لە مێدیای زۆر پێشکەوتووشدا، پوشوپەڵاشی ناو سۆشیالمێدیا، ئەو بابەتانەی هیچ ئیزافەیەکی "باش" ناخەنەسەر ژیانی مرۆڤایەتی بڵاودەکرێنەوە، ئەو کارانەی زۆرینە بەشتی نامۆ و عەجیبی دەزانن و ئەنجامی نادەن، یان ئەو بابەتانەی مێدیا بەهۆی پووچی و خاڵیبوونیان لە پەیام و بەها لەڕووی نایە باسیان بکات و کات و وزەیان بۆ تەرخان بکات، یان ئەو بابەتانەی بە ئاشکرا دیارن کە پەیامێکی سیاسیی- ئایدۆلۆجیی دیاریکراویان لەپشتە وەک ترساندن، شکاندنی شکۆ، خورافیات و وەهم، تۆخکردنەوەی جیاوازیی نێر و مێ، سنووردانان و کێشانی هێڵی سووری کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەم بابەتانە کە دەکەونە ئاستێکی خوار بەرپرسیارێتیی گەورەی میدیا لە بەرنامەی تایبەت، لەکاتی دیاریکراو و سنووردار، بۆ پێکەنین و سەرنجدان لە جیاوازیی کارو رەفتاری هەندێ مەخلوق بڵاودەکرێنەوە، نەک لە لاپەڕەی سەرەکیی وێبسایتەکان و گەڕی هەواڵ لە پرایمتایم جێی پرسە بنەڕەتی و گرنگەکانیان پێ پڕ بکرێتەوە.
ئەم دۆخە، کە تێکەڵیێکی ئاشکرایە لە "هەواڵ بەجۆرەی مێدیا دەیگەنێتە بینەر و خوێنەر" و "هەواڵ بەجۆرەی بەکارهێنەرێکی سۆشیالمێدیا دەیگەنێتە بینەر و خوێنەری دیکە"، پێویستی بە دانانی هێڵێکی جیاکەرەوەیە هەیە. مێدیا گوایە پابەندە بە ئێتێک و مۆڕاڵی یونیڤێرسالیی تایبەت بەکاری راگەیاندن و سۆشیال مێدیا رەنگدانەوەی ئاستی تێگەیشتن و زەوق و سەلیقە و ئەجێندای بەکارهێنەرەکانیەتی. ئەگەر مێدیا لەسەر بنەمای هەمان پرنسیپە ئانارشیەکانی سۆشیالمێدیا کار بکات ئاماژەیە بۆ ونبوونی هێڵی جیاکەوەری نێوان مێدیاکار و بەکارهێنەری سۆشیالمێدیا، ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوونی ئاستی هوشیاریی سیاسی و تێگەیشتن لە چەمک و بەهاکان و مێدیاناسی و کۆمەڵناسی و زمانناسی زۆر پێوەرو جیاکەرەوەی دیکەی مرۆڤە "سادەو ساویلکەو ئاساییەکان" و مێدیاکارەکان "کە چاوەڕێ دەکرێ مرۆڤی پێشەنگ بن و رێز لە بەها و پێوەر و مۆراڵەکانی پیشەی خۆیان بگرن".
چاخی نوێ پێویستی بە هاتنەئارای پێوەری بەهێزە کە مێدیاکارەکان بکاتە مرۆڤی بەرپرس لەبەرامبەر هەرشتێک دەیخەنە سەر شاشەو رۆژنامەکان و دەینێرنە ناو ماڵەکان. ئەو پێوەرە بەهێزانەش لەئەنجامی دامەزراندنی مێدیای دەوڵەمەندی خودان ئایدۆلۆجیی یەکلایی و پەیامی لایەنگرانەوە دروست نابن، بەڵکو لەئەنجامی شەرمکردن و ترسی مێدیاکار لە بەرپرسیارێتی لە مێژووی خۆی و پیشەکەی و لیستی کاروبەرهەمەکانی دێتەئارا، ئەم شەرم و ترسەش کاتێک دروست دەبێت کە پیشەی مێدیا بکەوێتەسەر رێچکەیەکی ئەکادیمی و زانستی، ئەوانەی کاری تێدادەکەن نەک بەهۆی پیاهەڵدانی ئەم ئایدۆلۆجی و ئەو حزب و ئەم کاک و ئەو کاک بووبنە خاوەن بڕیار، بەڵکو لەئەنجامی لێکدانەوەی ورد و راست و زانستی، لەئەنجامی بەرهەمی مێدیایی زیندوو و مەنفەعەتبەخش، لەئەنجامی رێزگرتن لە ئێتێک و بەهاکانی پیشەکە متمانەیان پێدرابێت.
لە چاخی نوێدا مێدیاکار حساب بۆ هەر وشەو جوڵەیەکی دەکات کە دەبنە بەشێک لەمێژووی خۆی. لەوە دەترسێت کە ئەگەر هەواڵێکی بێ بنەمای خستەبازاڕەوە کەس ئیدی هەواڵەکانی داهاتووی لێناکرێت، نەک دوای سەدان پینەوپەڕۆ و داتاشین و وەدرۆخستنەوەو شەرمەزاری بێشەرمانە و بە جورئەتەوە لەشوێنێکی دیکە سەر دەربێنێ. مێدیاکار لە ناو سیستمی میدیایی دروستدا وەک بەرهەم و کاڵا مامەڵە لەگەڵ بابەتەکانیدا دەکات، کاتێک شتێکی خراپ پێشکەش بکات، متمانە لەدەست دەدات و کەس لەمەودوا هیچی لێی ناکڕێت. ئەم راستیە زوو یان درەنگ دەردەکەوێت، ئەمە خاڵێکە کە مێدیای پێشکەوتوو پێیدەگات، خاڵێک کە بەڕاستی حەقدەست و پێگەو شکۆی مێدیاکار لەسەر بنەمای دروستی و راستگۆیی کاروبەرهەمە مێدیاییەکانی بێت، خاڵێک کە دوای بەهێز بوونی دەستی بازاڕ لەناو مێدیا و هەڵسەنگاندنی توانای مێدیاکار لەلایەن بینەرانەوە دەردەکەوێت. زۆریشی نەماوە.