مارەیی نایەت!
بەهار مونزیر

پرۆژە پێشنیازی شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق چیمان پێدەڵێت؟
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چەندین هەواڵمان گوێ لێبوو سەبارەت بە هەمواری یاسایی باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩. هەڵبەت یەکێك لەو بەهانانەی باس دەکرێت ڕێکەوتنی سیاسییە لە نێوان باڵی سونەکان و باڵی شیعەکان لەپێناو دەرچواندنی یاسایی لێبوردنی گشتی و بەردانی کۆمەڵێک زیندانی، وە بابەتێکی دیکەمان گوێ لێدەبێت ئەوەیش ئەوەیە شیعەکان ئێستا لە دەسەڵاتدان و دەیانەویت سودی لێوەرگرن تا مەزهەبی جەعفەری پەیڕەو بکەن، لەبەرامبەریشدا سونەکان ئازادن مەزاهەبەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن بۆ نموونە شافعی، مالکی یان حەنەفی. خاڵیكی دیکە ئەوەیە کە بە ئێران کردنی عێراقە، وە ئێران دەیەوەێت هەژموونی خۆی بە هەموو شێوەیەك بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، وە سەرانی شیعەی عێراقی پێوسیتە ملکەچی ستراتیژی ئێران بن ..

ئەوەی کە من دەمەوێت تیشك بخەمە سەری ئەوەیە هەر کام لەم ئەگەرانە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەموارە، عێراق دەکاتە زیندانیكی گەورە بۆ منداڵانی کچ و پەراوێزخستنیان لە گەشەکردن و پێگەیاندن لە بوارە جییاوازەکان، کە لە سەروو هەموویانەوە بە سێکسواڵەکردنیان و دەستدڕێژی کردنە سەریان، ئەمەش زەمینەسازییە بۆ دروستکردنی شەپۆلێک لە ژنانی عێراق دوور لە هەموو پێشکەوتنێکی دنیای ئەمرۆ، خوێندن و خوێندەواری، بەشداری لە ژیانی گشتی، بەشداری لە کایەیی ئابوری، سیاسی، ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و هتد..

لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و سەرنجدانە، دەنگێکی زۆر بەهێز هەیە لە ناو شەقامی عێراق و کوردستان، کە ڕەفزی ئەو پرۆژە پێشنیازە دەکات و ڕەتیدەکاتەوە، تا عێراق بکاتە وڵاتیکی مەزهەبی و پیاوانی نوێنەری مەزاهبەکان بە سونەشەوە دەست ئاواڵا بکات لەوەی لەدەرەوەی دادگا خۆی بڕیاردەربێت. ئەمەش کاری چەند ساڵەی ئازادیخوازن و یەکسانی خوازان لەباردەبات لە عێراق و کوردستانیش بەناڕاستەوخۆ..

بابەتێکی دیکە گرنگە بە ڕوونی حزبە کوردییەکان پێمان بڵێن چیدەکەن؟ چونکە بە بێدەنگی ناتوانین هیچیان لێوەرگرین، یاخود ناتوانن راستەوخۆ بڵێن ئێمە لەگەڵ ئەم پرۆژە پشێنیازەدا نین، ئایا دەتوانن بەیانێك دەربکەن بە دەنگی بەرز باس لە خراپی و هۆکاری وێرانکردنی کۆمەڵگا بکەن بەهۆی یاسایەکە کە کچی ٩ ساڵ دەدات بەشو؟ ٦٤ پەرلەمانتارمان لە عێراق هەیە بەڵێ بیستمان لەگەڵیدا نین بەڵام گرنگە ڕوون بن، دڵی شیعەکان ڕانەگرن. بۆ یەکجارێش بێت ڕای خۆیان بڵێن.. چونکە (میشێل فۆکۆ) دەڵێت هەموو نەکردەیەک دەبێتەوە بە کردە.

خاڵێکی دیکە باس لەوەدەکرێت سەرۆك کۆمار واژووی کۆتایی لەسەر هەمواری ئەو یاسایە دەکات، وە دەشتوانێت نەیکات و ئۆتۆماتیکی ڕەزامەندی نیشاندەدات. ئایا چی دەکات؟ وە ئیمە چی دەکەین ئەگەر گریمان وادەرچوو بابەتەکە چوە لای سەرۆکی کۆمار…

ئەوەی من دڵخۆشدەکات ئەو ژنانەن لەسەر شەقامەکان هاواری لابردنی ئەم پرۆژە پێشنیارە مەزهەبیە دەکەن و دەڵێن لایببەن پرۆژەکەتان ، نا بۆ بەشودانی منداڵ، نا بۆ دەستدڕیژی سێکسی بۆ سەر منداڵان…

پێموایە ئەمە ئەرکی تەنها داکۆکیکاران و ڕێكخراو و کەسایەتیەکان نیە تا لەبەرامبەر تێکدانی ژیانی منداڵان بوەستنەوە، بەلكۆ ئەرکی هەموومانە کاری لەسەر بکەین و ڕەتیبکەینەوە. بە شیێوەی جیاواز…

ئەو کات هەموومان بلێن مارەیی نایەت…

AM:03:09:01/09/2024