میدیای خاوه‌ن په‌یامی ئینسانیی و پرۆفیشناڵ، به‌وه ناناسرێته‌وه كه ده‌یان كارمه‌ند له‌نێو هۆڵێكی گه‌وره‌دا له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ر دانیشتبن و ڕووناکیی درەوشاوە مێزه‌كانیانی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ كردبێت، به‌وه ناناسرێته‌وه كه مووچه‌ی كارمه‌نده‌كانی له ئاستی مووچه‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی و وه‌زیردا بێت، به‌وه ناناسرێته‌وه، كارمه‌ندانی هاتووچۆ، پۆلیس، ئاسایش، ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ٢٤ كاتژمێر له كارئاسانییدا بن بۆی هەتاوه‌كو ئەو مێدیایە زۆرترین سه‌بقی رۆژنامه‌وانیی هه‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن به‌وه‌ش ناناسرێته‌وه كه سیاسییه‌كانی وڵات بۆ چاوپێکەوتن و دەرکەوتن لێیەوە ڕیزیان بەستبێت ئەوەش بۆ ئەوەی نوێترین درۆ بۆ خه‌ڵك بكه‌ن.
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی مێدیای پڕۆفیشناڵ و خاوەن په‌یامی ئینسانی؛ ئەوەیە تا چ ئاستێك كارمه‌ندان و به‌تایبه‌تی خانمان هه‌ست به متمانه ده‌كه‌ن لە کارکردن تیایدا و ده‌روونیان ئارام و كه‌سایه‌تییان پارێزراوه.
كاتێك توێژینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مساڵی خاتوو هه‌ژان خالید، خوێندكاری دكتۆرا و توێژه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ كه تایبه‌ته به «ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م خانمان له‌نێو دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندن» ده‌خوێنیته‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ی له‌نێو ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌رهه‌ق به خانمانی میدیاكار ده‌كرێت، هیچی كه‌متر نییه له‌و پێشێلكاریی و توندوتیژیی و ده‌ستدرێژییانه‌ی ڕۆژانه به هۆی پیشه‌كه‌یانه‌وه له‌نێو كۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه و خه‌ڵك و هه‌ندێك به‌رپرسانه‌وه دەرهەقیان پیادە دەکرێت.
ڕاسته له هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا خانمان یەکێک لە بزوێنه‌رە سه‌ره‌كییەکانی بواری ڕاگه‌یاندن بوون، به‌ڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە داتاكان سەبارەت بەو ڕێژە زۆرەی خانمان ئاماژه‌ی مه‌ترسییدار پیشان دەدەن و مایەی هەڵوەستەکردنن.
له توێژینه‌وه‌كه‌ی خاتوو هه‌ژاندا، دیوێكی تاریكی نێو میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینین كه توێژه‌ر له ڕێگه‌ی«ڕاپێوی» هه‌ڕه‌مه‌كییه‌وه له‌نێو میدیاكارانی خانمدا كردوویه‌تی، ئەو توێژەرە گه‌یشتۆته ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی جگه له فشاره ده‌ره‌كییه‌كان، به‌ربه‌ست و گوشاری گه‌وره له شوێنی كاركردن له‌به‌رده‌م ژنان و كچاندا له ڕاگه‌یاندنه‌كان درووست بووه كه خۆی له «جیاكار جێنده‌ریی»، «هه‌راسانكردن»، «نزمیی ئاستی به‌شداریی ژن له پۆسته باڵاكانی میدیا» و «توند‌و تیژیی»دا ده‌بینێته‌وه.
توێژەر لە میانەی توێژینه‌وه‌كه‌یەوە نۆ دەرەنجامی سەرەکی گەڵاڵە کردووە کە زۆر بە کورتیی بریتیین لە:
یه‌كه‌م: زۆرینەی ڕەهای پۆسته باڵاكان له ڕاگه‌یاندنی كوردییدا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه قۆرخ كراون. دووه‌م: جیاكاریی جێنده‌ریی واقیعێكی ڕوونه و نکوڵیی نەکراوە. سێیه‌م: زۆرینه‌ی كچان و ژنان پێیانوایه هه‌راسانكردن بە شێوەیەکی بەربڵاو میدیای هه‌رێمی كوردستانی تەنیوە.
چواره‌م: زۆربه‌ری رۆژنامه‌نووسانی ژن و كچ له دامه‌زراوه‌كاندا جۆره جیاوازەكانی توندوتیژیی وه‌ك جۆره ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌رده‌میان ناو ده‌به‌ن. پێنجه‌م: ئاسته‌نگی كولتووریی و تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگا بۆ کاری ژنان له‌دامه‌زراوه مێدیاییەكاندا هێشتا زۆر کاریگەرن. شه‌شه‌م: زۆبه‌ری دامه‌زراوه‌كان خاوه‌نی سیاسه‌تی نووسین نیین سه‌باره‌ت به یه‌كسانیی جێنده‌ریی. حه‌وته‌م: سیاسه‌ت و ڕێنمایی نووسراو سه‌باره‌ت به هه‌راسانكردن له زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستاندا نییه. هه‌شته‌م: زۆربه‌ی ژنان و كچان له دامه‌زراوه‌كانی ڕاگه‌یاندندا هیچ ڕاهێنانێكی پیشه‌ییان پێ نه‌كراوه.
نۆیه‌م: زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له ڕاپرسیی توێژینەوەکەدا كردووه كه ٩٨ كه‌سن، به هۆی یه‌كێك یان زیاتر له هۆكاره‌كانی «جیاكاریی جێنده‌ریی، هه‌راسانكردن، نزمیی ئاستی به‌شداریی ژن له پۆسته‌كاندا، توندوتیژیی، كولتوور و كۆمه‌ڵگا»؛ وازیان له كاره‌كه‌یان هێناوه.
به هیوام هەر بەڕێزێک باوه‌ڕی به مافی خانمان و هێز و تواناكانیان هه‌یه و به‌رپرسی میدیاكانی هه‌رێمی كوردستانن ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه بە وردیی بخوێننەوە و لەبەر چاوی بگرن، پاشان ده‌ستوورێكی هه‌میشه‌یی كه ڕێگر بێت له‌و پێشێلكارییانه بۆ میدیاكانیان بنووسنه‌وه بە جۆرێک ببێتە هۆکاری ڕێگرتن له هەر پێشێلكاریی و توندوتیژیی و هه‌راسانكردنێکی خانمان، چونكه به‌ر له هەر شتێك مێدیای به‌رپرس به ڕێزی مرۆڤه‌كان پرۆفێشناڵ ده‌بێت ئەوسا په‌یامه ڕاسته‌قینه‌كه‌شی ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیە لەدەرەوەی جێبەجێکردنی ئەو دەرئەنجامانەی سەنتەری میترۆ هەرکەسێک باسی پڕۆفیشناڵێتی بکات من پێی دەڵێم، هەی لەو پڕۆفیشناڵە.