شوان عه‌تووف، له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌گمه‌نانه‌یه كه تەواوی ژیانی به‌خشیوه به كاری هونه‌ریی، ئەم هونەرمەندە به‌رده‌وام ڕاكەڕاكیەتی به دوای کاری هونەریی لە گۆڕه‌پانه فراوانه‌كه‌ی هونه‌ردا، به كوردییه‌كه‌ی واتە نان و ئاوی بووه به شانۆ و سینه‌ما.
دوای زیاتر له ٣٠ ساڵ كاری هونەریی عەتووف، کاتێک چاو به كار و ته‌نانه‌ت كرده‌وه و هه‌ڵوێسته‌كانیدا دەخشێنینەوە، ده‌بینین ئەم هونەرمەندە عاشقێکی تایبەتی دونیای هونه‌ره، لە خۆم ڕادەبینم بڵێم شوان عەتووف ته‌نها ناوێك نییه، به‌ڵكو دیاردهیەکی هونەرییە لەهەرێمی کوردستان.
كه ده‌ڵێم دیارده‌یه، یه‌كسه‌ر هونەرمەندە چەقیوە گەشەنەکردووەکانی ناو کایەی هونه‌ری كوردییش وێنا دەکەم چۆن سکیان دەئاوسێ و بە لاقرتێوە دەڵێن «مامە گیان زۆر نییە؟!» و بە جەخت و پێداگرتنەوە ئەم پەسندانەی من و دهستهواژهکەش بهقهبه داده‌نێن، ڕاستییەکەی كێشه‌كه‌ی من ئەمانە نیین، كه به‌هۆی چه‌قبه‌ستوویی ژیانیانه‌وه تێناگه‌ن و ناشیانەوێ تێبگەن، گرفتی من ئه‌وانه‌ن كه له‌بواره هونەرییەكهدا ئاستی هونەریی و هۆشیاریی شەخسیی و رۆشنبیرییشان به‌رزه و ئەوانیش بە هەر هۆکارێک بێت ددان بە ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گردا نانێن كه هەنووکە ئه‌م هونه‌رمه‌نده له ناوێكی دیاره‌وه باڵای کردووە و بووە بە دیارده‌یه‌كی هونه‌ریی.
عەتووف، لە ساڵی 1994-وە كاتێك به نواندن له شانۆیی «مه‌رگی كورسییه‌ك»، کە هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو «حسێن میسری» دەرهێنەری بوو؛ زیاتر ناسرا و له «فێستیڤاڵی شانۆیی سلێمانی» خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كوڕی برده‌وه، هه‌تا دەگاتە دوا کاری هونەریی ئەو، واتە فیلمی «ئالووده» کە ڕۆڵی پاڵەوانی سەرەکیی دەبینی ؛ له كاركردن نه‌وه‌ستاوە، سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان بە چه‌ندین هەڵبەز و دابەزی سه‌ختی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا گوزەری کردووە، بەڵام ئەو کۆڵی نەداوە و لە کاری هونەریی و هەڵکشان بەرەو لووتکە هەر بەردەوام بووە.
لە دیدی مندا، شوان عەتووف له هیچ هونه‌رمه‌ندێكی دیکەی کورد ناكات، ئه‌و له‌م كاره‌وه ڕاده‌كات بۆ كارێكی تر، له فیلمێك ته‌واو نه‌بووه باسی فیلمێكی نوێی دیکە ده‌كات. ئەکتەرە، سیناریۆنووسە، دەرهێنەرە، ، ئه‌و كه کاری نواندن ده‌كات، به هۆی هۆشیاریی و ڕۆشنبیرییه فراوانەکەیەوە کاریگەریی لەسەر كۆی كاره‌كه جێدەهێڵێت.
له هه‌رێمی كوردستان، زۆر كه‌من ئه‌وانه‌ی هونه‌ریان كردووه به پیشه، کە دیسانەوە دەتوانم بڵێم شوان له پێشهنگهكانیانه.
ئەو گەڕیدەیەکی بێسرەوتی گۆڕەپانی هونەرە، جارێك له‌سه‌ر شانۆ له ڕێگه‌ی «تهپڵێكهوه» چیرۆكی كۆچبه‌رێكی كوردمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، جارێکی تر له‌سه‌ر شاشه‌كان وه‌ك عاشقێكی دۆڕاو ده‌یبینین، ئینجا وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك، وه‌ك مافیایه‌ك، جارێکی تر وه‌كو ئالوودەبوویەک دەردەکەوێت و به شێوازێكی به‌رز كارهكتهرەکەیمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كات.
دەمێکە شوان ناسراوە حەقە گەواهیی بۆ بدەین کە ئەو هه‌ر له ڕێگه‌ی كاری هونه‌رییه‌وه خزمه‌تی نه‌كردووه، ئەو له كۆتایی نه‌وه‌ته‌كان و لەڕێی سه‌نته‌ری گهنجانیشەوە خزمەتی بەرچاوی کردووە، شوان لەو سەنتەرە ئه‌زموونی خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ندین گه‌نجی ئه‌م شاره و قه‌زا و ناحییه‌كانی دیکەی هه‌رێمی كوردستان به‌ش كرد، هەندێک لەوانەی لەو سەنتەرە لە ئەزموونی شوان بەهرەمەند بوون، هەنووکە هونەمەند و كه‌سی شاره‌زا و پسپۆڕی بواری ته‌كنیكیی و دهرهێنانن.
به‌ده‌ر له‌مانه شوان، لە ڕووی هه‌ڵوێستی نیشتیمانیی و ڕه‌خنه‌ییه‌وه، كه‌سێكی دیاره و له كاتی ڕووداوه‌كاندا بێ دوودڵیی هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رده‌بڕێت و پاشگه‌ز نابێته‌وه، بەدەنگی بەرز هەمیشە بێ دەنگی هونەرمەندان لەئاست ئەو ڕووداو نەهامەتییانەی دەرهەق بەگەلی کورد‌و هاوڵاتیان دەکرێت شەرمەزار دەکات. زۆر جار لەخۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەکان بەتایبەت ئەوانەی تایەتن بە ئازادی ڕادەربڕین ئەم گەریدەیە یەک هاوڕێ و هاوکاری لەبوارەکەی خۆیدا لەگەڵ نییە و بەتەنها دەبینرێت.
جا کەسێکی وەکو ئەو کە ئەکتەرێکی نایابە، ده‌ستی دابێته کاری ده‌رهێنان، جه‌سته‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و ڕۆحێكی به‌رزی هونه‌ریی هه‌بێت، ده‌نگی خۆش بێت، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له گه‌نجان لاسایی نواندنی بكه‌نه‌وه و به‌رده‌وام بێت له‌كاركردن و ئاوڕ بۆ دواوەی خۆی نه‌داته‌وه، ئەگەر ئه‌مه دیارده نه‌بێت چیی دیاردەیە؟!