاودێری كردنو یەكلایی كردنەوەیان بەو حەماسەتەوە كە بینیمان، بۆیە كە بەشێك لەخەڵك لەكاتی بەسەر كردنەوەی لیژنەكە بۆ چێشتخانەو هۆتێلو بازارگاكان باوەڕیان پێنەبوو و دەیانگوت تەنها لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەو هیچی تر، چونكە خەڵك تێگەیشتوون كە هەر كەیسێك رادەستی لیژنە بكرێ، مانای ئەوەیە كە ئاخیری خێر نابێتو بەئاقارێكی دیكەدا دەبرێت، مەسەلەی كوالێتی لەخواردنی بازاڕو پاكوخاوێنی هۆتێلەكانو كارگە بچووكەكان، یەكێك لەهۆكارە سەرەكیەكانی نەخۆشخستنی خەڵك بووە تائێستا، چونكە ئەوان بەناڕاستەوخۆ دڵنیاییان بەخەڵك دەدا، بەڵام بەهۆی كارە ناتەواوەكانی ئەو لیژنەیەوە ئهوه دەركەوت گەندەڵی تیاكراوە لیژنەكە مەترسییەكە دوور لەئەخلاقە، چونكە بەو كارەیان هێندەی تر خەڵك بێ هیوابوون لەوەی لیژنەكە هاتو ئیدی خەڵك لەترسی یاسا بێویژدانی نەكەن.
خەتای گەورەی لیژنەكە هات، تەنها ئەوەنییە كە گوایە گەندەڵی كردووەو چاوپۆشی لەهۆتێلو چێشتخانەی گەورە كردووە، بەڵكو لەوێدایە كەهەم خەڵكی لەوە دڵنیادەكردەوە لەبری ئێمەش لێكۆڵینەوە لە شمەكو كاڵاو خواردەمەنی بەسەرچوو و شوێنی نا تەندروست دەكردەوە كەبەشێكی گەڕانەوەی سومعەی حكومەت بوو، چونكە خەڵك پشت ئەستوور بوون بەوەی لیژنەیەك هەیە سنوورێك بۆ گەندەڵی بازاڕو ماددەو شوێنی ناتەندروست دادەنێت، هەم ئەركی بەشێك لەدامودەزگا پەیوەندارەكانی حكومەتیشی لەسەر شانی خۆی هەڵگرتبوو، بەوەی كە بریتیی بوو لەچاودێری بازاڕو كوالێتی كۆنترۆڵو چاودێری پزیشكیو...هتد، كەچی نەك هەر رێگری لەو فەزا بەربەرییە نەكرد، بەڵكو هەم خەڵكو هەم حكومەتی بێ هیوا كرد لەچاكسازی بازاڕو خۆشی تووشی تانە كرد.
بەبڕوای من چەند لیژنەكە لەڕووی تەندروستییو چاودێرییەوە دووچاری لێپرسینەوە دەبن، هێندە زیاتریش دەبێ ئەو تەلەفزیۆنە دووچاری لێپرسینەوە بێت كە بەرنامەكەی پەخش دەكرد، چونكە میدیا لەسەرووی چاودێرییەكانی دەوڵەتەوە دەبێ ئەركی ئەخلاقیو یاسایی خۆی ببینێ، كەچی بەپێچەوانەوە میدیاش وەكو لیژنەكە تووشی گەندەڵی هاتووە، بۆیە دەبێ ئەوانەی لەو لیژنەیە بوونو ئەوانەش كە لەپشت ئەو بەرنامەیەوە بوون، چاوەڕوان بن لیژنەیەكی دیكە بێتو لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدابكات بۆ ئەمەش دەبێ سەندیكا بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسە بكات لەڕووی چاودێری میدیاییەوە.
(کوردستانی نوێ)