بایه‌خدانی كه‌ناڵه میدیاییه‌كان به مانگی ره‌مه‌زان و بۆنه ئیسلامییه‌كان و بۆنه نیشتیمانییه‌كان و بۆنه‌كانی تر، له روانگه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه‌یه كه له ئه‌ستۆی ده‌زگا میدیاییه‌كانه، میدیا وه‌ك چۆن ئه‌ركییه‌تی هه‌واڵ و زانیاری بۆ ئێمه بگوازێته‌وه، وه‌ك چۆن پێویسته به ئه‌ركی چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌ستێت، وه‌ك چۆن هۆشیاركردنه‌وه و جۆشدان و توندوتۆڵكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی له ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانییه‌تی و وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌شێك له‌و ئه‌ركانه یان هه‌موو جێبه‌جێ بكات، به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌ركیه‌تی و لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه بایه‌خ به بۆنه ئایینیی و نیشتمانییه‌كان بدات.
كه نه‌ورۆز هات میدیا نابێت خۆی فه‌رامۆشی كات، له جه‌ژنی قورباندا میدیاكان نابێت خۆیان له‌گێلی بده‌ن و وه‌ك بڵێی له ئه‌ستێره‌یه‌كی ترن خۆیان به بابه‌تی تره‌وه سه‌رقاڵ كه‌ن، به هه‌مان شێوه سه‌ری ساڵی زایینی و كۆچی و بۆنه‌كانی تر. میدیا به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه بدوێت. جا هه‌ندێك له میدیاكان به پێی ئایدیا و فه‌لسه‌فه‌ی پشتیان، راده‌ی بایه‌خدانه‌كه‌یان ده‌گۆرێت، هه‌ندێك بایه‌خدانه‌كه‌ی به‌رێژه‌ی 10% و هه‌ندێكیش 90%، به‌ڵام نابێت هه‌رگیز رێژه‌كه سفری سه‌دی بێت!
به كورتی میدیا نابێت له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی دابڕاو بێت و پێویسته به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه میدیاییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان بێت.
له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان به‌شێك له رۆژنامه و رادیۆ و كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنه لۆكاڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كارێكی خراپیان ده‌كرد كه به ویست ئه‌م بۆنه ئیسلامییانه‌یان فه‌رامۆش ده‌كرد و نه‌یانده‌ویست به لاپه‌ڕه و ستۆدیۆ و شاشه‌كانیانه‌وه مانگی ره‌مه‌زان و بۆنه ئیسلامییه‌كانی تر دیار بێت. پاشتریش كه كورد ته‌قه‌ی له ده‌رگەی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان دا به‌شێكیان هه‌مان هه‌ڵه‌یان دووباره كرده‌وه و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان نه‌یانده‌ویست سیمای موسڵمانێتی و سرووده ئاینییه‌كان پیشان بده‌ن و به نیه‌تی خۆیان ده‌یانویست به بیسه‌ران و بینه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڵێن كه گه‌لی كورد پشتی له ئایینه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵكردووە و به‌ره‌و ئایدیا و ته‌رزی بیركردنه‌وه‌ی تر هه‌نگاو ده‌نێت!، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و كه‌ناڵانه به بڕیار رێگه‌یان نه‌ده‌دا ئافره‌تێكی له‌چك به‌سه‌ر له شاشه‌كه‌یانه‌وه ده‌ركه‌وێت و له ماڵئاوایی كردن له بینه‌رانیاندا زۆریان له خۆیان ده‌كرد كه نه‌ڵێن (خواتان له‌گه‌ڵ)؟!
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه (به دیاریكراوی بۆ مانگی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ) وه‌ك چاودێرێكی ره‌وشی میدیایی، به ته‌واوی هه‌ست به پاشگه‌زبوونه‌وه له‌و جۆره بیركردنه‌وه نه‌رێنیه ده‌كه‌م كه سێرچێك به نێو كه‌ناڵه لۆكاڵی و ئاسمانییه‌كاندا ده‌كه‌یت، ده‌بینیت بۆنه‌ی ره‌مه‌زان و بانگدان و وتاری ئایینیی و سروشه ئایینییه‌كانی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان به‌شێكی دانه‌بڕاوه له به‌رنامه‌كانیان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌ناڵ به ته‌واوی ته‌رزی به‌رنامه‌كانی گۆڕیوه و باس باسی ره‌مه‌زانه، جا به باسكردنی راسته‌وخۆی ئه‌و خواپه‌رستیه بێت یاخود گۆڕینی ستایڵی به‌رنامه‌كانیان بێت كه بگونجێت له‌گه‌ڵ مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زاندا.
ئه‌م گۆڕانه له ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه و ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌كان و ستایڵی كاری میدیایی له كه‌ناڵه میدیاییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی هاندان و ده‌ستخۆشییه و پێویسته به‌و كه‌ناڵانه بوترێت ئه‌مه رێگه دروسته‌كه‌یه و میدیا پێویسته ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی بێت نه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر، ئێوه وه‌ك چۆن له‌سه‌ر ساڵی زاینیی و بۆنه‌كانی برا و خوشكانی مه‌سیحی و ئێز‌دی و ئایین و ئاینزاكانی تر ده‌كه‌ونه ئینزاره‌وه و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و بۆنانه ته‌رخان ده‌كه‌ن (كه كارێكی باش ده‌كه‌ن)، به هه‌مان شێوه و زیاتریش لێتان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه بایه‌خ به بۆنه‌ی موسوڵمانانی هه‌رێمی كورستان بده‌ن كه رێژه‌ی 95%ـی هاووڵاتییان پێكده‌هێنن، دواجار میدیا پێویسته ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی خۆی بێت و ئه‌م له ئه‌ستێره‌یه‌ك نه‌بێت و رووداو و بۆنه و بابه‌ته‌كانی خه‌ڵك له ئه‌ستێره‌یه‌كی تر.