ئه‌مساڵیش 8ی مارس هاته‌وه و له بارودۆخێكی ناهه‌موارتر و سه‌ختتر له‌جاران ژنانی كوردستان ئه‌و یاده ده‌كه‌نه‌وه، سه‌ره‌ڕای خه‌باتی بێوچانی ژنان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان هه‌میشه ده‌بنه قوربانی بارودۆخه‌كانی تری وه‌ك سیاسی و جه‌نگ، ئابوری...
ئه‌گه‌ر مێژوی 8ی مارس خه‌بات و قوربانی لێنه‌بڕاوه‌ی ژنان بێت دژ به سته‌م و نایه‌كسانی به‌رامبه‌ر به ژنان، كاتێك له ساڵی 1856 دا به‌هه‌زاران ژن رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كانی نیویۆرك دژ به جیاوازی و بارودۆخی خراپی كاركردن، ئه‌مه وای له‌ده‌سه‌ڵاتداران كرد كه به‌ناچاری كێشه‌ی ژنه كرێكاره‌كان بخه‌نه به‌رنامه‌ی كاره‌وه، له 8ی مارسی 1908 دا به‌هه‌مان شێوه ژنه كرێكاره‌كانی كارگه‌ی رستن خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و به‌دروشمی نان و گوڵ داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی كاته‌كانی كاركردن و مافی ده‌نگدانیانكرد له 1909 یادی ئه‌م رۆژه له ئه‌مه‌ریكا كرایه‌وه، رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش له 1977دا به زۆرینه‌ی ده‌نگی وڵاتان بڕیاریدا ئه‌م رۆژه بكرێته رۆژی جیهانی ژنان وئه‌م رۆژه بوه رۆژی خۆراگری و سور بون له‌سه‌ر داواكاریه‌كانی ژنان .
ئه‌م داواكاریانه نه یه‌كه‌م و نه دوا داواكاری ژنانه، داواكاریه‌كان بۆ نه‌مانی جیاوازی و گه‌شتن به مافه مرۆیی و مه‌ده‌نی و سیاسی و ئابوری و فه‌رهه‌نگیه‌كانی ژنان به پێی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ده‌گۆڕێت و خواست و داواكاریه‌كانی ژنانیش پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و جیاوازیه زۆر‌و زه‌وه‌ندانه‌مان بۆ ده‌رده‌خات له نێوان دو ره‌گه‌زه‌كه‌ی مرۆڤدا كه به‌درێژایی مێژویه‌كی دورو به ئێستاشه‌وه سیستمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خشاندویه‌تی و به‌رده‌وامیش ده‌یه‌وێت بینه‌خشێنێت، داواكاری بۆ گۆڕین و نه‌مانی جیاوازی له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز و سه‌ندنی مافه زه‌وتكراوه‌كان، هه‌ر خودی داواكاری مانای وایه ئه‌و مافه ده‌بێت لایه‌نی تر بۆت دابین بكات، له‌به‌ر ئه‌وه دیسان هه‌ره‌می خێزان وكۆمه‌ڵگه ئاماده‌گی ده‌بێت و سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌ره‌مه دیاری ده‌كات ماف بدرێت یان نا، بێگومان دروستكردنی فشار‌و رای گشتی و یه‌كگرتوی بۆ داواكاریه‌كان كاریگه‌ری بۆ سه‌رئه‌م هه‌ره‌مه ده‌بێت.
داواكاریه‌كان به‌پێی كات و شوێن گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیه‌كاندا، ئه‌م داواكاریانه‌ش ده‌گۆڕێن بۆ نمونه له‌هه‌ندێك وڵات یاسا سه‌روه‌ره پێویست ناكات ئه‌م داواكاریه له‌ئه‌جندای كاردا بێت .
جیاوازیه‌كانیش دیسان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت به‌شداری ژنان له كایه جیاوازه‌كانیشدا وایكردوه ئه‌م جیاوازیه له كایه‌كاندا ره‌نگ بداته‌وه و جیاوازی له‌سه‌ربنه‌مای ره‌گه‌ز له شوێنانه‌ی ژنان به‌ده‌ستیان هێناوه وه‌ك كایه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن... به‌دی ده‌كرێن و ئه‌مه‌ش دیسان پێویستی به‌وه‌یه داواكاری بۆ نه‌مانی جیاوازی درێژه‌ی هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه پێوه‌ری هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌نده به ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادیه‌كان و بارودۆخی ژنان چه‌ند داواكاریه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بن و جێبه‌جێنه‌كرێن كۆمه‌ڵگه له جێی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌و له‌كاروان به جێده‌مێنێت به‌تایبه‌ت ئێستا پێشكه‌وتن و به‌جیهانیبون وایكردوه ئه‌مه زیاتر ره‌نگ بداته‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌شدا هه‌ندێك هه‌لومه‌رج دێنه پێشه‌وه، كه پێویسته تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه به‌گشتی بگۆڕێت وه‌ك به‌شداری به‌رچاوی ژنان له راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كاندا، به‌درێژایی مێژو ژن له‌م روه‌شه‌وه به‌شداری كاریگه‌ری له‌گۆڕینی سیسته‌م و به‌رگری له‌خاكدا هه‌بوه كه ئه‌مه به‌رزترین ئاستی به‌شداری ژنانه.
جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دو ره‌گه‌زه‌كه‌ی كۆمه‌ڵ یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن و یه‌ك پله‌ن، جیاوازی كه‌سێك و كه‌سێكی تر له‌سه‌ر بنه‌مای سیفات و توانایه نه‌ك ره‌گه‌ز تا ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر ببێت و به‌و شێوه‌یه ماف و ئه‌رك دیاری بكرێت.